بافڵ تاڵەبانی: گرنگی بەتوانا و ھێزی گەنجان دەدەین و دەیانھێننە پێشەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند:"ەکێتی لەبەردەم گۆڕانکاریی ریشەیی  حزبیدایە و گرنگی بەتوانا و ھێزی گەنجان دەدەن و دەیانھێننە پێشەوە".

ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ 24ی تشرینی یه‌كه‌می 2021،بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازی لە پاولا کانلی، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کرد.

بەپێی راگەیێنراوێکی نووسینگەی هاوسەرۆکی یەکێتی، لە دیدارێکدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئوسترالیا کردەوە بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات بەتایبەت لە بواری ئابووری و وەبەرھێنان ھانی سەرمایەداران و خاوەن کاران بدرێت لە ھەرێمی کوردستان سەرمایەکانیان بخەنەگەڕ و ھاوکاربن بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە پرسە سیاسییەکان و قۆناخی دوای هەڵبژاردن و ئەگەرەکانی پێکهێانی حکومەتی نوێی عێراق و بەشداریی کورد، بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە "دۆخی سیاسیی عێراق ناسەقامگیرە، ململانێی ئیقلیمی و ناوچەییەکان کاریگەری راستەوخۆیان ھەیە لەسەر سەقامگیری سیاسی و داھاتووی ئەو حکومەتەی پێکدەھێنرێت، بۆیە تاکە رێگاو چارەسەر بۆ گەیشتن بە حکومەتێک کە ببێتە مایەی ئارامی و رەزامەندی ھەموولایەک، پێکھێنانی حکومەتی شەراکەت و تەوافقییە لەسەر بنەمای خزمەتکردن و بەرنامەی چاکسازی و گۆڕانکاری ریشەیی لە بەڕێوەبردن چونکە ئەمە رێگە دروستەکەیە بۆ سەقامگیریی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتیش."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ ئەرکەکانی رێکخراوەیی و راستکردنەوەی رێڕەوی حیزبی رایگەیاند "یەکێتی لەبەردەم گۆڕانکاریی ریشەیی حیزبیدایە و بەپێی پەیڕەو ھەڤاڵێتی کارەکانمان رێکدەخینەوە و زیاتر گرنگی بەتواناو ھێزی گەنجان دەدەین و دەیانھێنینە پێشەوە، کادریش لەسەر بنەماکانی  رۆشبیری و فیکری پەروەردە دەکەینەوە و ژیانی سیاسیمان بەتەواوەتی گەنج دەکەینەوە."

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆئەوەشکرد وەک یەکێتی لە ھەوڵی دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانیی کوردن "لەسەر بنەمای نەتەوەیی تا بتوانین وەک یەک ھێزی یەکگرتوو لە ناوەند داکۆکی لەمافەکانمان بکەین و بەشداری فیعلی بین لە بڕیار و ئیدارەدانی عێراق و کۆتایی بە سیاسەتی  خۆسەپێنی و دەمارگیری بێنین و ناکۆکییەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکەین کە ئەم نیەتەش تەنھا بە یەکگرتوویی ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان دێتەدی."

هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی دیکەی "جێی بایەخ"ی ھەردوولا گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار