حکومەتی هەرێم: رێز لە کاری میدیاکاران بگرن و هاوکارییان بکەن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی روماڵی میدیاکانەوە داوایەکی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان کرد و داوا دەکات، "رێز لە کاری میدیاکاران بگرن و هاوکارییان بکەن لە چوارچێوەی رێنوێنییەکانی کۆمیسیۆن".
ئەمرۆ هەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021، لە راگەیێندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "لە 10ی ئوکتۆبەر 2021 پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆنگەی بڕوابوونی بە رۆڵی گرنگی میدیا لە چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و رووماڵکردنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە، داوا لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی دەکات رێز لە كاری میدیاكاران بگرن و ھاوکارییان بکەن و لە چوارچێوەی رێنوێنییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان مامەڵە لەگەڵ تیمەكانی راگەیاندن بكەن".
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات، لە قۆناغەكانی دەنگدانی تایبەت و گشتی و جیاكردنەوەی دەنگەكانیش، زەمینە خۆش بكرێت تاوەکو میدیاكارانی ناوخۆ و دەرەوە بە شێوەیەكی ئازادانە و پیشەییانە كارەكانیان ئەنجام بدەن.
هاوکات داواش لە میدیا و رۆژنامەنووسان دەکات، "لە چوارچێوەی هەمان رێنوێنی هەڵسوكەوت بكەن و رێز لە ئەركی ئەو هێزانە بگرن كە بۆ پاراستن و سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەقامگیری و ئارامی لە ئەركدان".
ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.
