خالید شوانی: پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە و لەنێو کوردیش پشکی یەکێتییە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند:" پارێزگاری کەرکووک پشکی کوردە و لەنێو کوردیش پشکی یەکێتییە؛ بۆیە پێویستە پارێزگار بە رێککەوتنی کورد و نەتەوەکان دابنرێت".

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند:" کەرکووک بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و خەڵکەکەی لە دۆخێکی دەروونی خراپدان، "بۆیە دەبێت وەکو کورد واز لە ململانێ بهێنین و هەموومان بەرنامەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییمان هەبێت و پەیامی بۆ پێکهاتەکانی دیکەش پێبێت".

خالید شوانی، کە هاوکات وەزیری هەرێمە بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگاری کەرکووک پشکی کوردە و لەنێو کوردیش پشکی یەکێتییە؛ بۆیە پێویستە پارێزگار بە رێککەوتنی کورد و نەتەوەکان دابنرێت، "کێشەی کەرکووک پرسێکی سەختە، چونکە پرسێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشە، پێویستە پرسەکە لە میدیا دووربخرێتەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆی راستەقینە".

خالید شوانی هۆشداریی دا لەبارەی خراپتربوونی دۆخی کەرکووک و وتی، "ئەگەر حیزبەکان بەم عەقڵیەتە ئیدارە بدەن، کەرکووک لە ئێستا باشتر نابێت و خەڵکیش قبووڵی ناکات"، ئاماژەی بەوەش کرد، "پۆستی پارێزگار هی کوردە و بەپێی دەنگیش یەکێتی زۆرینەیە و دەبێت بۆ یەکێتی بێت، بەڵام ئێمە دەڵێین با بە گفتوگۆ بێت".

لەژێرناونیشانی "عێراقیکی سەقامگیر بۆ هەرێمێکی سەقامگیر"، ئەمڕۆ سێشەممە 26-10-2021  لە هەولێر دیداری مێری دەستی بە کارەکانی کرد؛ لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بەرپرسی عێراق و هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق و کۆنسوڵەکانیان لەهەرێمی کوردستان بەشداردەبن؛ دیدارەکە دوو رۆژ دەخایەنێت و هەشت تەوەر لەخۆدەگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار