ئاغایەك بێ بەرامبەر پارچە زەوی دەداتە ئەوانەی هاوسەرگیری دەكەن
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
زەید موحەمەد فارس، كەهاوكات ئاغای گوندێكە، لە 2010 تائێستا 103 پارچەزەوی بەبێ بەرامبەر لەسەر ئەو گەنجانەی تازە هاوسەرگیریان كردووە دابەشكردووە.
گوندی دۆلیجان دوو هەزارو 250 كەس نیشتەجێن كە 410 خێزان دەكات كە سەر بەقەزای بەردەڕەشە لەسنوری پارێزگای دهۆك، ئاغای گوندەكە بۆ هەموو ئەوانەی ژیانی نوێی هاوسەرگیری ئەنجامدەدەن 250 مەتر زەویان بەبێ بەرانبەر بۆ دابین دەكات.
سەلمان موحەمەد چافشین ، موختاری گوندی دولێجانە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « زەید موحەمەد فارس ، ئاغای گوندی دولێجان زۆر هاوكاری نیشتەجێبووانی گوندی دولێجان دەكات، هەر گەنجێك هاوسەرگیری بكات یان خێزانێك لەماڵدا شوێنەكەیان بەرتەسك بێت، ئەوا شێخ زەید پارچەزەویەكی 250 مەتری بێ بەرامبەریان پێدەدات».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد لەساڵی 2010 تائێستا (103) پارچەزەوی بێ بەرامبەر بەسەر ئەو گەنجانەدا دابەشكردووە.
«هەر گەنجێكی گوندەكە داوا لەشێخ زەید بكات بەبێ دوودڵی پارچەزەویەكی پێدەدات، شانازی بەو كارەی شێخ زەید دەكەین، ئێستا كێشەی سەرەكی لەبەردەم گەنجان بەتایبەت ئەوانەی تازە هاوسەرگیری دەكەن نەبوونی پارچەزەویەكە یان خانووە، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەم كێشەیە لەگوندەكەماندا نیە»، سەلمان موحەمەد جاڤشین وادەڵێت.
شڤان سادق، خەڵكی گۆندی دولێجانەو یەكێك لەو گەنجانەی كە پارچەزەویەكی بێ بەرامبەر وەرگرتووە بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە لەساڵی 2018 ژیانی هاوسەرگیریی پێكهێناوەو خانووی باوكی زۆر گەورە نیەو شوێنی هەموویان نەدەبووەوە، وتیشی:»دوای ماوەیەك حەزمكرد خانووەیەكی سەربەخۆ بۆ خۆم دروست بكەم، داوام لەشێخ زەید كرد تا پارچەزەویەكم پێبدات، بەخۆشحاڵییەوە پارچەیەزەویەكی 250 مەتری بەبێ بەرامبەر پێداوم ، لێرەوە زۆر سوپاسی ئەو دەكەین كە هاوكاری من و دەیان گەنجی تری كردووە ، هیوادارین نموونەیان زۆر بێت «.
شڤان سادق ئەوەشی خستەروو كە «ئەگەرئەو پارچە زەویە وەرم نەگرتایە دەبوو بە پارە بیكرم یان گوندم بەجێبهێشتایە ئەوەش بۆ من زۆر قوڕس دەبوو، چونكە دایك و باوكم و تەواوی خزم و كەس وكارم لەناو گوندا دەژین ، دۆخی دارایی منیش رێگای نەدەدا بچم لە شارێك یان هەر شوێنێك پارچە زەویەك بە پارە بكڕم».
زەید موحەمەد فارس، ئاغای گوندی دولێجان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «مێژووی دابەشكردنی پارچەزەوی بۆ سەر خەڵكی گوندەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی باب و باپیرانم، ئێمەش هەمان رێبازی ئەومان گرتووەتەبەر، ئەمە ئەركی خۆمانەو تا لەژیاندا بین دابەشكردنی پارچەزەوی بێ بەرامبەر بۆ خەڵكی گوند بەردەوام دەبێت، پێكهێنانی هاوسەرگیری لەمكاتەدا بۆ گەنجان قوڕسە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەو بارە قورسە لسەر ملی ئەوان كەمێك سووك بكەین تابتوانین بەئاسانی و بێ كێشە ژیانی هاوسەری پێكبێنن».
«هەر گەنجێك لەگوندی دولێجان بەتایبەت ئەوانەی تازە هاوسەرگیرییان پێكهێناوە داوا لەمن بكات پارچەزەویەكی پێبدەم ئەوا بێ دوودڵی پێی دەدەم ، بۆ من دڵخۆشكردنی ژن و پیاوێك لەهەموو ماڵی دونیا بەقیمەتترە ، زەید موحەمەد فارس وا دەڵێت