بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خۆمان ئامادە دەكەین
محەمەد حەكیم، وتەبێژی ئەنجومەنی سیاسیی كۆمەڵی دادگەری بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: هاوڵاتی
وتەبێژی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی دادگەری ئاماژە بەوەدەدات كە بەرپرسیاریەتی لەئەستۆ دەگرن خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە دەكەن.
محەمەد حەكیم، وتەبێژی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» ئەگەر بەڵگەكان سەلمێنەر بن بەڵێ و دیارە بۆ دەرنەچوونی هەندێك كاندید هەندێ ئاماژە هەن وا سات سات بەڵگەی تازە بەكاندید و مەكتەبی هەڵبژاردن دەگات».
هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە لە سەرجەم ئەو بازنانەی كە كاندیدیان تێیدا هەبووە دەنگەكانی خۆیان بەدەستهێناوەتەوە» لەم هەڵبژاردنەدا كە لەهەندێ بازنە كاندیدمان نەبووە هەڵەیە باسی كەم و زیادكردنی دەنگەكان بكرێت».
هاوڵاتی: بۆچوونتان چییە لەبارەی دەرئەنجامی دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بۆ كۆمەڵی دادگەری؟
محەمەد حەكیم: دەرئەنجامە بەراییەكان لەئاستی چاوەڕوانی ئێمەدا نەبوو.
هاوڵاتی: ئایا سكاڵاتان لەهەولێر تۆمار كردووە؟ پێتانوایە بەمەبەست وا كراوە كاندیدەكەی كۆمەڵ دەرنەچێت؟
محەمەد حەكیم: مەڵبەندی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی تێبینی خۆی خستووەتەڕوو و بە مەكتەبی هەڵبژاردنمان وتووە هەر بەڵگەیەكتان لایە بەشێوازی یاسایی بیدەنە كۆمسیۆن.
ئەگەر بەڵگەكان سەلمێنەر بن بەڵێ و دیارە بۆ دەرنەچوونی هەندێك كاندید هەندێ ئاماژە هەن وا سات سات بەڵگەی تازە بەكاندید و مەكتەبی هەڵبژاردن دەگات.
هاوڵاتی: لەناو تۆڕی كۆمەڵایەتی بەشێك لەكادیرانتان رەخنە دەگرن كە دەبوو كۆمەڵ لەزۆربەی بازنەكان كاندیدی هەبوایە بەتایبەت لەبازنەی گەرمیان لەسلێمانی و سەرجەم بازنەكانی هەولێر؟ بۆچوونەكەیان رەوایە؟.
محەمەد حەكیم: ئەوە زیاتر ئێستا باس دەكرێ كە ئەنجامەكان دەركەوتوون لەو بازنانە كە لەبەر بایكۆتی دەنگدەرو باری نیوخۆی یەكێتی بەشداری كەم بووەو بەدەنگی كەم كاندید سەركەوتووە، ئیجا ئێمە پێنج بازنەی بەهێزی خۆمان كاندیدمان داناوە.
هاوڵاتی: ئەگەر كۆمەڵی دادگەری لەسەرجەم بازنەكانی هەرێم كاندیدی هەبووایە پێتانوایە دەنگەكانتان كەمی نەدەكرد كە ئێستا لەم هەڵبژاردنە تەنها 50 هەزار دەنگە؟
محەمەد حەكیم: ئەم هەڵبژاردنە ئێمە كۆی دەنگی پێنج بازنەكە بەراورد ئەكەین بەدەنگی سنوری ئەو پێنج بازنەیە لە هەڵبژاردنی پێشوی عێراق ، ئینجا لەم هەڵبژاردنە هەڵەیە بۆ ئێمەو ئەو حزبانەش كە لەچەند بازنەیەك كاندیدمان هەبووە باسی دەنگی بەدەستهاتوو بكرێ لەم سیستەمە، بە هەڵەی ئەزانم باسی كەمی و زیادی دەنگ بكرێت.
هاوڵاتی: پێتانوایە بێجگە میكانیزمی دانانی كاندیدەكانتان لەبانگەشەی هەڵبژاردن كەموكورتی هەبووە؟
محەمەد حەكیم: ئەوەی بازنەكانمان روونكردەوە، بەڵێ لەبانگەشەش كەموكورتی هەبوە، بەڵام كاندید و ئۆرگان و كادیرو و ئەندام و جەماوەریشمان ماندوو بوون.
هاوڵاتی: ئایا لێكتێگەیشتنتان لەگەڵ یەكێتی بۆ هەندێ بازنە زیانی پێگەیاندوون؟
محەمەد حەكیم: لێكتێگەشتن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بووە و ترسمان لەتەزویری ئەلكترۆنی هەبووە وەكو هەڵبژاردنی پێشوو، لەكۆی بازنەكان ئێمە دەنگی خۆمان هێناوەتەوە بەراورد بەهەڵبژاردنی پێشوو.
هاوڵاتی: ئەگەر یەك هاوپەیمانێتیتان هەبوایە لەگەڵ یەكگرتوو دەرئەنجامەكان بۆ كۆمەڵ باشتر دەبوو؟
محەمەد حەكیم: نازانم، هەردولا هەوڵماندا لەسەر هەڵەبجە نەگەیشتینە یەك و هەردوولا حەقمان بوو، چونكە بازنەی بەهێزمان بوو و هەردوو كاندیدیش بەهێزبوون، بەداخەوە پاش دەركەوتنی ئەنجامەكان هەڵەیە بڕیار بۆ كاتی هاوپەیمانێتیەكان بدرێ!.
هاوڵاتی: دەرئەنجامەكان بەشكست دادەنێن؟ ئایا گۆڕانكاری ئەنجامدەدەن بۆ خۆئامادەكردنتان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان؟
محەمەد حەكیم: ئەمڕۆ لەئاستی باڵا كۆبووینەوە و بەرپرسیاریەتی لەئەستۆ دەگرین و لەم نزیكانەش سەركردایەتی كۆدەبینەوە چی باش بێ ئەنجامی دەدەین و دەبێ خۆمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە بكەین.