گردبونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامە
مامۆستایەكی وانەبێژ بۆ هاوڵاتی: چارەسەری كێشەی ئێمە تەنیا دامەزراندنە
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
مامۆستایانی وانەبێژ لەسنوری پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە گردبوونەوە و داوایانکرد حکومەتی هەرێم بە دەم داواکارییەکانیانەوە بچێت و بەهەمیشەیی دابمەزرێندرێن و ساڵانی خزمەتیان بۆ هەماژبکرێت، دەشڵێن، بەپێچەوانەوە تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان ناگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
ئەمڕۆ سێشەممە ، 19ی تشرینی یەکەمی 2021، دەستەی سەرپەرشتیاری مامۆستایانی وانەبێژ لە راگەیەنراوێکدا باس لەوەش دەکەن، داوا دەکەن حکومەتی هەرێم بێ جیاوازی و لەسەر بنەمای خزمەت و ساڵانی دەرچون، هەلی دامەزراندنی هەمشەییان بۆ بڕەخسێنێت.
ئەوەش هاتووە، داواش دەکەن لەکاتی دامەزراندنیاندا بەهەمیشەیی پێویست دەکات ساڵانی خزمەتیان بۆ هەژماربکرێت و وەڵامی هەردوو داواکارییەکانیان لە زوترین کاتدا بدرێتەوە.
یەكێك لە مامۆستا ناڕازییەكانی سونری پارێزگای سلێممانی بۆ هاوڵاتی دوا و وتی:" تەنیا داواكاری ئێمە دامەزراندنی هەمیشەییە چونكە دەزانین هەموو ناوەندەكان پێویستیان بە ئیمەیە و داواكاریەكەمان ڕەوایە".
ماردین جەزا، 6ساڵە مامۆستای وانەبێژە، جەختی لەوەكردەوە: ناچنەوە هۆڵەكانی خوێند و وتی:" تا حكومەت وەڵاممان نەداتەوە ناچینەوە هۆڵەكانی خوێندن و لەسەر مانگرتنی خۆمان بەردەوام دەبین".
مامۆستایەكی دیكە لە سنوری رانیە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد:" تەنیا بە هەمیشەیی كردن دەیانگێڕێتەوە ناوەندەكانی خوێندن و وتی:" حوكمەت پێویستی بە ئێمەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی دینارێك بۆ گرفانی خۆیان كەمنەبێتەوە نایەوێت بمانكاتە هەمیشەییی".
هاوكات پێشترعومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندوە، پاشئەوەی وەڵامدراونەتەوە کە بەهۆی خراپی دۆخی داراییەوە حکومەت مامۆستایانی وانەبێژ دانامەزرێنێت، "بۆیە داوا لەحکومەت دەکەین وەڵامی نوێو چارەسەری گونجاو بۆ مامۆستایانی وانەبێژ بدۆزێتەوە، بەجۆرێک هاوتابێت لەگەڵ باشبونی دۆخی دارایی هەرێمو ئەو داهاتەی ئێستە دەگاتە دەست حکومەت".
ئەمەش لەكاتێكدایە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەاندراوێكدا رایگەیاند:" کێشەى مامۆستایانى وانەبێژ چارەسەرى کۆتایى بۆ بدۆزنەوە، کێشەکانیان لە ماوەکی نزیکدا چارەسەر بکرێت."
چەند رۆژێکە مامۆستایانی وانەبێژ لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بایکۆتی دەوامیان کردووە و گردبوونەوە دەکەن. ئەمڕۆ لە بەردەم نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی کوردستان بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوە، هاوکات لە سنووری چەمچەماڵ و سەیدسادقیش ئەو مامۆستایانە گردبوونەوەیان ئەنجامدا جەختیان لەوە كردۆتەوە چارەسەری ئەوان تەنیا " دەمەزراندنە".