كۆمپانیاى دیلۆیت دووەم راپۆرتى لەسەر نەوتی کوردستان بڵاوکردەوە
بەپێی ڕاپۆرتێکی دیلۆیت هەرێم لەماوەی شەش مانگدا نزیکەی ٩١ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە
6 ساڵ لەمەوپێش
كۆمپانیاى دیلۆیت تایبەت بە وردبینیى پرۆسەی نەوت دووەم راپۆرتى خۆی لەبارەی دەرهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەکات لە شەش مانگی دووەمی 2017 بڵاوکردەوە.
راپۆرتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 1-8-2018، بڵاوکراوەتەوە.
دەقی راپۆرتی دووەمی دیلۆیت بۆ وردبینی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان بۆ شەش مانگی دووەمی 2017
لە چوارچێوەى پڕۆژەى وردبینى سەربەخۆى كەرتى نەوت و گاز لە هەرێمى كوردستان كە پێشتر بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران لە مانگى شووباتى 2016 كەوتە بوارى جێبەجێكردنەوە، ئەمڕۆ داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی ئەنجامی وردبینی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجى و داهاتەكانی نەوت لە پێگەی رِەسمیی حكومەتى هەرێمى كوردستان بڵاوكرایەوە، ئەمەش بۆ تەواوكردنی ئەو زانیارییانەی كە پێشتر لە راپۆرتی وردبینی لە رۆژی 16ـی كانوونی دووەمی ساڵى 2018 دا سەبارەت بە ئەنجامی وردبینی شەش مانگى یەكەمى هەمان ساڵ پێشكەش بە رای گشتی لەناو هەرێمی كوردستان و دەرەوە كرا.
ئەم داتا و زانیارییە نوێیانە، كە لەلایەن (كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی و رِاوێژكاری) وردبینیكراوە وەك یەكێك لە چوار كۆمپانیا گەورەكانى دونیا، زانیاری گرنگ بە ژمارەى وردبینیكراو لەخۆدەگرێت دەربارەی بەرهەمهێنان، هەناردەكردن، بەكاربردن و داهاتى نەوت لە ماوەی نێوان 1ی تەمموزی 2017 تا 31ی كانونی یەكەمی 2017.
ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز دووپاتیدەكاتەوە كە مافی گشت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە زانیارییان هەبێت دەربارەی ئەو ژمارە و داتایانەی سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و بەكارهێنانی ناوخۆیی و داهاتەكانی نەوت كە ئەمڕِۆ پێشكەشكراون، بە تایبەتیش كە ئەو داتا و زانیارییە بڵاوکراوەنە بە شێوەیەكی فەرمی پشتڕِاستكراونەتەوە لەلایەن كۆمپانیایەكی وردبینیی جیهانی، ئەمەش وەك بەشێك لە هەوڵەكانى حكومەتى هەرێمی كوردستان بۆ برەودان بە شەفافیەت و لێپرسینەوە و حوكمرِانیی رەشید لە هەرێمی كوردستان.
لەم راپۆرتە وردبینییەی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 بە بەراورد لەگەڵ راپۆرتی بڵاوكراوەی شەش مانگی یەكەمی هەمان ساڵ بە پشتبەستن بە زانیاریی بەدەستهاتوو لە خاوەن بەرژەوەندییەكان و لەدوای پشتڕِاستكردنەوەیان، ژمارە و زانیاری نوێ خراوەتەڕوو بەدیاریكراوییش وردەكاریی بڕگەكانی خەرجییە گشتییەكانی دیكە جگە لە خەرجییەكانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و خەرجییەکانی مووچە و خستنەڕووی تێكڕاى نرخی مانگانەى یەك بەرمیل نەوتى خاوی فرۆشراو بە بەراورد بە نرخى نەوتى جیهانی برێنت كە لە ماوەی شەش مانگی دووەمی ساڵی 2017 بەدەستهاتوون و چەند زانیارییەكی دیكەی نوێ لەم راپۆرتەدا.
ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەڵێن دەدات لەسەر بەردەوامبوون لە بڵاوكردنەوەی داتا و زانیاریی وردبینیكراو و پشتڕاستكراو لەلایەنی سێیەمی سەربەخۆ سەبارەت بە داهات و خەرجی و پرۆسە جیاجیاكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بە ئامانجی بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز كاردەكات لە پێناوی دەستەبەركردنی رِاپۆرتی وردبینی دەوری لەسەر ئەم داتا و زانیارییانە بۆ بەردەم رای گشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەڕێی هەردوو كۆمپانیای جیهانی (Deloitte) و (Ernst & Young). هەر لەم روانگەیەشەوە، وا چاوەڕِوان دەكرێت داتا و زانیارییەكانی دەرئەنجامی وردبینی ماوەی نێوان 1ـی كانونی دووەمی 2018 تا 31ـی ئاداری 2018 لە مانگی ئابی ـ2018دا بۆ رای گشتی بڵاوبكرێنەوە هاوشێوەی هەردوو راپۆرتی شەش مانگی یەكەم و دووەمی ساڵی 2017.
لەم لینكەدا بە PDF نامیلكەیەكی هاوپێچ بە هەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی دەستبخەن كە (27) پرسیار و وەڵامی لەخۆگرتووە بۆ روونكردنەوەی پێویست و ئاسانكاریی تێگەیشتن لە بڕگەكانی راپۆرتی دیلۆیت.