ئەندامێكی لیژنەی دارایی بۆ هاوڵاتی: مانگانە داهاتی حكومەت 290 ملیار دیناری زیاترە لە كۆی خەرجیەكان
"وەڵامەکانی حکومەت بۆ بودجەو داهاتو خەرجی پەسەند ناکەین"
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
ئهندامێكى لیژنهى دارایی لهپهرلهمانى كوردستان رایگەیاند:" وەڵامەکانی حکومەت بۆ بودجەو داهاتو خەرجی پەسەند ناکەین". دهشڵێت:"هەرێمی کوردستان مانگانە 290 ملیار دیناری زیاترە لەخەرجییەکانی مانگانە بۆ هەموو بوارەکان".
ئەمڕۆ چوارشهممه 20ی تشرینی یەکەمی 2021، عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:"بهژماره (116) له 25ى 7ى 2021 داوام لەوەزارەتی دارایی کرد هۆکاری ئامادەنەکردنی یاسای بودجەو نەناردنی بۆ پەرلەمان بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەسەریەک ڕونبکاتەوە، بەنوسراویان وەزیری دارایی وەڵامی داوینەتەوە، لەوەڵامەکەدا لەلایەک کەمتەرخەمییەکە لەکۆڵی وەزارەت دەکاتەوەو ئەیخاتە ئەستۆی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانو ئەڵێت ئێمە لە2017وە بەردەوام ڕەشنوسی یاسای بودجەمان ئامادەکردوەو ناردومانە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە".
دهشڵێت:"لەلایەکی ترەوە هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بودجەی هەرێم پشت بەداهاتی پشکی هەرێم لەبودجەی عێراق دەبەستێت، ئەوەش چەند جارێکە گۆڕانکاریی تێدادەکرێت، بۆیە نەتوانراوە یاسای بودجە ئامادەبکرێت!".
ئهو پهرلهمانتاره وتیشی:" ئهو دوو هۆکارە هیچیان هۆکارو پاساوی ڕاستەقینەنین، ئەوەی کەمێک شارەزایی لەیاساو بواری ئابوریو دارایی هەبێت، دەزانێت ئەم هۆکارو پاساوانە پەسەندنین بۆ نهبونی یاسای بودجه، چونکە پێویستە ئەنجومەنی وەزیران لەسەرەتای تشرینی یەکەم، واتە مانگی (10)ی هەر ساڵێکی دارایدا پڕۆژەیاسای بودجەی خۆی بنێرێتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکرێتو پەسەندبکرێت، بەڵام جگە لەساڵانی ڕابردوو، وا ئەمساڵیش لەکۆتایی مانگی (10) نزیکدەبینەوەو هیچ باسێک لەپڕۆژەیاسای بودجە نییە".
گوڵپى ئاماژه بهوهشدهكات، "لەساڵی 2014وە هەرێم خۆی بەرپرسیاری سیاسەتی ئابوری خۆی لەئەستۆگرتوە، هەروەها چاوەڕوانی بەشە بودجەی بەغدا ڕاست نییە، چونکە ئەنجومەنی وەزیران دەتوانێت بەداهاتی خۆی (کە ئێستا داهاتێکی گەورەیە) یاسای بودجە دابڕێژێتو لەپەرلەمانەوە پەسەندبکرێت، پاشان هەر بڕە پارەیەکیش لەبەغداوە گەیشتە هەرێم بەپاشکۆیەک بۆ بودجەی هەر ساڵێک لەپەرلەمانەوە پەسەندبکرێت یان هەمواربکرێت، یان وەک وەفر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت".
سهبارهت بهداهاتى مانگانهى ئێستاى ههرێم ئهو پهرلهمانتاره دهڵێت:"حکومەتی هەرێم بەشێوەی کرداری داهاتی خۆی هەیە کە تەنها خۆی بەرپرسیارێتیو بەغدا هیچ ئاگاداری داهاتو خەرجییەکانی نییە، لەئێستادا نرخی جیهانی نەوت نزیکەی (85) دۆلارە، واتە نەوتی هەرێم بەنزیکەی (70) دەفرۆشرێت، بەمجۆرە داهاتی نەوت نزیکەی (700 ملیار دینار)ی مانگانەیە پاش لێدەرکردنی خەرجییەکان".
ئهو پهرلهمانتاره جهختیكردهوه، "هەرێمی کوردستان مانگانە داهاتی زیاترە لە(یەک ترلیۆنو دوو سەدو چل ملیار دینار)ی مانگانە، کە (290 ملیار دینار)ی زیاترە لەخەرجییەکانی مانگانە بۆ هەموو بوارەکان کە (950 ملیار دینار)ن بەموچەی تەواویشەوە، ئیتر بۆ ناکرێت ئەم داهاتو خەرجیانە لەچوارچێوەی یاسای بودجە ڕێکبخرێن؟ چی ڕێگرە؟ کێ ڕێگرە؟ ئەنجومەنی وەزیران پارەی کوردستان چی لێدەکات؟".