روداوێکی هاتووچۆ لە کەرکوک؛ 37 پۆلیس بوونە قوربانی

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەسەر رێگەی کەرکووک - حەویجە بەھۆی روداوێکی ھاتوچۆوە 37 پۆلیسی فیدراڵی بوونە قوربانی، بەرپرسی فەرمانگەی گەیاندن و راگەیاندنی کەرکووک دەڵێت، دوو پۆلیس گیانیان لەدەستدا و 35ی دیکەش برینداربوون.
لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک - حەویجە و لە نزیک یەکبڕی ریاز، رووداوێکی ھاتووچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و کۆستەرێکدا روویدا و بەھۆیەوە 29 کەس برینداربوون و گیانیان لەدەستدا.
قوربانییەکان پۆلیسی لیوای ھەشتی فیرقەی پێنجن و لەکاتی گەڕانەوەیان لە بنکەکانی دەنگدانەوە بۆ بارەگای لیوا تووشی ئەو رووداوە ھاتوون.
ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن.
