سەرۆکی کۆمسیۆن: هیچ ئامێرێکی دەنگدان لە کار نەکەوتووە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند هیچ ئامێرێکی دەنگدان لە کاتی دەنگدانی تایبەت لە کار نەکەوتووە و هەڵبژاردنیش بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت.

جەلیل عەدنان خەلەف، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی بنکەیەکی دەنگدانی کرد لە بەغدا رایگەیاند: "هیچ گوشارێك لەسەر دەنگدەران نییە و ئەگەر هەشبن ئەوا ئێوە بەر لە من ئاگاتان لێ دەبێت. بەڵام بە دڵنیاییەوە هیچ کێشە و گوشارێك نییە و سەرجەم رێکخەران و بەرپرسانی ناوەندەکانی دەنگدان لێرەن".

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وتیشی: "لە حەوتی بەیانییەوە تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان لێرەن و بارودۆخ سەقامگیرە و سەرجەم وێستگەکان کراوەن و هیچ کێشەیەکمان نییە. پشت بە خودا هەڵبژاردنێک بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدەدەین".

جەلیل عەدنان خەلەف رەتیکردەوە هیچ ئامێرێکی دەنگدان لە کارکەوتبن و وتی: "هیچ ئامێرێک لە ئامێرەکانی دەنگدان پەکی نەکەوتووە و کێشەیان تێدا نییە و پرۆسەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بەسرەیە".

کاتژمێر 7:00ی بەیانی ئەمرۆ هەینی، لە سەرتاسەری عێراق پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌ستیپێكردو ناوه‌نده‌كانی ده‌نگدان به‌ روی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و ئاواره‌ و زیندانیكراوه‌كاندا كرانه‌وه.

بۆ ده‌نگدانی تایبه‌ت لە سەرتاسەری عێراقدا ملیۆنێک و 556 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش 185 هەزار و 972 دەنگدەر لە هەرێمی کوردستانە كه‌ 68 هەزار و 486 دەنگدەر له‌ سلێمانی 69 هەزار و 444 دەنگدەر له‌ هه‌ولێر و 48 هەزار و 605 دەنگدەریش له‌ دهۆكن.

پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەسە، کە لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار