وەزارەتی کارەبا: كارەبای نیشتیمانی كرایە 24 كاتژمێری

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ هاونیشتمانیان، بنكەكانی دەنگدان و ئۆفیسەكانی كۆمسیۆن، لە ڕۆژی هەینی (2021/10/8) تا رۆژی دووشەم (2021/10/12) کارەبای بەردەوام دەدرێتە هاوڵاتیان.
ئەمڕۆ پێنجشهممه 7ی تشرینی یهكهمی 2021، وەزارەتی کارەبا لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ هاونیشتمانیان و بنكەكانی دەنگدان و ئۆفیسەكانی كۆمسیۆن؛ تەواویی تواناكانی دەخاتەگەڕ بۆ دابینكردنی كارەبایەكی بەردەوام لە ڕۆژی هەینی (2021/10/8) تا رۆژی دووشەم (2021/10/12)."
ئەوەش هاتووە، هاوكات لەپێناو نەبچرانی كارەبا و سەلامەتیی كارمەندانی كارەبا كاركردن لە پرۆژەی بەستنی پێوەری زیرەك لەو ماوەیەدا رادەگیرێت.
رۆژی یەکشەممەی داهاتو 10ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 24 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە بۆ هەڵبژاردنی 329 کورسی پەرلەمان، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەگوێرەی چەند رێنماییەک پێداویستییەکانی رۆژی دەنگدان بۆ هاوڵاتیان دەخاتەڕو.
