مستەفا کازمی پەیامێک بڵاودەکاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاودەکاتەوە و چاوەڕێ دەکرێت پەیامەکەی لەبارەی هەڵبژاردنەکان، بەشداری هاوڵاتیان، جێبەجێکردنی کارنامەکانی حکومەت و قۆناغی داهاتووی دوای هەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەم بۆچوونی خۆی بۆ رایگشتی بخاتەڕوو.
ئەمرۆ هەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021، موشریق عەباس، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەهەژماری فەرمی خۆی لەتوڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران پەیامێکی "گرنگ و راشکاو" ئاڕاستەی گەلانی عێراق دەکات.
دوێنێش مستەفا کازمی لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر باسی لەوەکردبو، "ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران كۆتایی بەم خولە هێنا بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەم. هەڵبژاردن ڕێڕەوی بەرهەمهێنانی ئەنجومەنێكی نوێی نوێنەرانە بۆ پاراستنی وڵات و دەوڵەت."
ئاماژەی بەوەشکردبوو، "ئازادانە ئەوانە هەڵبژێرن كە لە سۆنگەی بەها نیشتمانییەكانەوە نوێنەرتان دەبن و گۆڕانكاری دروست بكەن."
رۆژی یەکشەممەی داهاتو 10ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 24 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە بۆ هەڵبژاردنی 329 کورسی پەرلەمان.
کاتژمێر 7:00ی ئەمرۆ هەینی، لە سەرتاسەری عێراق پرۆسهی دهنگدانی تایبهت دهستیپێكردو ناوهندهكانی دهنگدان به رووی هێزه ئهمنییهكان و ئاواره و زیندانیكراوهكاندا كرانهوه.
لە تەواوی عێراق، یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە. هەروەها لە زیندانەکاندا، 671 کەس ئەو مافەیان هەیە. ئەو ئاوارانەشی کە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تۆمارکراون و مافی دەنگدانیان هەیە، لە 17 پارێزگا دەنگ دەدەن و ژمارەیان 120 هەزار و 126 کەسە و زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانن.
