ئێران: لە نێوان ئێمە و هەرێمی کوردستاندا رێککەوتن هەیە بۆ رێگری لەحزبە ڕۆژهەڵاتیەكان

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

جێگری سەرۆکی نووسینگەی سیاسیی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند: " لە نێوان ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێککەوتنێک هەیە کە رێگری لە چالاکی ئەو گرووپانە بکرێ".

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، رەسوڵ سەنایی راد، جێگری سەرۆکی نووسینگەی سیاسی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند: "لە نێوان کۆماری ئیسلامی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێککەوتنێک هەیە کە رێگری لە چالاکی ئەو گرووپانە بکرێ، بەڵام سەرەڕای ئەوە بنکەیان داناوە و دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەجوڵێنەوە و لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و دوژمنانی ئێمە پەیوەندییان هەیە".

رەسوڵ سەنایی راد باسی ئەزموونی رێکخراوی موجاهدینی خەڵقی لە عێراق کردووە و دەڵێت: "ئارامگرتنی ستراتژی ئێران کۆتایی هاتووە و دروستکردنی نائەمنی لەلایەن ئەو حزیبانەوە زەمینە بۆ دەرکردنیان و چەککردنیان دەڕەخسێنێت".

دوو هەفتە لەمەبەریش ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران، لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای ورمێ وتی: بەپێی رێککەوتنی نێوان ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی چەک بکرێن و دەربکرێن. 

ریکخراوی موجاهدینی خەڵق هێزێکی سیاسی – چەکداریی دژبەری کۆماری ئیسلامی بوو کە بنکەی لە عێراقدا هەبوو، بەڵام دوای رووخانی رژێمی بەعسی عێراق چەککران و دواتریش ناچار کران عێراق جێبێڵن و لە ئاڵبانیا جێگیر بن.

حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیدەکەنەوە هەڕەشە بن بۆ سەر ئاسایشی ئێران و هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئێران. ئەوان دەڵێن، نزیکەی سێ دەیەیە رەچاوی بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

بەرپرسانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵین، کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوخۆدا لەگەڵ قەیران بەرەوڕووە و بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی لە قەیرانەکان، هەڕەشە لەوان دەکات و گوشار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دێنێت.

ئەمساڵ زۆر جاران بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئێران هەڕەشەیان لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری باڵای سەربازیی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران رۆژی 0601-2021 لەبارەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، هۆشداریی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دا و وتی، "نابێت هیچ چەکدارێکی" دژبەر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا هەبێت" کە بیەوێ ئاسایشی سنوورەکان تێکبدات.

ئەمساڵ و ساڵانی رابردووش زۆر جاران کۆماری ئیسلامی ئێران بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە شوێنە جیاوازەکان بۆردوومانکردووە.

ناڕەزایەتی ئێران بە بوونی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بە بەرزترین بەرپرسانی عێراقیش راگەیەنراوە. عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رۆژی 12-9-2021 لە کۆبوونەوە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای "چەککردن و دەرکردنی بەپەلەی" ئەو حیزبانەی لە هەرێمی کوردستان کردبوو.

ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم هەڕەشە و داواکارییانە بە "زیادەڕۆیی" لە قەڵەم داوە و داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە سنوورێکی بۆ دابنرێت.

ناوەندی هاوکاری پێشتر گوتبووی: کۆماری ئیسلامی بەم بیانووەوە دەیەوێت بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی ناوچەکە و دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاران، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار