ئاوی بەنداوی دوكان لەپیسبوون نزیك دەبێتەوە

«تەنها بەبەرزی دوو مەتری بەنداوەكە شیاوە بۆ خواردنەوە دوای ئەوە رەنگ و بۆنەكەشی دەگۆڕێت»

3 ساڵ لەمەوپێش



 

شاناز حەسەن

لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی لەبەنداوی دوكان هۆشداری دەدات كە بەهۆی نەبارینی بارانەوە ملیارێك مەتر سێجا بەنداوەكە كەمیكردووەو دەشڵێت:» تەنها بەبەرزی دوو مەتری بەنداوەكە شیاوە بۆ خواردنەوە دوای ئەوە رەنگ و تامەكەشی دەگۆڕێت».

بەنداوی دوكان ئاوەكەی نزیك دەبێتەوە لەپیسبوون بەهۆی كەمبوونەوەی رێژەی ئاو لەو بەنداوەداو لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی بەنداوەكەش ئاماژە بەوە دەدات گەر زوو باران نەبارێت لەو مەترسییە گەورەیە نزیك بووینەتەوە.

سەلام  نەجم، لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی لەبەنداوی دوكان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»لەئێستادا رەنگی ئاوەكە جێگیرەو كێشەی نیە، بەڵام رێژەكەی بەشێوەیەك كەمبۆتەوە كەڕۆژانە پێنج سانتیمەتر كەمدەبێتەوە و ئاستی ئاوەكە دادەبەزێت، بۆیە تەنیا بەبەرزی دوو مەتری ماوە بگاتە ئەو حاڵەتەی رەنگەكەشی و بۆنەكەشی بگۆڕێت و بۆ خواردنەوە نەشێت».

ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە ئاوی بەنداوەكە رەنگەكەی و بۆنەكەی دەگۆڕێت، كە ئەو ماددانەی لەژێر ئاوەكەدان رێژەی ئۆكسجینی تێدا كەمەو دەئۆكسێت و گازی كبریتیتی هایدرۆجین دەردەكات و بۆنەكەی وەك غازی ماڵانی لێدێت و بۆن و رەنگەكەشی بەهۆی جۆرە قەوزەیەكەوە كە لەبنكی ئاوەكەدا دروست دەبێت ئەو حاڵە لەئاوەكەدا دروستدەكات.

بەبەراورد بەساڵانی پێشوو لەئێستادا ئاوی دوكان ملیارێك مەتر سێجا ئاوی كەمترە لەساڵانی رابردوو، واتە ئێستا 2,3 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە،  كە پێنج مەترو نیو ئاو كەمتری تێدایە بەراورد بەساڵانی دیكە لەم وەرزەدا

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار