رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی لەکارکێشایەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى 

رێکخەری گشتی و  ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاند:" لە نزیکترین کاتدا دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێکدێنن". 

رۆژی چوارشەممە 13-10-2021 خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوێکدا  رایگەیاند: "وەک هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە هەستیارە، خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیارماندا دەستلەکاربکێشینەوە، هاوکات لە زووترین کاتدا دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە پێکدەهێندرێت".

ئەو هەڵوێستەی بزووتنەوەکە دوای ئەوە هات کە بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبێنێت.

بەپێی دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن بەرپرسی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕانە لە نێوان دوو کۆبوونەوەدا.

ئەندامانی خانەی راپەڕاندن پێکدێن لە: عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتی. شێخ کامیل قادر، سکرتێری کاروباری جڤاتی نیشتیمانی. سەفینی مەلا قەرە، سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان. ئاسۆ رەحیم، سکرتێری کاروباری باژێرەکان. دەرباز محەممەد، سکرتێری کاروباری ژوورەکان. برزۆ مەجید، سکرتێری کاروباری خەڵک و جەمال حاجی محەمەد سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان.

بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و لە هاوپەیمانییەکی هاوبەش بەناوی هاوپەیمانیی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی کردبوو، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.

رۆژی 11-10-2021 خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لێبووردنی لە دەنگدەرانی کردووە و دەڵێت: "بەربژێرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەهێنا و سەرنەکەوتوون".

خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، دان بەوەدا دەنێن کە "هەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بووە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتییەکان، بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەهێناوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار