ژیاری دەرگا کراوەکان  (مانیفێستی دەوڵەتە نهێنییەکەی کورد...

7 كاتژمێر لەمەوپێش



ژیاری دەرگا کراوەکان
 (مانیفێستی دەوڵەتە نهێنییەکەی کورد
لە هێرشی ١٩٢٥ەوە بۆ لافاوەکەی چەمچەماڵ)

کامەران موحەمەد

کاتێک لێزمەی لافاو شەقامەکانی چەمچەماڵی داپۆشی، ئەوە تەنها دیاردەیەکی کەشناسیی ئاسایی نەبوو، بەڵکو (تاقیکردنەوەیەکی بوونگەرایی) بوو. ئاوەکە تەنها قوڕ و لیتەی لەگەڵ خۆیدا نەهێنا، بەڵکو ئاوێنەیەک بوو کە جارێکی تر و بە شێوەیەکی ڕاشکاو ئەو پرسیارە ئەزەلییەی خستەوە بەردەممان کە هەزاران ساڵە لە زاگرۆس دەزرینگێتەوە: «ئێوە چۆن ماونەتەوە؟ چۆن ئەم گەلە نەسڕایەوە، سەرەڕای ئەوەی مێژووەکەی بریتییە لە زنجیرەیەک کارەسات؟»

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، دەبێت لە دیمەنی لافاوەکە تێپەڕین و بچینە نێو قووڵایی (بونیادی ئەنترۆپۆلۆژیی کۆمەڵی کوردەوارییەوە). من دەگەڕێمەوە بۆ یادەوەرییەکی کەسیی، ساڵی ١٩٨٥، کاتێک تەمەنم تەنها نۆ ساڵ بوو، ڕژێمی بەعس گوندەکەمانی سووتاند. لەو ساتەدا کە ئاگر هەموو شتێکی دەکرد بە خۆڵەمێش، گوندەکەی هاوسێمان هەموو شتێکی خۆیان لەگەڵ بەشکردین. ئەوە یەکەم وانەی فەلسەفی بوو کە فێری بووم: کورد لە کاتی لێقەوماندا، لە (من)ەوە بۆ (ئێمە) دەگۆڕێت.

میتافیزیکای میوانداری- تێپەڕاندنی مۆدێلی (ئەنساڕ و موهاجیرین):

کاتێک لە مێژووی ئایین و نەتەوەکان ورد دەبینەوە، دەبینین لە مێژووی ئیسلامدا دیاردەی (برایەتیی ئەنساڕ و موهاجیرین) وەک ڕووداوێکی دەگمەن و پیرۆز وەسف دەکرێت، کە تەنها (یەکجار) لە مەدینە ڕوویدا. بەڵام کاتێک سەیری مێژووی کورد دەکەین، تووشی شۆکێکی مەعریفی دەبین، ئەوەی لای گەلانی تر (موعجیزە) و ڕووداوی تاقانەیە، لە مێژووی کورددا (دیاردەیەکی بەردەوام و ڕۆژانە)یە.

لە ساڵی ١٩٢٥دا، کاتێک دەوڵەتی تورکیا هێرشی کرد، کوردانی ڕۆژئاوا دەرگایان بۆ کوردانی باکوور کردەوە. لە ساڵی ١٩٩١، لە کاتی کۆڕەوە مەزنەکەدا، ئێمە بە چاوی خۆمان بینیمان لە بانە و مەریوان و سنە و جوانڕۆ و ناوچەکانی تر، چۆن کوردانی خۆرهەڵات ڕێگەیان پێنەدەداین لە کەمپەکان بمێنینەوە و بەزۆر دەیانبردینەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان. ئەوان بەشێکی ماڵەکەیان نەدەداینێ، بەڵکو (خودی ماڵەکە)یان دەبەخشی. ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە کورد خاوەنی (تەکنەلۆژیایەکی ڕۆحییە) بۆ مانەوە کە هیچ نەتەوەیەکی تر نییەتی، توانای (توانەوە لەنێو یەکتردا) لە کاتی مەترسیدا.

 وەبەرهێنان لە ئازاردا - ئەو سەرمایەیەی نەماننووسیوەتەوە:
کێشە گەورەکەی ئێمە لێرەدایە: ئەم مێژووە پڕ شکۆیە، ئەم (فەلسەفەی دەرگا کراوەیە)، تەنها وەک ڕەفتارێکی خۆڕسک ماوەتەوە و نەمانتوانیوە بیکەینە (وانەیەکی نێو سیستەمی پەروەردەییمان). ئێمە نەمانتوانیوە ئەمە بنووسینەوە و لە قوتابخانەکاندا بە منداڵەکانمان بڵێین: "ڕۆڵەکانم، نهێنیی مانەوەی ئێمە چەک نییە، بەڵکو ئەو سفڕە و خوانەیە کە لە ١٩٢٥ و ١٩٨٥ و ١٩٩١ و ٢٠٢٥ بۆ یەکترمان ڕاخستووە."

ئەمە ئەو (خاڵی یەکگرتنە)یە کە دەبێت بکرێتە هەوێنی نەتەوەسازی. ئەگەر گەلانی تر بە شمشێر یەکیان گرتووە، ئێمە بە (خەم) و (بەخشین) یەکمان گرتووە. پێویستە ئەم بەدەمەوەچوونە بکرێتە (جەوهەری پەروەردەیی) تا نەوەی نوێ بزانێت کە سنورەکان تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزن، بەڵام جوگرافیای ڕاستەقینە، دڵی مرۆڤی کوردە.

هەولێر وەک میراتگری ئەو مێژووە- کاتێک پایتەخت دەبێتە دایک:

لێرەدا دەگەینە ترۆپکی جوانیی ئەم تابڵۆیە لە ئێستادا: (هەولێر).
ئەوەی لە لافاوەکەی چەمچەماڵدا بینیمان، درێژکراوەی هەمان ئەو ڕۆحە بوو کە لە بانە و مەریوان و ....تاد  بینیمان. لە کاتێکدا حیزبەکان خەریکی ململانێ بوون، خەڵکی هەولێر وانەیەکیان لە (ئەخلاقی باڵا) تۆمار کرد. هەولێرییەکان چەمچەماڵیان وەک شارێکی دوور نەبینی، بەڵکو وەک (گەڕەکێکی دڵشکاو)ی ناو جەرگەی هەولێر تەماشایان کرد.

سەیری ئەو وەستایەی ناوچەی پیشەسازیی هەولێر بکەن، بە دەست و جلی ڕۆناوییەوە، بەبێ چاوەڕوانیی هیچ پاداشتێک، چل ئۆتۆمبێلی لێقەوماوانی چەمچەماڵ چاک دەکاتەوە. ئەمە تەنها چاککردنەوەی ئاسن نییە، ئەمە (چاککردنەوەی شکۆی مرۆڤ)ە. ئەمە دووبارەبوونەوەی مێژووی ١٩٩١ە بەڵام بە فۆڕمێکی مۆدێرن. هەولێر سەلماندی کە دڵی پایتەخت لە کۆشکەکاندا لێ نادات، بەڵکو لە سنگ و ویژدانی کاسبکار و خەڵکە سادەکەیدا لێ دەدات.

میهرەبانی وەک دەوڵەتێکی نهێنی:

مێژوو فێری کردووین، ئەو نەتەوانەی تەنها پشت بە (دیوار) و (سروود) و (شمشێر) دەبەستن، دواجار دەڕوخێن. بەڵام ئەو نەتەوانەی لەسەر (ترپەی دڵەکان) بونیادنراون، خۆیان نوێ دەکەنەوە.
لێرەدا دەگەینە پارادۆکسە گەورەکە: کورد کە لەسەر نەخشەی جیهان خاوەنی دەوڵەتی سەروەر نییە، توانیویەتی (دەوڵەتێکی نهێنیی لە میهرەبانی) بونیاد بنێت. ئەم دەوڵەتە سنووری نییە، بەڵام خاکەکەی بریتییە لە سنگ و ویژدانی ڕۆڵەکانی.

کاتێک چەمچەماڵ نقوم بوو، نەتەوەکە نقوم نەبوو، چونکە نەتەوە لەسەر ژێرخانی کۆنکرێت بونیاد نەنراوە، بەڵکو لەسەر (جوگرافیایەکی سۆزدارییانە) وەستاوە کە لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات و لە باکوورەوە بۆ دڵی هەولێر درێژ دەبێتەوە.

وەبەرهێنان لە ڕۆحدا:

لافاوەکە ئاوێنەیەک بوو، ناشرینیی بێپلانیی دەسەڵاتی نیشانداین، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو کانزا گرانبەهایەی نیشانداین کە ناوی (گیانی کوردانە)یە. ئەرکی ئێمە ئێستا ئەوەیە ئەم ڕووداوانە لە (چیرۆکی تێپەڕ)ەوە بۆ (دەقی پیرۆزی نیشتمانی) بگۆڕین.

با لە پەروەردەدا منداڵەکانمان فێر بکەین: کاتێک ماڵی دراوسێکەت دەسووتێت (١٩٨٥)، کاتێک ئاوارە دەبێت (١٩٩١)، یان کاتێک لافاو دەیبات (٢٠٢٥)، ئەوەی تۆی کردووە بە کورد، ئەوە نییە کە بە کوردی قسە دەکەیت، بەڵکو ئەوەیە کە ئامادەیت لەگەڵیدا بتوێیتەوە. نهێنیی مانەوەی کورد نە سیاسییە، نە سەربازیی و نە جوگرافی، نهێنییەکە ئەوەیە: کورد مێژووی خۆی بە (یاسای دڵ) نووسیوەتەوە نەک (یاسای هێز)، وەبەرهێنان لەم یاسایەدا، زەمانەتی مانەوەمانە بۆ هەزار ساڵی تر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار