وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم كرێی خوێندنی كه‌مكرده‌وه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵای هەرێم ڕایگەیاند فه‌رمانێكی ده‌ركرد و رایگه‌یاند كه‌ بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان، کرێی‌ خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حکومی‌ و تایبەتەکان کەمدەکاتەوە.   

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، بەئیمزای‌ د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوو فەرمانی‌ جیا ده‌ركراو و تیایدا بڕیاردراوه‌ بە کەمکردنەوەی‌ کرێی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان و تایبەتەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان.  

وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ بڕیاریداوه‌ كه‌ کرێی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی‌ کوردستان بەڕێژەی‌ (٤٥%) لەگشت قۆناغەکانی‌ خوێندنی‌ بەرایی‌ و خوێندنی‌ باڵا (پارالێل - ئێواران)، هەروەها کرێی‌ خوێندنی‌ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێی‌ ئەنجامەکانی‌ ڕێزبەندی‌ نیشتیمانی‌، بەڕێژەی‌ (١٠ بۆ ٢٠ %) بۆ سەرجەم قۆناغەکانی‌ خوێندن کەمکردەوە.  

لە لێدوانێکدا وەزیری‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ ڕایگەیاند: هەرێمی‌ کوردستان بە بارودۆخێکی‌ تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان ڕەچاوی‌ بارو گوزەرانی‌ دارایی‌ خەڵکی‌ خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلی‌ خوێندن بۆ هەموان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتی‌: بۆ ئەوەی‌ روحیەتی‌ کێبڕکێی‌ زانستی‌ لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنی‌ باوردۆخی‌ هاوڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەی‌ کرێی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی‌ و تایبەتەکان.  

وتیشی: ئامانجی‌ وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەی‌ کرێی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە لەبەر چاوگرتنی‌ باری‌ دارایی‌ هاوڵاتیانی‌ کوردستان و ڕەخساندنی‌ هەلی‌ زیاتری‌ خوێندن و پەرەپێدانی‌ تواناکانی‌ گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان.  

کەمکردنەوەی‌ کرێی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی‌ و تایبەتەکان بەم شێوەیە دەبێت:  

زانکۆ حکومییەکان:  

داشکانی‌ ڕێژەی‌ (٤٥%) لە کرێی‌ خوێندنی‌ (پارالێل) و (ئێواران)ی‌ گشت قۆناغەکانی‌ خوێندنی‌ بەرایی‌ و خوێندنی‌ باڵا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دامودەزگاکانی‌ تری‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ بۆ ساڵی‌ خوێندنی‌ (٢٠٢١-٢٠٢٢).  

زانکۆ تایبەتەکان:  

بەپێی‌ ئەنجامەکانی‌ ڕێزبەندی‌ نیشتیمانی‌ زانکۆکانی‌ کوردستان دەبێت بەم شێوەی‌ خوارەوە:  

- ئەو زانکۆیانەی‌ دەکەونە گروپی‌ B، بەڕێژەی‌ (١٠%) کرێی‌ خوێندن کەمدەکرێتەوە.  

- ئەو زانکۆیانەی‌ دەکەونە گروپی‌ C، بەڕێژەی‌ (١٥%) کرێی‌ خوێندن کەمدەکرێتەوە.  

- ئەو زانکۆیانەی‌ دەکەونە گروپی‌ D، بەڕێژەی‌ (٢٠%) کرێی‌ خوێندن کەمدەکرێتەوە.  

- سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەی‌ (٢٠%) کرێی‌ خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار