‌جەنگی ئێران‌و ئیسرائیل لەئازەربایجان

ئازەرباینجان كۆنترۆڵی ئەو رێگایانەی كردووە كەئێران و ئەرمینیا پێكەوە دەبەستێتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

پەیوەندییەكانی ئێران و ئازەربایجان تەمەنیان لەسەدەیەك زیاترە، بەڵام قەرەباغ و ئیسرائیل و توركیا پەیوندیی دۆستانەی ئەو دوو وڵاتە بەرەو دوژمنایەتی بردووە و دوور نییە نمایشی سەربازیی ئێران بۆ جەنگ لەدژی باكۆ بگۆڕدرێت.

ئێران لەئێستادا دەستیكردوە بە نمایش و مانۆڕی سەربازیی لەسنورەكانی ئازەربایجان و سەرۆكی ئازەربایجانیش دەڵێت (30) ساڵە هەڵسوكەوتی لەو جۆرە لەتاران بەدی نەكراوە بەرامبەر باكۆو ئەوەش مایەی نیگەرانییە.

پێگەیەكی هەواڵگریی ئیسرائیل ئاشكرای كردووە كە بنكەیەكی نهێنی دروستكردنی موشەك لەئێران كراوەتە ئامانج كە زیانێكی زۆری پێگەیشتووە و سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێیوایە ئەو بنكە موشەكییە لەخاكی ئازەربایجانەوە كراوەتە ئامانج، چونكە ئیسرائیل ماوەی چەند ساڵێكە خاكی ئازەربایجان دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بەكاردەهێنێت.

هاوپەیمانیی نێوان توركیا، پاكستان و ئازەربایجان و ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی (سێ برا) و بوونی بنكەی سەربازیی ئیسرائیل و جێگیربوونی چەكدارانی داعش لەسنوورەكانی نێوان ئازەربایجان و ئێران، وای كردووە سوپای ئێران نمایشە سەربازییەكی وەك جەنگ لەدژی جولەكە ناوزەد بكات.

هەروەها لەگەڵ ئەو نمایشە سەربازییەش دانانی سێ مەسینە بە رەنگی ئاڵای ئێران لەبەردەم باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەباكۆ توڕەیی تارانی لێدەكەوێتەوە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دۆست و دراوسێیەی بەرەو ئاڵۆزیی بردووە.

ئێران بۆ لەدۆستەوە دەبێتە دوژمنی ئازەربایجان

ئێران و ئازەربایجان زیاتر لە (432) كیلۆمەتر سنوری هاوبەشیان هەیەو ژمارەی دانیشتوانی ئازەربایجان كە زۆرینەیان تورك زمانن و (85%)یان شیعەن لە رووی كۆمەڵایەتی و كەلتورییەوە پەیوەندییەكی قوڵیان هەیە لەگەڵ هاووڵاتیانی تورك لەئێران كە ژمارەیان دەگاتە نزیكەی (15) ملیۆن كەس.

ئەوانیش هاوشێوەی ئازەرییەكان زۆرینەیان شیعەن و تەنانەت رەچەڵەكی خۆیان بە ئازەری دەزانن بەتایبەت كە ئازەربایجان دوو سەدە پێش ئێستا بەشێك بووە لەخاكی ئێران، بۆیە زۆر ئاساییە پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە دۆستانە بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە كە وڵاتێكی وەك ئیسرائیل بۆ بكرێتە بیانوی سەرەكیی تێكچونی پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە، دۆستایەتیی (200)ساڵە بۆ دوژمنایەتیی بگۆڕدرێت.

ئیسرائیل ساڵی (2019) رێككەوتنێكی سەربازیی، ئەمنیی و هەواڵگریی بە رەسمی لەگەڵ كۆماری ئازەربایجان ئیمزا دەكات و ئەوەش كۆماری ئیسلامی ئێران نیگەران دەكات.

لەلایەكی دیكەوە سایتی ویكی لیكس ئاشكرای دەكات كە لەساڵی (2009) ئیسرائیل رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆماری ئازەربایجان كردووە كە بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت باكۆ لەبەرەی جەنگ لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت و پابەند بێت بە رێككەوتنەكەوە.

لەگەڵ ئیسرائیل وڵاتی توركیاش لەجەنگی قەرەباغ دژی ئەرمینیا پشتیوانیی خۆی بۆ ئازەربایجان راگەیاندو ئەوەیش بەواتەی ئەوە دێت كە ركابەرە دێرینیەكەی ئێران جیاواز لەكۆماری ئیسلامی بەبێ گوێدانە ئایین پشتیوانیی لەئازەرییە توركەكان دەكات، بۆیە پەیوەندیی و ململانێ مێژووییەكانی توركیا و ئێران پێچەوانەی رابردوی عوسمانییەكان و سەفەوییەكان، ئەمجارە لەسەر بنەمای نەتەوەو رەچەڵەك خۆی لەئازەربایجان دەردەخات نەوەك ئایین و مەزهەب.

هەستیاریی ئێران بەرامبەر بەتوركیا لەپشتیوانیی ئازەربایجان بە رادەیەكە كە خوێندنەوەی هۆنراوەی شاعیرێكی ئێرانی سەبارەت بە رووباری ئاراس  لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ پشتیوانی لە ئازەربایجان لەدەستبەسەرداگرتنی ناوچەی قەرەباغ بووە مایەی كاردانەوەی توندی ئێران و دواتر دەركەوت ئەردۆغان هۆنراوەكەی بەهەڵە خوێندوەتەوەو تەنانەت ئێرانیش كەوتبووە هەڵەوە كە بەشێك لەو هۆنراوە پەیوەندیی تەنها بەو شاعیرەی ئێرانەوە نەبووە كە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناوی هێناوە.

مانۆڕەكەی ئێران جەنگە لەدژی ئیسرائیل

سوپای رەسمیی ئێران (ئەرتەش) و هێزە چەكدارەكانی دیكەی ئێران لە رۆژی هەینی (1/10/2021) نمایشێكی سەربازیی گەورەیان بەناوی (سەركەوتووانی خەیبەر) دەستی پێكرد كە ئەو ناوە رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی سوپای موسوڵمانان لەدژی جولەكەكان لەساڵی حەوتەمی كۆچی لەخەیبەر، چونكە خەیبەر ببووە چەقی پیلانی جولەكەكان دژی موسوڵمانان و هەر بەم هۆیە لەلایەن سوپای موسوڵمانانەوە دەستی بەسەرداگیرا، بۆیە ئەو مانۆڕە سەربازییەی ئێران بەو ناوەوە ئاماژەیەكی روونە كە بۆ دژایەتیی ئیسرائیلە.

كەیومەرس حەیدەری، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای ئێران لەلێدوانێكدا لەگەڵ دەستپێكردنی مانۆڕی سەركەوتووانی خەیبەر رایگەیاند پەیامی ئێران لەئەنجامدانی ئەو مانۆڕە لەسنورەكانی باكوری رۆژئاوای وڵاتەكە روونە و پێویستە چەك و كەرەستە نوێیەكان تاقی بكەینەوە.

 ئیلهام عەلێڤ، سەرۆك كۆماری ئازەربایجان ئەو مانۆڕەی بەنامۆ و مەترسیدار ناوبردو رایگەیاند:» ئێران دوای (30) ساڵ بیری كەوتووەتەوە مانۆڕی سەربازیی لەسنوری ئازەربایجان ئەنجام بدات، بۆیە ئەو مانۆڕە جێی گومان و نیگەرانیی ئێمەیە».

گروپی ئیمەیج سات ئینتێل (imagesatintl) كە تایبەتە بەزانیاریی ئاسمانی و هەواڵگریی وڵاتی ئیسرائیل ژمارەیەك وێنەی مانگی دەستكردی لەبنكەیەكی موشەكی ئێرانی بڵاوكردوەتەوە كە بەشێكی بەتەواوەتی لەناوچوە و ئاشكرای كردووە ئەو بنكەیە شوێنی دروستكردنی موشەكی بالیستی سوپای پاسدارانی ئێران بووە و لەلایەن ئیسرائیلەوە كراوەتە ئامانج و یەك لەسەر چواری ئەو شوێنە وێران بووە.

 هاوكات میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە ئەو شوێنە ناوەندێكی تایبەت بە تووێژینەوە و لێكۆڵینەوەی پیشەسازی و تەكنەلۆژیای سوپای پاسداران بەناوی (شەهید هیمەت) بووە كە بەهۆی ئاگركەوتنەوەوە دوو كەس تێیدا كوژراون.

لەساڵی (2019) ئەو بنكەیە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا بەهۆی بەرنامەی موشەكیی ئێرانەوە خستبووە لیستی سزادانەوە.

ئێران گومانی هەیە ئەو هێرشە لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئەو بنكە موشەكییە ئەنجامدرابێت كە ماوەی چەند ساڵێكە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئیسرائیل لەخاكی ئازەربایجانەوە بەرەو خاكی ئێران دەفڕن و چاودێریی جموجۆڵە سەربازییەكانی ئێران دەكەن.

باج و گومرگ ئێران تووڕە دەكات

بەپێی زانیارییەكان دوای ئەوەی ساڵی رابردو ئازەربایجان توانی دەست بەسەر ناوچەی قەرەباغدا بگرێت ئاگربەستی لەگەڵ ئەرمینیا راگەیاند، بەڵام ئازەربایجان ژمارەی چەك و سەربازەكانی خۆی لەسنوری ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد كردووە و ئەو رێگە سەرەكییەی كە ئێران و ئەرمینیا پێكەوە گرێ دەداتەوەو نزیكەی (21) كیلۆمەترە كەوتووەتە دەست ئازربایجان و سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە ئێرانیانەی كە كاڵا و شتومەك بۆ ئەرمینیا دەگوازنەوە دەبێت بەو رێگایەدا تێپەڕن و لەمانگی رابردووشەوە حكومەتی ئازەربایجان باج و گومرگی بۆ هەر بارهەڵگرێك لە (100) دۆلار بۆ (150) دۆلار زیاد كردووە.

ئیلهام عەلێڤ بەئاژانسی هەواڵی (ئەنەدۆڵ)ی توركیای راگەیاندووە زیاتر لە (60) بارهەڵگری ئێرانی بەشێوەیەكی نایاسایی چوونەتە ناوچەی قەرەباغ و باج و گومرگیان رادەستی حكومەتی ئازەربایجان نەكردووە، بۆیە پێویستە ئەوان لەوە تێبگەن بە خاكی هەر وڵاتێكدا تێپەڕ ببن دەبێت باج و گومرگ بدەن.

دوای ئەوەی ئازەربایجان لەمانگی هەشتی ئەمساڵدا رایگەیاند لەسنوری نێوان ئەرمینیا و ئێران سەربازێكی وڵاتەكەیان لەلایەن سەربازێكی ئەرمینیاوە بریندار كراوە باكۆ رێگای (گوریس قاپان) لەسنورەكانی خۆی بەڕووی بارهەڵگرو پاسە گەشتیارییەكانی ئێران كەدەیانویست بڕۆنە ئەرمینیا داخست و دوو شۆفێری ئێرانیی بەتۆمەتی سەرپێچی لەبڕیارەكە دەستگیركرد، ئەوەش ناڕەزایەتیی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێكەوتەوە داوای ئازادكردنی ئەو دوو شۆفێرە ئێرانییە كرا كە تائێستاش ئازاد نەكراون لەزیندانێكی باكۆ دەستبەسەرن.

رێگای گوریس قاپان  كە نزیكەی (21) كیلۆمەترە دەكەوێتە ناوچەی قەرەباغەوەو نزیكەی ساڵێكە لەلایەن حكومەتی ئازەربایجانەوە بەڕێوەدەبرێت و هەر بارهەڵگرێك یان ئۆتۆمبێكی ئێرانی پێویستە بەو رێگایەدا بڕواتە یەریڤان-ی پایتەختی وڵاتی ئەرمینیا لەبەرامبەردا باج و گومرگ رادەستی حكومەتی ئازەربایجان بكات لەكاتێكدا پێشتر حكومەتی ئەرمینیا هیچ بڕە باج و گومرگێكی لە ئۆتۆمبێلە ئێرانییەكان وەرنەگرتووە بۆیە ئێرانییەكان پێیان وایە ئازەربایجان لەژێر كاریگەریی توركیاو ئیسرائیل باج و گومرگ لەو وڵاتە وەردەگرێت.

مەسینە و موشەك

ململانێكانی ئازەربایجان دوای ئەوەی ئێران دەستیكرد بەمانۆڕە سەربازییەكەی لە سنوری ئەو وڵاتە قوڵتر بووەوە و لە نوێترین كاردانەوەدا رۆژی هەینی عەباس موسەوی، باڵیۆزی ئێران لەباكۆ رایگەیاند دەستدرێژی و بێڕێزی كراوە بە باڵیۆزخانەكەیان و چەند مەسینەیەك بە رەنگی سەوزو سپی و سور بەواتای ئاڵای ئێران لەبەردەم دەرگای باڵیۆزخانەكە دانراون.

پۆلیسی ئازەربایجان لەیەكەم كاردانەوەی بەلێدوانی موسەوی رایگەیاند چوار كەس بەهۆی بێڕێزیی بە باڵیۆزخانەی ئێران لەئازەربایجان دەستگیركراون.

دانانی ئەو مەسینانە لەبەردەم باڵیۆزخانەكەی ئێران هاوكات بوو لەگەڵ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی ئەو وڵاتە لەسنوری ئازربایجان كە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی سەربازیی ئێران تەكنەلۆژیای نوێی موشەكی و سەربازیی تێدا تاقیكراوتەوە.

سێ برا دژی ئێران

ئێران پێیوایە ئیسرائیل بەشداربووە لەو مانۆڕە سەربازییەی كە لە رێككەوتی (12/8/2021) بەناوی (سێ برای 2021) لەنێوان پاكستان و ئازەربایجان و توركیا بەڕێوەچوو، بۆیە لەوكاتەوە بەهەستیاریی زیاتر مامەڵە لەگەڵ ئازەربایجان دەكات و تەنانەت ئەو نمایشە سەربازییەی سێ وڵاتەكەی بەمانۆڕی چوار برا ناوەزد كرد وەك ئاماژەیەك بە بەشداربوونی ئیسرائیل لەمانۆڕی سێ برادا.

بەرپرسێكی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا)ی راگەیاندووە ئەو مانۆڕە سەربازییەی مانگی رابردووی نێوان چوار وڵاتی (ئیسرائیل، توركیا، پاكستان، ئازەربایجان) بە مەبەستی ئەوە بووە كە كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەكە هەستیار بكەنەوە و پەیامێك بووە بۆ كاردانەوەی تاران، بۆیە لەبەرامبەر ئەو مانۆڕەدا سوپای ئێران مانۆڕی سەركەوتووانی خەیبەر ئەنجامدەدات.

بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسە بۆ ئیسنا كەناوی بڵاونەكراوەتەوە؛ لەماوەی جەنگی (44) رۆژەی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان ژمارەیەك چەكداری داعش لەسوریاوە هێنراونەتە سنورەكانی ئێران و ئەوەش واتای ئەوەیە ئازەربایجان هێڵە سوورەكانی تێپەڕاندووە و لەژێر كاریگەریی ئیسرائیل ئەو كارانەی دژی خاكی ئێران ئەنجامداوە لەبەرامبەردا كۆماری ئیسلامی ئێران وەك براگەورەیەك كەزیاترین خەڵكی شیعە لەخۆدەگرێت و ئازەربایجانیش زیاترین شیعەی تێدا نیشتەجێیە، تاران تەنها هۆشداریی بە باكۆ داوە و هیچ كاردانەوەیەكی توندی بەرامبەر ئەو وڵاتە نەبووە.

ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەوە كردووەتەوە كە وڵاتەكەی دانی بەخۆیدا گرتووەو گەورەیی نواندووە كە تائێستا هاوشێوەی ئازەربایجان هەڵسوكەوتی نەكردووە كە ئەوەش بەواتای لاوازیی ئێران نییە.

لەلایەكی دیكەوە محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بەمیدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە مانۆڕی سەركەوتووانی خەیبەر پەیامێكی روون و ئاشكرایە بۆ دراوسێكان كەكۆماری ئیسلامی ئێران هەر جۆرە گۆڕانكارییەك لەسنورەكانی بەهێڵی سوور دەزانێت.

ئێران و جەنگی خەیبەر

هەستیاربوونەوەی ئێران لەناوچەكەدا و بەتایبەت لەسنورەكانی باكوری رۆژئاوای وڵاتەكەی ئاماژەیە بەو گورزە كاریگەرانەی كە لەلایەن وڵاتی ئیسرائیلەوە بەری كەوتووە چونكە وێناكردنی ئەو مانۆڕە سەربازییەی لەسنوری ئازەربایجان بەجەنگی موسوڵمان لەدژی جولەكە ئاماژەیەكی روونە كە دەیەوێت ئیسرائیل وەك كاراكتەرێكی سەرەكی تێكدانی گەمەكان لەناوچەكەدا پێناسە بكات و بەو بیانوەشەوە هێزی سەربازیی خۆی زۆر زیاتر لەجاران پیشان بدات و پێشوەختە ئەو پلانانە پووچەڵ بكاتەوە كە پێدەچێت لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران لەناوچەكەدا بەڕێوەبچێت چونكە ئێران لەئێستادا گیرۆدەی قەیرانی قووڵی ئابورییە و توانای بۆ بەڕێوەبردنی جەنگێكی چەند لایەنەی سەربازیی سنوردارە، بەڵام دەیەوێت لە رێگەی جوڵاندنی هەستی ئاینیی موسوڵمانانەوە لەدژی ئیسرائیل، ئەو وڵاتە رووبەڕووی فشار بكاتەوە بەهیوای ئەوەی تاران لەقەیرانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان دەرباز ببێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار