کەمبوونەوەی دەنگی دەسەڵاتدارەکان تۆڵەی دەنگدەر بوو یان نەهێشتنی ساختەکاریی؟

شۆکی دەنگەکانی ئەمجارە بێگەردیی هەڵبژاردنەکانی رابردوو دەخاتەوە ژێر پرسیارەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

هێزە سیاسییە شیعەکانی نزیک لەئێران لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا گورزێکی گەورەیان بەرکەوت و لەبەرامبەردا هێزەکانی تر دەنگیان هەڵکشا کەپێکدێن لە رەوتی سەدرو سوننەکان و سەربەخۆکان.

ئەو هێزانەی کە دەنگیان کەمی کردووە هیزی باڵادەستبوون لەعێراق، هاوکات دەنگی هێزە باڵادەستەکانی هەرێمیش کەمی کردووە. ئەمە لەلایەک وەکو تۆڵەی دەنگدەر سەیر دەکرێت لەلایەکی تریشەوە گوماندەخاتە سەر ئاستی بێگەردیی هەڵبژاردنەکانی رابردوو.

کێ سەرکەوت و کێ شکا؟

بەپێی دوایین ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان بڵاویکردۆتەوە، هێزە سیاسییە شیعیهكان زیاتر لە ١٣٠ كورسیان بردۆتەوە بەڵام زۆرینەیان بەر رەوتی سەدر کەوتووە.

هەروەها هێزە کوردییەکان کورسیەکانیان نزیکدەبێتەوە لە 63 کورسی. هەروەها سەربەخۆکان و لیستە نوێیەکان و پێکهاتەی کۆتاکانیش زیاتر لە ٧٠ کورسیان بەرکەوێت.

لەکۆی ١٣٠ كورسی لایهنه شیعیهكان رەوتی سهدری 73 كورسی بەرکەوتووە لەکاتێکدا لەهەڵبژاردنی ٢٠١٨دا سەدریەکان لەژێر ناوی لیستی سائیروندا تەنها ٥٤ کورسیان هێنا.

هەروەها دهوڵهتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالکی 37 كورسی، هاوکات لیستی فهتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری 16 كورسی بەرکەوتووە لەکاتێکدا لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨دا ٤٨ کورسی هەبوو.

هەروەها لیستی هاوبەشی عهمار حهكیم و حهیدهر عهبادی تەنها 4 كورسیان بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا پێشتر 61 کورسیان هەبوو.

هاوکات كوتله سونییهكان 63 كورسیان بهدهستهێناوه بەجۆرێک لیستی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان ٤٣ کورسی، هەروەها لیستی عەزم بە سەرۆکایەتی کەسایەتی دیاری سوننەکان خەمیس خەنجەر ٢٠ کورسی.

هەروەها سهرجهم هێزە كوردییهكان لەچوارچێوەی پاریزگاکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێم 63 كورسییان بهدهستهێناوه، ئەوەش بەپێی ئەنجامی بەرایی.

کەمکردنەوەی دەنگی لیستی فەتح کە بەلیستی حەشدی شەعبی ناسراوە، هاوکاتە لەکەمكردنەوەی دەنگی هەریەکە لەیەکێتی و پارتی و گۆڕان کە پێکەوە زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگ کەمیان کردووە.

ساختەکاریی یان سزادان؟

پێشتر هێزە دەسەڵاتدارەکان تۆمەتبار دەکران بە ئەنجامدانی ساختەکاریی، بەڵام دەوترێت لەم  هەڵبژاردنە بوار بۆ ساختەکاری زۆر نەبووە.  هاوکاتیش دەنگیان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

لەهەڵبژاردنی ٢٠١٨دا یەکێتی هەر شەش کورسیەکەی کوردی لەکەرکوک بردەوە لەگەڵ زۆرینەی کورسیەکانی سلێمانی، ئەوەش چاوەڕوان نەکراوبوو، چونکە بەرهەم ساڵح کە جێگری سکرتێری ئەو حزبە بوو لیسێکی جیاکردەوە. بەڵام زۆرینەی کورسییەکان یەکێتی بردیەوە، بەرهەم ساڵح و ئۆپۆزسیۆن ئەنجامەکەیان رەتکردەوە رایانگەیاند کە ساختەکاری کراوە.

هەروەها هەر لەو ساڵەدا گروپەکانی حەشدی شەعبی دەنگەکانیان هەڵکشان، بەڵام کە لەم هەڵبژاردنەدا ئەوانیش دەنگەکانیان کەمی کردووە، ئەوەش ئەو گومانەی دروستکردووە کە پێدەچیت. جگە لەکەمی بەشداریکردن، هەروەها بوار نەهێشتنەوە بۆ ساختەکاری وایکردبێ هەندێ لایەنی دەستڕۆیشتوو دەنگیان کەم بکات.

لەم هەڵبژاردنەدا جگە لەوەی کۆمەڵ و یەکگرتوو لەگەڵ نەوەی نوێ پێکەوە ١٤ کورسییان مسۆگەر کردووە، لەعێراقیشدا هێزە نوێیهكان و سەربەخۆکانیش توانیویانە ببنە ژمارەیەکی گەورە. بەجۆرێک لیستی ئیمتداد کە لیستێکی نوێیەو نوێنەرایەتی خۆپیشاندەرە عێراقیەکان دەکات 10 كورسی هێناوە، هەروەها كاندیده سهربهخۆكانیش 20 كورسیان بهدهستهێناوه، ئەمە جگە لەوەی چەند هێزێکی نوێی دیکەش کورسییان مسۆگەر کردووە.

بە رای هەندێک لەچاودێران ئەنجامی  هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرسوڕهێنەربووە، کەدیارترینیان کەمکردنی ڕێژەی دەنگەکانی هاوپەیمانی فەتح بووە، هەڵبژاردنەکەش ئەگەرچی کۆمسیۆن سەرپەرشتی کردووە، بەڵام کۆمسیۆنەکە مستەفا کازمی پێکیهێناوە کە بە کەسێکی نزیک لە ئەمریکاو دژی لایەنە شیعەکانی نزیک لەئێران ناسراوە.

لیستی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری بەچەتری سیاسی حەشدی شەعبی و فراکسیۆنە ئێرانییەکان لەعێراق دادەندرێت، هاوپەیمانی فەتح لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی 16 کورسی بەدەستهێنا، بەراورد بەهەڵبژاردنی رابردووی ساڵی 2018ـدا، کە 48 کورسی هەبوو ئێستاش 32 کورسی لەدەستداوە.

هاوپەیمانییەکە کە ژمارەیەک کوتلەی تێدایە کە دیارترینیان بەدرو عەسائیبی ئەهلی حەقە هیوایان بەئەنجامەکان هەبوو بۆ ئەوەی بەشداری لەپێکهێنانی حکومەتدا بکەن یان تێڕوانینی خۆیان بەسەریدا بسەپێنن، بەڵام ئەوەی روویدا پێچەوانەکەی بوو. دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، تووشی شۆکی کردن.

هەریەک لەھاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری، ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی و عەسائیبی ئەھلی حەق بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی و کەتائیب حزبوڵڵا بەسەرۆکایەتی ئەبو حوسێن حەمیداوی رایگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوەو تیایدا ھاتووە «سەرجەم تێبینییەکانمان لەسەر پرۆسەی دەنگدان، پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کردووەو لای خۆیەوە کۆمسیۆن بەڵێنی داوە سەرجەم ئەو کێشانە چارەسەر بکات»، بێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی ناوەڕۆکی تێبینییەکان بخرێتەڕوو.

لە راگەیەندراوەکەدا ھەروەھا ھاتووە «کۆمسیۆن پابەند نەبووە بەسەرجەم ئەو رێوشوێنە یاساییانەی کە پێشتر رایگەیاندبوو، لەبەرئەوە رایدەگەیەنیین، ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە رەتدەکەینەوەو تانەیان لێدەدەین و ھەموو رێوشوێنێکی گونجاو بۆ بەرگرتن لەیارییکردن بەدەنگی دەنگدەران، دەگرینەبەر».

هەروەها شۆکێکی دیکە لەدەستدانی دەنگەکانی رەوتی حیکمەی عەممار ئەلحەکیم و هاوپەیمانی ئەلنەسری حەیدەر عەبادی بوو، کەهەردوولا لەهەڵبژاردنەکانی رابردوودا 61 کورسیان بەدەستهێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا تەنها ٤ چوار كورسیان هێنا.

فازڵ ئەحمەد، نوسەری دیاری سیاسی بۆ سکای نیوز روونیکردەوە «لەگەڵ ئەوەی رەوتی حیکمە و هاوپەیمانی نەسڕ گرەو لەسەر جەماوەری مەدەنی میانڕەو دەکەن لەبەرامبەر رەوتی سەدرو هاوپەیمانی فەتح، بەڵام ئەوەی ئەوان نەیاندەزانی ئەوە بوو کە خواستەکانی جەماوەر زیاتر لەهەر لایەنێکی کۆن بۆ سەربەخۆکان و لایەنە نوێیەکان بوو.»

هەروەها وتیشی «هاوپەیمانییەکەیان هاوپەیمانییەکی شڵەژاوی فکرییە و هەڵوێستەکانی لەسەر میلیشیاکان یان خۆپیشاندان روون نەبووەتەوە، هەوڵەکانیان بۆ رازیکردنی هەموو لایەنەکان، بووە هۆی ناڕەزایی هەموویان».

لەکاتێکدا هاوپەیمانی تەقەدوم کە محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی دەکات پلەی یەکەمی لەجوگرافیای سوننەدا هەیە.

دەرکەوتنی پارتی نوێ و کاندیدی خۆپیشاندەران

دیارترین شۆکی هەڵبژاردنی عێراق، بەدەستهێنانی کورسی بوو لەلایەن ئەو هێزانەی کە لەخۆپیشاندانەکانی جەماوەریدا دەرکەوتبوون، کە لەساڵی 2019ـەوە دەستیانپێکرد، یەکێک لەوانەش پارتی «ئیمتیداد» لە پارێزگای زیقار بەسەرۆکایەتی چالاکوان و خۆپیشاندەر عەلا رەکابی نۆ کورسی بەدەستهێنا.

پەیمان مەیاحی، چالاکوان، سەبارەت بەو بابەتە وتی: «ویستی جەماوەر بۆ گۆڕانکاری لەعێراق روون بووەوە، بۆ ئەوەی دەرفەتێک بەڕەوتە نوێیەکان بدرێت بۆ بەشداریکردن لەحکومەت و شکاندنی بنبەستی حزبە کۆنەکان، ئەوەش ئێستا روویداوە، وەک چۆن شۆڕشێکمان بینیوە لەدژی هەندێک لایەنی کۆن».

مەیاحی وتیشی «ژمارەی کورسییەکانی لایەنە نوێیەکان زیادی کرد، سەرەڕای بایکۆتی بەرفراوانی هەڵبژاردنەکان و کەمی رێژەی بەشداریکردن و نەبوونی دەرفەتی پێویست بۆ برەودان و پێشکەشکردنی بەرنامەکان بەهۆی زاڵبوونی لایەنە کۆنەکان بەسەر جەماوەر لەڕێگەی پارەو تۆقاندنەوە.

هەروەها شۆکێکی دیکەی هەڵبژاردنی عێراق لەهەرێمی کوردستان روویدا و «نەوەی نوێ» 9 کورسی بەدەستهێنا، لەکاتێکدا «گۆڕان» نەیتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبهێنێت.

هەر لەم هەڵبژاردنەی دوایی ژمارەیەك لە کەسایەتیەکانی ناو خۆپیشاندانەکان و کەسانی سەربەخۆ لەپارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور بوونەتە خاوەنی كورسی پەرلەمان.

لەنەجەف 5 كورسی بەر خۆپیشاندەران و سەربەخۆكان كەوتووە لەهەندێ پارێزگای تری باشور 10 كورسی و لەتێكڕای شارو بازنەكانی عێراقیش چەند سەربەخۆو كورسییەك بەر ئەو هێزانە كەوتووە كە لەدەرەوەی حزبە گەورەكان كێبركێیان كردووە، ئەمەش یەكەم دەرفەت و ئەزموونە لەپاش چوار خولی پەرلەمان.

لەشەقامی عەرەبی سوننە و لەشارو بازنەكانیان ركابەری سەخت لەنێوان بەرەكەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و هاوپەیمانێتی عەزمی خەمیس خەنجەردا بوو، بەگوێرەی ئەنجامەكان حەلبوسی كە سەرۆكایەتی پەرلەمانی بەدەستەو لە بەغداو ئەنبار و پارێزگاكانی تر پێگەی هەیە بە 43 كورسی دوو هێندە زیاتری بەرەی خەنجەری بەدەستهێنا كە 20 كورسییە.

لەپەنا ئەم دوو بەرەیەشدا هەندێ وردە هێزی سوننە لەسەڵاحەدین و نەینەوا كورسییان بردووە بەمەش قەبارەی سوننەكان نزیكبووەتەوە لەئاستی چاوەڕوانكراوی خۆیان كە دەوروبەری 70 كورسیی بوو.

هەڵبژاردن بەشیوەی فرە بازنەیی هەلی زیاتری دایە سوننەکان کورسیەکانیان لەناو ئەو پارێزگایانە زیاد بکەن کە تێکەڵەیەکە لەسوننەو شیعە، هاوشێوەی بەغداو پارێزگاکانی دیالەو سەڵاحەدین، چونکە لە سیستمی پێشووی یەک بازنەیی پارێزگاکاندا ئەگەر دەنگدەرە سونیەکان کەمتر بەشداربوونایە زۆرینەی کورسیەکان بۆ شیعەکان یەکلایی دەبووەوە.

 

 

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار