بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ: تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێم و عێراق ده‌گۆڕێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق رایگەیاند:" لە هەوڵدان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی جیهانی بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی یەكخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە زمانی ئینگلیزی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

​ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 14ی تشرینی یه‌كه‌می 2021 تارق ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق به‌ رۆژنامه‌ی سه‌باحی نیمچه‌ فه‌رمی راگه‌یاندووه‌: پشت بە بەرنامەی كار بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەبەسترێت كە بریتییە لە یەكخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل و نووسینی بە ئینگلیزی وەك ئەوەی لە زۆرینەی وڵاتاندا هەیە.

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "تابلۆكان بە قەبارەی تابلۆكانی پێشوو و هەمان رەنگ دەبن، سپی بۆ تایبەت، سوور بۆ كرێ، شین بۆ حكومی و سەوز بۆ سوپا، سەرەڕای ئەوەی كۆدێكی دیاریكراوی دەبێت بۆ هەر پارێزگایەك لەجیاتی ناوەكەی".

بەرپرسەكەی هاتوچۆ ئاماژەی بەوەشكرد كە وەزارەتی ناوخۆ لە ئامادەكاریدایە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی تایبەت بە تابلۆ بۆ كردنەوەی لقێكی خۆی لە بەغدا، بەمەبەستی زامنكردنی خێرایی بەڕێوەچوونی كارەكە و پێدانی لە وادەیەكی دیاریكراودا بە خاوەن ئۆتۆمبێل.

پێشتر فازڵ حاجی، وتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر راگەیاندبوو، پێشتر چەندین جار رێککەوتن لە نێوان ھەردوو وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم و فیدراڵ بۆ یەکگرتنی تابلۆی ئۆتۆمبێل کراوە، بەڵام ھێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردن ئێستا بڕیارە جارێکی دیکە دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە بکرێت، ئەویش یەک شێوازی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە ھەموو عیراق پەیڕەو بکرێت.

وتیشی: "تابلۆی سیستەمی نوێ، ئەوەی کۆمپانیا ئەڵمانییەکە، قەبارەیەکی بچووکی ھەیە و ھەرێمی کوردستان تەنیا قەبارەکەی بچووک دەکاتەوە و لەگەڵ عیراق دەبێتە یەک".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار