‌بەنزین لەئێران؛ فریادڕەس یان هۆكاری سەرهەڵدانی قەیران

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئێران كەخاوەنی (18%)ی یەدەگی نەوتی جیهانە دەكەوێتە ریزبەندی سێیەم گەورەترین وڵاتی نەوتیی، بۆ دابینكردنی بڕی پێویستی بەنزین لەناوخۆی وڵاتەكەی ماوەی (15) ساڵ ئەو سوتەمەنییەی لەدەرەوە هاوردە كردووە، بەڵام سزا نێودەوڵەتییەكان وای كرد ببێتە یەكەم هەناردەكانی بەنزین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئێران تاساڵی (2018) ناچار بووە رۆژانە بڕی (27) ملیۆن تا (40) ملیۆن لیتر بەنزین لەدەرەوە بۆ وڵاتەكەی هاوردە بكات لەكاتێكدا لەناوخۆی وڵاتەكەشیدا بڕی زیاتر لە (52) ملیۆن لیتر بەنزینی بەرهەمهێناوە، بۆیە بۆ دابینكردنی بەنزینی پێویست بۆ وڵاتەكەی پەنای بۆ توركیا بردووە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشكرای كردووە لەساڵی (2020) سەرەڕای سزاكانی ئەمریكا، وڵاتی ئێران بەبەهای نزیكەی (20) ملیار دۆلار بەنزین و ماددەی پتڕۆكیمیایی لە رێگەی دەریاو وشكانییەوە رەوانەی وڵاتانی (پاكستان، ئەفغانستان، عێراق، ئیمارات) كردووە لەكاتێكدا بەرپرسانی ئێران تەنها دانیان بەوەدا ناوە كە تەنها بەبڕی سێ ملیار دۆلار بەنزین لە سنورە وشكانییەكانەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت عێراق و ئەفغانستان و پاكساتان رەوانە كراوە.

رۆیتەر ئاماژەی بەوەكردوە ئێران بەبەرزكردنەوەی ئاستی پاڵاوگەكانی بەرهەمهێنانی بەنزینی بە رێژەی (600%) بەرز كردووەتەوە و بەوەش بووە بەیەكەم هەناردەكاری بەنزین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕست و ئێران ئەوەی بەشۆڕشی بەنزین ناوەزەد كردووە كەوەرچەرخانێكی گەورەیە لەمێژووی وڵاتەكەیدا چونكە پێشتر بەهۆی قەیرانی بەنزین و گرانبوونی ئەو سوتەمەنییە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی لەئێران سەریهەڵداو سەرەڕای گیانلەدەستدانی ژمارەیەك خۆپیشاندەر، دەسەڵاتی ئێرانی تالێواری هەڵدێر برد.

بەپێی بەراوردەكان ئێران تاساڵی (2018) ناچاربووە ئەو بڕە بەنزینەی كەهاوردەی وڵاتەكەی كردووە بەنرخێكی هەرزانتر لەتێچووەكەی رادەستی هاووڵاتیانی بكات، بەڵام بەبەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین بە رادەیەك كەهەناردەی دەرەوەی بكات توانیویەتی داهاتی ناوخۆو دەرەوەی ساڵانەی بەهۆی بەنزینەوە كەپێشتر نەیبووە بگەیەنێتە زیاتر لە (23) ملیار دۆلارو ئەمەش بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات بۆ حكومەتی وڵاتەكە.

تڕەمپ و بەرهەمهێنانی بەنزین لەئێران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا لەساڵی (2018) رایگەیاند كە لە رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) دەكشێتەوە و بەسەپاندنی سزای نوێ دژی تاران ئاستی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە دەگەیەنێتە سفر، واتە رێگریی دەكات لەهەناردەكردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان، بەڵام ئەو هەڕەشەیەی ترەمپ بووە مایەی خێر بۆ ئێران، چونكە كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ كەمكردنەوەی سزاكان و خۆدورخستنەوە لەكڕینی بەنزین بە تایبەت كە بەهای دراوی تمەن دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیبوو، بڕیاری دا ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین لە رۆژانە (59) ملیۆن لیترەوە بۆ رۆژانە (120) ملیۆن لیتر بەرزبكاتەوە واتە دوو هێندەی رابردوو.

بەرپرسانی ئێران روونیان كردووەتەوە بە لەبەرچاوگرتنی سزاكانی ئەمەریكا و بەرزبوونەوەی ئاستی بەكارهێنانی بەنزین لەناوخۆی وڵاتەكەدا و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ناچاربوون رۆژانە نزیكەی (40) ملیۆن لیتر بەنزین لەدەرەوە هاوردە بكەن، بەڵام بڕیاریان داوە بەبەرزكردنەوەی ئاستی پاڵاوگەكان بەتایبەت پاڵاوگەی (ستارەی خەلیجی فارس) كەپێشتر رۆژانە سێ ملیۆن لیتر بەنزینی بەرهەمهێناوە، بۆ (107) ملیۆن لیتر بەرزبكەنەوە و ئەمەش بەگەورەترین بازدان لەبەرهەمهێنانی بەنزین ئەژمار دەكرێت كە بۆ سوككردنی باری قورسی سزا نێودەوڵەتییەكان و سزاكانی ئەمەریكا ئەنجامدراوە.

بەنزینی ئێران لەهەرێمی كوردستان و لوبنان و ڤەنزوێلا

بەپێی ئامارەكان، هەرێمی كوردستان (80%)ی بەنزینەكەی لەوڵاتی ئێرانەوە هاوردە دەكرێت لەكاتێكدا بەنزین لەو وڵاتە نرخێكی زۆر هەرزانی هەیەو نرخی هەر لیترێكی ناگاتە (200) دینار، بەڵام ئەو بەنزینەی لەئێرانەوە رەوانەی هەرێم و عێراق دەكرێت و كواڵیتییەكەشی بەجیاوازییەكی زۆرە لەبەنزینی ناوخۆی ئەو وڵاتە كەمترە، نرخەكەی دەگاتە زیاتر لە (800) دینار بۆ هەر لیترێك.

ئەو بەنزینەی ئێران لەناوخۆی وڵاتەكەیدا بەكاری دەهێنێت كوالێتییەكەی لەئاستی پێوەرەكانی ئەوروپادایە بۆ ژینگەو بزوێنەرەكانی ئۆتۆمبێل، شارەزایانی سوتەمەنی ئەو وڵاتە دەڵێن كوالێتیی بەنزینی ناوخۆی ئێران خاوەنی بڕوانامەی كوالێتیی و ستانداردی (یۆرۆ4) و (یۆرۆ 5)ە.

ئێران كەخاوەنی هەرزانترین بەنزینە لەجیهاندا لەماوەی رابردوو ئاستی هەناردەكردنی بەنزینەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكردووەتەوە و ئەوەش كاریگەریی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لەهەرێمی كوردستان.

لەمانگی نیسانی ئەمساڵەوە نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان بەبەردەوامی لەبەرزبوونەوەدا بووە بەجۆرێك نزخی هەرلیترێك بەنزینی نۆرماڵ گەیشتووەتە (700) بۆ (800)دینارو هۆكارەكانی ئەو بەرزبوونەوەی نرخەش دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كەمبوونەوەی ئاستی هەناردەی بەنزین لەلایەن ئێرانەوە، چونكە ئەو وڵاتە ئاستی هەناردەی رۆژانەی بەنزینی خۆی لە (160) هەزار بەرمیلەوە بۆ هەشت هەزار بەرمیل كەمكردووەتەوە.

نەسرەتوڵا سەیفی، راوێژكاری وزەی ژووری بازرگانیی ئێران لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی كاری ئێران (ئیلنا) رایگەیاندووە ئەزموونی وڵاتەكە ئەوە دەردەخات كە هەموو ساڵێك لەوەرزی سەرماو زستاندا ئاستی توانای پاڵاوگەكانی ئێران دادەبەزێت و ئەوەش وا دەكات بەرهەمهێنانی بەنزین بەشێوەیەكی بەرچاو كەم بكات، چونكە ئاستی هەناردەی بەنزین لە (1/4/2021) زیاتر لەیەك ملیۆن (174) تۆن بەنزین بووە، بەڵام ئەو بڕە لە (1/10/2020) بووە بە سفرو نەتوانراوە بەردەوامیی بەهەناردەكردنی بەنزین بدرێت.

لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی ئێران ئاستی هەناردەی بەنزینی وڵاتەكەیان بە روونی ئاشكرا ناكەن بەڵام لەمانگی (9)ی ئەمساڵدا سایتی ناشناڵ نیوز (thenationalnews) ئاشكرای كرد كە كەشتییەكی گەورەی ئێران بڕی (33) هەزار تۆن بەنزینی لە رێگەی بەندەری بانیاس لەسوریاوە بۆ لوبنان گواستوەتە وەك هاوكاریی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ حزبوڵای لوبنان.

بەپێی پێوانە جیهانییەكان هەر تۆنێك بەنزین هەزارو (351) لیترەو ئەو (33) تۆن بەنزینەی كەئێران بۆ لوبنانی ناردووە دەكاتە (44) ملیۆن و (583) هەزار لیتر كەدەبێتە یەك لەسەر سێی ئەو بڕە بەنزینەی كەئێران رۆژانە هەناردەی دەكات، بۆیە دوور نییە ئێران لەجیاتی هەناردەی بەنزین بۆ هەرێم، یارمەتیی حزبوڵڵای لوبنان بدات بۆ چارەسەریی قەیرانی سوتەمەنی لەو وڵاتە بەتایبەت كە حزبوڵڵا گەورەترین هاوپەیمانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.

ئێران دوای وڵاتی ڤەنزوێلا خاوەنی هەرزانترین بەنزینە لەجیهاندا كەنرخی هەر لیترێكی دەگاتە (10) سەنت، بەڵام ئەو وڵاتە تاساڵی (2019) بۆ دابینكردنی بەنزین پشتی بەوڵاتی توركیاو چەند وڵاتێكی دیكە بەستوەو توانیویەتی لەكۆتایی ئەو ساڵەدا ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزینی بە رێژەی 620٪ بەرزبكاتەوە و سەرەڕای دابینكردنی بەنزینی ناوخۆی وڵاتەكە،  بەنزینەكەی بۆ وڵاتانی عێراق، پاكستان ، ڤەنزوێلاو ئیمارات و ئەفغانستان و پاكستان هەناردە دەكات و بەیەكەم هەناردەكاری بەنزین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەمدرا.

ئەگەرچی ئێران لە رووی بەرهەمهێنانەوە بەسێیەم وڵاتی نەوتیی جیهان ئەژمار دەكرێت، بەڵام ئەو وڵاتە لەماوەی (15) ساڵدا رۆژانە (27) ملیۆن لیتر تانزیكەی (40) بەنزینی بۆ دابینكردنی سوتەمەنی، لەوڵاتانەوە بەتایبەت لەتوركیاوە هاوردە كردووە.

بەكارهێنانی رۆژانەی بەنزین لەئێران دەگاتە رۆژانە (85) بۆ(86) ملیۆن لیتر لەكاتێكدا سیستمی سوتەمەنی بزوێنەری زۆربەی ئۆتۆمبێلەكانی ئەو وڵاتە بۆ بەكارهێنانی غاز رێكخراوەو بەرپرسانی سوتەمەنیی لەئێران ئاماژەیان بەوە كردووە، ئاستی بەكارهێنانی سوتەمەنی و بەتایبەت بەنزین لەسەردەمی سەرهەڵدانی كۆرۆناوە كەمی كردووە،  بەڵام پێشتر رۆژانە (115) ملیۆن لیتر بەنزین بەكاردەهێنرا، بۆیە ئاستی هەناردەی بەنزین لەسەردەمی كۆرۆنادا بۆ هەشت هێندەی رابردوو بەرزبووەوە.

ئێران لەساڵی رابردوودا بەبەهای دوو ملیارو (900) ملیۆن دۆلار بەنزینی بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەت عێراق و هەرێمی كوردستان رەوانە كردووە، بەڵام  لە چوار مانگی ئەمساڵدا تەنها بەبەهای (700) ملیۆن دۆلار بەنزینی رەوانەی دەرەوەی وڵاتەكەی كردووە لەكاتێكدا نرخی بەنزین بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوەو ئەوەش ئاماژەیە كەبڕی هەناردەی بەنزینی ئێران بۆ وڵاتانی دەرەوە زۆر كەمی كردووە.

سایتی ئارگۆس كە تایبەتە بەبڵاوكردنەوەی هەواڵەكان و شیكارییەكانی نەوت و سوتەمەنی لەبازاڕەكانی جیهان ئاشكرای كردووە ساڵی (2020) ئاستی هەناردەی بەنزینی ئێران حەوت ملیۆن و (800)هەزار تۆن بووە كە دەكاتە(160) هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەڵام ئەو بڕە لەمانگی تەمموزی ئەمساڵەوە بۆ رۆژانە هەشت هەزار بەرمیل دابەزیوە.

گومان دەكرێت ئێران دوور لەچاوی ئەمەریكاو وڵاتانی جیهان بەشێوەیەكی نهێنی بڕێكی بەرچاو لەبەنزینی بەرهەمهێنراوی وڵاتەكەی رەوانەی لوبنان و ڤەنزوێلا بكات بەتایبەت كە ئەو دوو وڵاتە لەقەیرانی قوڵی سوتەمەنیدان و ئەمریكاش ئێران تۆمەتبار دەكات كە بەهۆی هەناردەكردنی سوتەمەنی بۆ ئەو دوو وڵاتە دەبێتە هۆی سەپاندنی سزای زیاتر لەلایەن واشنتۆنەوە بەرامبەر حزبوڵڵای لوبنان و دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا.

راگرتنی هەناردەی بەنزین و گازئۆیل لەئێرانەوە

لەماوەی رابردوودا هەواڵێك لە میدیاكانی ئێران بڵاوبووەوە كە بەپێی فەرمانێكی نووسراوی عەباس میرزایی، جێگری بەرێوەبەری هەناردەو هاوردەی سوتەمەنیی كۆماری ئیسلامی ئێران؛ هەناردەی سوتەمەنی لە رێگەی وشكانییەوە بۆ ماوەیەكی كاتی رادەگیرێت و هەواڵەكەش لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە بڵاو كرایەوە كە هەناردەی سوتەمەنی بەتایبەت بەنزین لەئێرانەوە بۆ هەرێم رداگیرێت و قەیرانی بەنزین روو لەهەرێمی كوردستان دەكاتەوە، لەكاتێكدا بەپێی ئەو نووسراوە « راگرتنی هەناردەی سوتەمەنی لە رێگەی سنورە وشكانییەكانەوە بەتەواوەتی چاوەڕەوان نەكراوە» واتە دوای ماوەیەكی كاتی هەناردەكردنی سوتەمەنی بەردەوام دەبێت و لەبەشێكی دیكەدا روون كراوەتەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خواستی بەنزین لەناوخۆی ئێران پێویستە لە سێ رۆژی داهاتوودا بەرپرسان بەهەماهەنگی و رێكخستنەوەی ئاستی خواست و بەكارهێنان و هەناردەكردنی سوتەمەنی چارەسەری دۆخەكە بكرێت.

لەو نووسراوەدا كە لە رێككەوتی (30/9/2021) دەرچووە ئاماژە بەوە كراوە لەماوەی سێ رۆژی دوای كۆبوونەوەی بەرپرسان لەسەر چۆنیەتی هەناردەی سوتەمەنی بەتایبەت بەنزین بڕیارو رێكاری نوێ رادەگەیەنرێت ئەمەش ئاماژەیە كە فەرمانەكە بەشێوەیەكی كاتییە ئەگەرچی قەیرانی گرانبوونی بەنزین لەهەرێمی كوردستان لەمانگی نیسانەوە بەردەوامەو تائێستاش چارەسەر نەكراوە بەڵام هۆكارە سەرەكییەكانی گرانبوونی بەنزین یان قەیرانی سوتەمەنی ناگەڕێتەوە بۆ ئەم بڕیارەو فەرمانەكانی بەرپرسانی سوتەمەنی ئێران سەبارەت بە هەناردەكردنی بەنزین. 

ئێران بەهۆی ئەو سزا نێودەوڵەتییانەی لەسەریەتی ناچارە بۆ دەستخستنی داهات و قەرەبووكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی وڵاتەكەی بەردەوام بێت لەفرۆشتنی سوتەمەنی بۆ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت كەسنورێكی هاوبەشی زۆری وشكانیی هەیە بۆیە پێناچێت ئەو وڵاتە دەستبەرداری فرۆشتنی بەنزین بێت، چونكە ئاستی بەرهەمهێنانی لەزۆربەی پاڵاوگەكانی خۆی بەرزكردووەتەوە ئەویش لەپێناوی تێپەڕاندن و سوككردنی باری قورسی سزاكانی ئەمەریكا لەدژی وڵاتەكەی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار