یەكلابوونەوەی نەخشەی سیاسیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ١٠/١٠

محەمەد عەلی

3 ساڵ لەمەوپێش



محەمەد عەلی

ئەگەر سەیری كەشوهەوای بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكەین، پێشبینی ناكرێت گۆڕانكاریی بنچینەیی لەنەخشەی سیاسیی عێراق رووبدات، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەڵبژاردنەكان دەبێتە هۆی جێگۆڕكێ لە باڵانسی هێز، بەشێوەیەك یەكلاكەرەوە دەبێت لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا، كە نوێنەرایەتیی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق دەكەن، ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر شێوازو پێكهاتەی حكوومەتی داهاتووی عێراق دەبێت.

ئەوەتا بۆ یەكەمجارە لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق و رووخاندنی رژێمی بەعس، شیعەكان بەم شێوە پەرتەوازەییە بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكەن، ئەمە هاوكاتە لەگەڵ لاوازبوونی كاریگەریی مەرجەعی ئایینی، هاوكات هەژموونی ئێران لەپاشەكشەدایە لەبەرامبەر زیادبوونی كاریگەریی وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش چانسی رەوتی سەدر زیاتر دەكات لەسەركەوتنی یەكلاكەرەوە لە بەرامبەر پاشەكشەی لیستەكانی حەشدی شەعبی، بەو هۆكارەی، لەماوەی رابردوودا بەپاڵپشتیی سەرۆكوەزیران (مستەفا كازمی) بووە بۆ كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران و گرووپە نزیكەكانی لەعێراق، ئەمە سەرباری شێوازی هەڵبژاردن كە دابەشكردنی هەر پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەك، رێك لە بەرژەوەندیی رەوتی سەدرە، بەتایبەتی بەهۆكاری بوونی مەركەزیەت و بڵاوبوونەوەی لایەنگرانی لەزۆرینەی ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، هاوكات لەم هەڵبژاردنەدا كاندید چەقی ركابەرییە نەك لیست و هاوپەیمانی، كە ئەمەش چانسی لایەنەكانی تری شیعە كەمتر دەكاتەوە، كە پێشتر لەشێوەی هاوپەیمانی قەرەبووی جیاوازییەكانیان دەكردەوە لەگەڵ رەوتی سەدر، هاوكات نزیكیی رەوتی ناوبراو لەپارتی و هاوپەیمانیی پێشكەوتنی سوننەكان، هاوكار دەبێت بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق لەبەرژەوەندیی خۆی.

تایبەت بەسوننەكانیش ئامادەكارییەكان جیاوازن لەهەڵبژاردنەكانی رابردوو، بەو هۆكارەی لەئێستادا زۆرینەی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و تارادەیەكی باش سەقامگیری بوونی هەیە، ئەمە سەرباری زیادبوونی هاوكاریی وڵاتانی عەرەبی بۆ سوننەكان لەعێراق، ئەنجامەكانی ئەم پێشهاتانەش لەبەرژەوەندیی لیستی سەرۆكی ئێستای پەرلەمانە، بە شێوەیەك پێشبینییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە هاوپەیمانیی پێشكەوتن بەسەرۆكایەتیی (محەمەد حەلبوسی)، زۆرینەی كورسییەكانی پارێزگا سوننەكان بەدەست بهێنێت، ئەمەش مانەوەی ناوبراو لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان تاڕادەیەكی زۆر یەكلا دەكاتەوە و نەخشەی سیاسی لەعێراق تاڕادەیەكی زۆر بەهەمان ریزبەندیی ئێستا دەبێت و سوننەكانیش زیاتر بەرەو رێكخستنەوەی ریزەكانیان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەیان هان دەدات، هاوكات لەدوایین راپرسییەكان سەبارەت بەڕێژەی بەشداریی پێكهاتەكان لەهەڵبژاردندا، ئەوە دەردەخات كە سوننەكان لەهەمووان زیاتر بەپەرۆشترن بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی داهاتوودا، بەمەش دەكرێ لەئایندەدا پارێزگا سوننەكان بەرەو راگەیاندنی فیدراڵی لەناوچەكانیان هەنگاو بنێن.

لەكوردستانیش پێشبینییەكان بەهەمان ئاراستەی عێراقە و زیاتر بەرەو یەكلابوونەوەی زۆرینەیە لە بەرژەوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەو هۆكارەی كە حزبێكی سەرتاسەری و خاوەن مەركەزییەتێكی بەهێزە، هاوكات هێڵی یەكەمی بەرەنگاربوونەوەی فشارەكان و هەڕەشەكانی بەغدا بووە و فریادڕەسی قەوارەی هەرێم بووە لەچەندین وێستگەی جیاواز، لەبەرامبەردا لایەنە كوردستانییەكانی ركابەری پارتی، خاوەنی رێككەوتنی بەدەستەوەدانی نیوەی خاك و بەشێكی تریان ئەندازیاری بڕینی بودجەن، ئەمە لەكاتێكدایە كۆمەڵێكی تر لەنوێنەرانی بەناو سەربەخۆ، خەریكی نانەوەی كێشەو دوورخستنەوەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند بوون لەڕێگەی پێدانی داتا و زانیاریی هەڵە بە بەغدا، بە جۆرێك بەربەستی سەرەكی بوون لە گەیشتنە رێككەوتنی هەردوو حكومەت كە كاریگەریی راستەوخۆی هەبوو لەسەر قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی لەهەرێم و نەناردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق، بۆیە هەموو ئەمانە كاریگەرییان لەسەر ئاراستەی دەنگدانی دەنگدەران بەلیستە جیاوازەكان دەبێت، لەحاڵەتی بەدستهێنانی زۆرینەش لەلایەن پارتییەوە، بە تایبەتی دوای رووداوەكانی ٨ی تەمموز لەسلێمانی و رێككەوتنی سەرەتایی لەگەڵ رەوتی سەدر، زامنی كوردستانێكی بەهێزو دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كورد لە بەغدا دەكات.

هاوكات ئەم سیستمە نوێیەی هەڵبژاردن دەكرێ بەفریشتەی گیانكێشانی حزبە بچووكەكان هەژمار بكرێت، كە چانسی سەركەوتنی كاندیدەكانیان زۆر لاواز دەبێت، ئەمەش یارمەتیدەری حزبە گەورەكان دەبێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رەوتی پێكهێنانی كابینەی داهاتوو، بە تایبەتی لەنێوان هێزە سیاسییە گەورەكان لە هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق، بۆیە بەپێی پێشبینییەكان، ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە لەخزمەت هەر پارتێكی سیاسیدا بێت، ئەوا یەكلاكەرەوە دەبێت و لەهەمان كاتدا ئەنجامی راپرسیی زۆرینەی ناوەندەكانی تایبەت بەهەڵبژاردن، بە ئاراستەی سەركەوتنی هەرسێ رەوتی سەدر لەشیعەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەكورد و هاوپەیمانیی پێشكەوتنە لەپێكهاتەی سوننەكان، كە ئەمەش تاڕادەیەكی زۆر بە مانای بەردەوامبوونی ئەم تەوافوقەی ئێستا دێت، كە بناغەی حكومەتی ئێستای عێراقە، كە جۆرێك لەسەقامگیری بۆ حكومڕانیی شیعەكان و ئارامی بۆ سوننەكان و لێكتێگەیشتنی باشی لە نێوان هەردوو حكومەتی بەغدا و هەولێری لێ كەوتووەتەوە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار