هەسەدە و پاشماوەکانی داعش چۆن تێکەڵاوی ببن؟!
4 كاتژمێر لەمەوپێش
هیوا سەید سەلیم
لە دوای ڕوخانی رژێمی بەشار ئەسەد و دەستبەکاربوونی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع لە سوریا، لە رۆژی ١٠ ئادار٢٠٢٤ رێکەوتنێک لەسەر ئایندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) کرا، لەو ڕێکەوتنەدا پڕەنسیەپەکانی تێکەڵاوکردنی هەسەدە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سوریا دیاریکران.
بەڵام تورکیا بەبەردەوامی فشار دەکا تا (هەسەدە) لە نێو سوپای سوریا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە کە ئەمەیان جیاوازە لەوەی لە ڕێکەوتنەکە هاتووە، دوایین لێدوان لەو بارەیەوە لەسەر زاری وەزارەتی بەرگری بڵاوکرایەوە کە داوا دەکرێت تاک بە تاکی هێزەکانی هەسەد بچنە ناو سوپای سوریا، مەبەستی وەزیری بەرگری تورکیا ئەوەیە کە لە نێو سوپای سوریا هیچ تایبەتمەندیەک بە هێزەکانی هەسەد نەدرێت.
شایانی باسە، ئەو فشارەی تورکیا لە کاتێک دایە کە ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە بۆ ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی پێکهاتەی هێزەکەی و هەنگاوەکانی ڕێکەوتنی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و وەزارەتی بەرگری سوریا بۆ تێکەڵاوکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ ئەو وەزارەتە ئاشکرا کردبوو.
مەزڵوم لەو دیمانەیە دەڵێت: " ١٠٠ هەزار چەکداری ڕێکخراومان هەیە، ٧٠٪ یان شەڕڤانن، ٣٠٪ بریتین لە ئاسایش و پۆلیس، وا ڕێککەوتووین کە ئەو هێزانە لە سێ فیرقەی سەربازی و دوو لیوا، لیوایەک بۆ ژنان و لیوایەک بۆ پاسەوانی سنوور بە پاراستنی تایبەتمەنی خۆمان بچنە سەر وەزارەتی بەرگری سوریا"
لە نێو ئەو گفتوگۆ و مشتومڕەدا کە بۆ ئایندەی هێزەکانی هەسەدە لە سوریا دەکرێت،رۆژی ١٢/١٢، ڕووداوێک لە نێو هێزە ئەمنیەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع ڕوودەدات کە کووشتنی دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێکی لێدەکەوێتەوە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەوەی بەو کارە هەڵساوە پاسەوانی بەرپرسێکی ئەمنی بووە و پێشتریش لەنێو داعش بووە، هەر بۆیە دۆنالد ترەمپ بکەری ئەو کردەوە تیرۆرستیە بە داعش ناوبرد، هەرچی سوریایە کەسەکەی وەک کارمەندێکی هێزەکانی ناوخۆ ناساندووە.
لێرددا دەپرسین ئایا ئاسانە هەسەدە تێکەڵاوی ئەو هێزە بێت کە بەشیکی بریتییە لەو هێزەی کە زیاتر لە ١٠ ساڵە شەڕی دەکات؟
ئاشکرایە کە هێزەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع پڕن لەو گرووپانەی کە ساڵانێک لەنێو داعش شەڕی هەموو لایەکیان دەکرد، هاوێرکردنیان بەبێ دەرکردنی گرووپە (چیچانی و ئەلگۆر و حەمشات و جیش ئیسلام و شامیە و سوڵتان مراد...زۆری دیکەش) ئاسان نابێت.
بۆیە هەر فشارێک بۆ تواندنەوەی هێزەکانی هەسەدە لە چوارچێوەی هێزەکانی سوریا بەبێ ڕەچاوگرتنی تایبەتمەندی هەسەدە نەک بە زیان بۆ هەسەدە دەشکێتەوە، بگرە دەبێتە مایەی ناسەقامگیری سوریا و ناوچەکەش، ئاخر هەسەدە کوا دەتوانێت لە تەک پاشماوەکانی داعش کار بکات؟
