ئێران سەماکەرانی ئینستاگرام دەستگیردەکات

ئێرانیەکان شەڕی هاشتاگ لەگەڵ حکومەت دەستپێدەکەن دوای ئەوەی تۆمەتی «بەدڕەوشتی» خستەپاڵیان.

مایدە هۆژابر

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

«کچێکی هەرزەکار لەسەر تەلەفزیۆنی حکومی ئێران دانیشتوە و بەدەم گریانەوە دانپێدانە هەڵبەستراوەکەی ڕادەگەیەنێت. تاوانەکەی چیە؟ لە ژورەکەی خۆیدا و بە دەم گۆرانیەکی ڕۆژئاواییەوە سەمای کردوە و خستویەتیە ئەکاونتەکەیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام.»

ئەمە وتەی نازەنین بونیادیی ئەکتەر و چالاکوانی ئێرانیە بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی کە چیرۆکی مایدە هۆژابر، تەمەن ١٩ ساڵان دەگێڕێتەوە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە بەرنامەی «ڕێگای هەڵە»ی تەلەفزیۆنی حکومیدا دەرکەوت و لە لایەن خێزان و هەوادارەکانیەوە ناسرایەوە. ئەو لە مانگی پێنجدا لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرابوو و دواتر تا کاتی دەرکەوتنی بێسەروشوێن بوو.

مایدە تەنها کچ نیە کە لەسەر تۆمەتی «بەدڕەوشتی» لە لایەن دەسەڵاتەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرابێت. لە هەڵمەتێکی ئەم دواییانەدا زیاد لە دەیان کەس لە مۆدێلی ئینستاگرامەوە تا خاوەنی ساڵۆنی جوانکاریەکان کە سۆشیاڵ میدیایان بەکارهێناوە بۆ بڵاوکردنەوەی کارەکانیان دەستگیرکراون.

بەپێی وتەی ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران، زیاد لە ٤٠ کەس کە بە لایەنی کەمەوە هەشتیان مێینەن لە شاری مینایی بەندەر عەباس دەستبەسەرن، بە وتەی پۆلیسی ڕژێمی ئیسلامی «ئەم کارانە ئاکاری گشتی دەشێوێنن و دژە کلتورن.»

دوابەدوای دەستگیرکردنی مایدە و دەرکەوتنی لە شاشەی تەلەفزیۆن، شۆڕشێکی سۆشیاڵ میدیا لە ئێران دەستیپێکردوە و بە هاشتاگی #برقص_تا_برقصیم (سهماکه تا سهمابکهین) ئێرانیەکان لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران ڤیدیۆی سەماکردنی خۆیان بڵاو دەکەنەوە.

پۆلیسی ڕژێمی ئێرانی هۆشداری دەدات کە دەستگیرکردن و داخستنی ئەکاونتی ئەو کەسە بەرهەڵستکارانە بەردەوام دەبێت و گەر کۆنترۆڵ نەبێت ئەوا بیر لە بلۆککردنی ماڵپەڕی ئینستاگرام دەکەنەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئیندیپێندەنتی بەریتانی لە دوای شۆڕشی ئێرانیی ١٩٧٩ و بە یاساکردنی سەپاندنی باڵاپۆشی ئەوانەی پابەند نەبون بەم یاسایە ڕەچاوی سزای جیاواز بونەتەوە لە سزای دارایی (٢٥دۆلار)ەوە تا زیندانی کردن.

لەسەرەتای ئەمساڵیشدا دژی سەپاندنی باڵاپۆشی بە دەیان ژن لە تاران هاتنە سەر شەقام و سەرپۆشەکانیان فڕێدا. لە مانگی شوباتدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە پۆلیسی ڕژێمی ئیسلامی هۆشداریداوە کە ئەو ژنانەی لەو خۆپیشاندانەدا بەشداربن ڕووبەڕووی 10 ساڵ زیندانیکردن بکرێنەوە.

شەپارەک شاجەریزادە کە یەکێک بوە لە دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکە بە ڕێکخراوەکەی وتوە کە لە زینداندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوەتەوە و لە زیندانی تاکە کەسی بوە. هەروەها وتویەتی کە چەندین جار دژ بە ویستی خۆی دەرزی لێدراوە بێ ئەوەی بزانێت دەرزیەکان چیبون.

نازەنین بونیادی، کە هاوکات ئەکتەر و چالاکوانە لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت کە ژنانی ئێران سادەترین مافەکانیان نیە و هەندێک جار ژنان خۆیان وەک پیاوان دەگۆڕن بۆ ئەوەی بچنە یاریگا وەرزشیەکانەوە چونکە لە لایەن ڕژێمەوە ڕێگەی ئەوەشیان پێ نادرێت، دەڵێت «دەستگیرکردنی مایدە ئەوەی نیشاندا کە ئێران مافی دەربڕینی تاکەکەسیی ناسیاسیش نادات، ئەمە مافێکی سەرەتایی و سەرتاسەریی مرۆڤە.»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار