نەتەوە یەکگرتووەکان: پێویستە عێراقییەکان بە متمانەوە بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نووسینگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق - یونامی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە عێراقییەکان لە کەشێکی "خاڵی لە پاڵەپەستۆ و تۆقاندن و هەڕەشە" بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن.
ئەمرۆ هەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021،نووسینگەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق بەبۆنەی بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە رۆژی هەڵبژاردندا، پێویستە عێراقییەکان بە متمانەوە و بە دڵی خۆیان دەنگ بدەن لە کەش و هەوایەکی خاڵی له پاڵەپەستۆ و تۆقاندن و هەڕەشە".
هەر لەو پەیامەی یونامیدا هاتووە، "دووبارە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە رێز لە ئازادیی هەموو عێراقییەکان بگرن لە دەنگدانیان بۆ ئەو نوێنەرانەی کە خۆیان هەڵیاندەبژێرن".
بڕیارە ئەمڕۆ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی دهۆک بکات. خالید عەباس، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دھۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دھۆک تاوەکو ئێستا ھیچ کێشەیەک دروستنەبووە و بڕیارە جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی پارێزگای دھۆک بکات و چاودێریی پرۆسەی دەنگدان بکات".
لە تەواوی عێراق، یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە. هەروەها لە زیندانەکاندا، 671 کەس ئەو مافەیان هەیە. ئەو ئاوارانەشی کە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تۆمارکراون و مافی دەنگدانیان هەیە، لە 17 پارێزگا دەنگ دەدەن و ژمارەیان 120 هەزار و 126 کەسە و زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانن.
لەو ژمارە لە هێزە تایبەتەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن. بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "هەموو رێوشوێنەکان بۆ دەنگدانێکی ئارام گیراونەتەبەر و هیوادارین زۆرترین کەس بەشداریی دەنگدانی تایبەت و گشتی بکەن".
