مهسرور بارزانی: دهمانهوێت له داهاتوویهكی نزیكدا كوردستان لهسهر پێی خۆی بوهستێت
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مهسرور بارزانی، سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان له ئیدارهی گهرمیان رایگهیاند، ئهركی ئهوانه خزمهتی كهسوكاری ئهنفالكراوان بكهن، دهشڵێت: "گهرمیان رووبهڕووی چهندین كارهسات بووهتهوه". دەڵێت:" دهیانهوێت له داهاتوویهكی نزیكدا كوردستان لهسهر پێی خۆی بوهستێت".
مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان له مهراسیمێكدا له كردنهوهی سایلۆی قهزای كهلاری ئیدارهی گهرمیان، رایگهیاند: 126 ملیار دیناریان بۆ ئیدارهی گهرمیان خهرج كردووه.
باسی لهوهشكرد: دهیانهوێت له داهاتوویهكی نزیكدا كوردستان لهسهر پێی خۆی بوهستێت.
مهسرور بارزانی وتیشی: "رێگه نادهین هیچ ناوچهیهك له دهرهوهی دهسهڵاتی حكومهت بێت".
دەقی گوتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشک و برایانی بەڕێز، ئامادەبووانی هێژا، زۆر زۆر بەخێربێن، سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم. زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام. لە دەڤەری گەرمیانی سەربەرز هاتووین بۆ کردنەوەی پرۆژەیەکی دیکەی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گەرمیانەی کە پشکی زێڕی بەرکەوتووە لە قوربانیدان و بەرگریکردن لە خەڵکی کوردستان، ئەو گەرمیانەی کە خاوەن هەزاران شەهیدە و رووبەڕووی کارەساتی کۆمەڵکوژی و جینۆساید و ئەنفال بووەتەوە. بۆیە ئەرکی هەموومانە کە خزمەتی کەسوکاری بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان بکەین، خزمەتی حکومەتە بەبێ جیاوازی لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا خزمەتگوزاری بکات.
ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆئەوەی ئەم پرۆژە ستراتیژییە بکەینەوە کە بەشێکە لە ستراتیژییەتی حکومەت بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز لە کوردستاندا. ئێمە گرنگییەکی زۆرمانداوە بە دروستکردنی سایلۆ و کۆگا بۆئەوەی بەرهەمی جووتیارانی ئێمە وەربگرنەوە و جووتیارانمان چیدیکە لە خەمی ئەوەدا نەبن بزانن بەرهەمەکانیان چییان لێدێت. ئەمە ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان دابیندەکات و وادەکات ببێتە ژێرخانێک بۆئەوەی کەرتەکانی دیکەی ئابووری لە کوردستاندا پێشبکەون. هەروەک دەزانن کشتوکاڵ بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پێشخستنی ئابووریی هەر وڵاتێک.
ئەگەر کشتوکاڵ پێشبکەوێت و بەرهەمەکان زیادببن، بێگومان پیشەسازی و بازرگانییش لە وڵاتدا دەبووژێتەوە، بۆیە ئێمە گرنگیمان بەم ستراتیژییە داوە، لە ستراتیژییەتی حکومەتیش ئەوە بووە کە ئێمە زیاتر بیر لە پرۆژە گەورەکان بکەینەوە تاوەکو لە داهاتوویەکی نزیکدا کوردستان بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و سەرچاوەکانی داهات لە کوردستان هەمەجۆر بکرێت.
ئێمە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە گرنگییەکی زۆرمان داوە بەم دەڤەرە، بۆئەوەی بتوانین تاڕاددەیەکی کەمیش بێت لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا بتوانین قەرەبووی ئەو هەموو زەحمەت و قوربانیدانەی خەڵکی گەرمیانی خۆشەویست بدەینەوە، ئێمە دەزانین کە گەرمیان بە چی نەهامەت و زەحمەتێکدا تێپەڕیوە. گەرمیان هەمیشە پێشەنگ بووە لەوەی کە بەرگری لە خاکی کوردستان بکات. هەمیشەش لە ریزی پێشەوە بووە کە شاڵاوی هێرشکردنی سەر کوردستان هاتووەتە هەرێم، گەرمیان پێش هەموویان بەرکەوتووە، بەڵام خۆڕاگری و قارەمانێتیی خەڵکی ئەم دەڤەرە وایکردووە کە هەموومان پێتان سەربەرز بین و ئێستاش خۆمان بە قەرزدارتان بزانین.
ئێمە لە حکومەت بۆئەوەی بتوانین خزمەتێکی باشتری ئەم دەڤەرە بکەین، لە سەرەتاوە بە بڕی 126 ملیار دینار پارەمان تەرخانکردووە بۆ چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر و ستراتیژی لەم دەڤەرە، یەکێک لەوانەش دروستکردنی ئەم سایلۆ و کۆگایەیە کە ئێستا دەیبینن و دوای ماوەیەکی دیکە ئیشەڵڵا بە فەرمی دەیکەینەوە بۆئەوەی بکەوێتە خزمەتی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
