نێچیرڤان بارزانی: سەرکەوتنی پارتی گەواهیدانێكى راستگۆیانەی گەلەکەمانە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرکردە و لایەنگرانی حزبەکەی دەکات و دەڵێت: "سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا گەواهیدانێكى راستگۆیانەی گەلەکەمانە بۆ متمانه‌ و سەلماندنی پێگەی سەنگینی پارتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق".

 ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2021،  نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرکەوتنی پارتی ئەرک و بەرپرسیارێتیی پارتی زیاتر و گەورەتر دەکات، "دەبێت لە ئاستی ئەو بڕوا و دڵسۆزییەی ئەندامان و لایەنگرانی و ئەو متمانەیەدا بێت کە خەڵکی کوردستان پێیان بەخشیوە".

جێگری سەرۆکی پارتی لایەنگرانی حیزبەکەی بە "سامانێکی بەنرخ و شانازییەکی گەورەی پارتی" ناودەبات و دەڵێت، "بە هیممەتی ئێوە و دڵسۆزان لە جەماوەری پارتی و کوردستانییان به‌گشتى، هەمیشە بۆ سه‌ركه‌وتن هەنگاو دەنێت".

دەقی راگەیێندراوەکەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:

ئەندامان و جەماوەر و دەنگدەرانی دڵسۆزی پارتی دیموکراتی کوردستان

‎بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتیمانه‌وه‌ له‌ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پیرۆزباییەکی گەرم لە کەسوکاری سه‌ربه‌رزى شەهیدانى قاره‌مان و جەنابی سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکەم. لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی کادیران و ئەندامان و جەماوەری پارتی و ئەو دەنگدەرە خۆشەویستانە دەکەم کە متمانەیان بە پارتی بەخشی.

ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و پێزانینم بۆ ئێوەی خۆشەویست لە هه‌موو بنکە، ڕێکخراو، ناوچە، لق، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارێزگاکان، ڕێکخراوه‌ جەماوەری و پیشەیییه‌كان، مەکتەب و دەستە ناوەندییه‌کانى پارتیمان بۆ ڕۆڵی دڵسۆزانە و خەمخۆرانەتان لە ئەنجامدانی بانگەشه‌یه‌كی شارستانییانە و ئارام لەپێناو سەرخستنی هەڵبژاردنەکە و سەرکەوتنی کاندیدانی پارتیدا.

ده‌ستخۆشى له‌ یە‌كە ‌یە‌كە‌ی ئە‌و ھە‌ڤاڵه‌ دڵسۆزانە‌ ده‌كه‌م كە‌ لە‌ كۆڵان و گە‌ڕە‌كە‌كان و له‌ هه‌ر شوێنێك بانگه‌شه‌یان كرد و دە‌نگدە‌ریان بردە‌ سە‌ر سه‌ندووقە‌كان. زۆر سوپاس بۆ دەنگدەرانی خۆشەویست، بۆ بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان و بەخشینی متمانەیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەشداریی دڵسۆزانه‌تان، سەلمێنەری بەهێزیی باوەڕ و متمانەتانە بە ڕێبازەکەتان. ئێوە سامانێکی بەنرخ و شانازییەکی گەورەی پارتین کە بە هیممەتی ئێوە و دڵسۆزان لە جەماوەری پارتی و کوردستانییان به‌گشتى، هەمیشە بۆ سه‌ركه‌وتن هەنگاو دەنێت.

پیرۆزبایی لە سەرجەم کاندیدە سەرکەوتووەکانی پارتی دەکەم، چاوەڕوانیم لە هەموویان ئەوەیە به‌ باشترین شێوه‌ ئەرکەکانیان ڕاپه‌ڕێنن و خزمەتكاری خەڵک بن، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان و لایه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتى، هەوێنی یەکڕیزیی لایه‌نه‌ کوردستانییه‌كان و بەرگریکاری سەرسەختی مافە دەستورییەکانی هه‌رێمى كوردستان بن.

‎سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا گەواهیدانێكى ڕاستگۆیانەی گەلەکەمانە بۆ متمانه‌ و سەلماندنی پێگەی سەنگینی پارتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق. ئەم سەرکەوتنە ئەرک و بەرپرسیاریه‌تییەکانی پارتی زیاتر و گەورەتر دەکات، دەبێت لە ئاستی ئەو بڕوا و دڵسۆزییەی ئەندامان و لایەنگرانی و ئەو متمانەیەدا بێت کە خەڵکی کوردستان پێیان بەخشیوە.

سەرکەوتن لە هەموو پارتییەکان و دەنگدەرانی پارتی و لە تەواوی خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت.

‎نێچیرڤان بارزانی

‎جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار