ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌ستیپێكرد

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە سەرتاسەری عێراق پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌ستیپێكردو ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان به‌ روی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئاواره‌ و زیندانیكراوه‌كاندا كرانه‌وه.

کاتژمێر 7:00ی بەیانی ئەمرۆ هەینی، لە سەرتاسەری عێراق پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌ستیپێكردو ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان به‌ روی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئاواره‌ و زیندانیكراوه‌كاندا كرانه‌وه.

ئەمرۆ هەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021، سیروان محەمەد بەڕێوەبەری بنکەی عەنکاوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، "ئەمرۆ ئەنجامی دەنگدانی تایبەت ئاشکرا ناکرێت"، دەربارەی نەبوونی ناوی هێزە ئەمنییەکان لە بنکەکانی دەنگدان دەڵێت، "گرفتەکە تەکنیکییە پێدەچێت لە بنکەیەکی دیکە ناوی هەمان کەس هەبێت کە مافی دەنگدانی هەیە".

سەبارەت بو درێژکردنەوەی ماوەی دەنگدان، ئاماژەی بەوەکرد، " لە کاتژمێر 7:00ی بەیانییەوە پرۆسەی دەنگدان بە کارابوونی ئامێری دەنگدان دەستیپێکردووە کاتژمێر 6:00ی ئێوارە ڕاستەوخۆ ئامێرەکان ناکارا ئەبن و هیچ ماوەیەک درێژناکرێتەوە".

ژمارەی ئەو بنکە و وێستگانەی بۆ دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراون 181 بنکەیە، 121 بنکەیان تایبەتن بە هێزە ئەمنییەکان کە لە 534 وێستگەی دەنگدان پێکدێن؛ ژمارەی بنکەکانی تایبەت بە دەنگدانی ئاوارەکان 60 بنکەن، کە لە 257 وێستگەی دەنگدان پێکدێن، لەگەڵ دوو وێستگەی دیکەی تایبەت بە سزادراوان لە دهۆک و سلێمانی.

پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەسە، کە لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن.

بۆ ده‌نگدانی تایبه‌ت لە سەرتاسەری عێراقدا ملیۆنێک و 556 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش 185 هەزار و 972 دەنگدەر لە هەرێمی کوردستانە كه‌ 68 هەزار و 486 دەنگدەر له‌ سلێمانی 69 هەزار و 444 دەنگدەر له‌ هه‌ولێر و 48 هەزار و 605 دەنگدەریش له‌ دهۆكن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار