هاوڵاتی ناوی كاندیدانی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك ئاشكرا دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك لەناو پارتی و یەكێتی گفتوگۆی چڕی لەسەر دەكرێت و هەر لایەنەو كاندیدی خۆی بۆ دیاری كردووە، بەڵام هێشتا رێككەوتنیان لەسەر نەكردووە.

لەساڵی 2005 لەو كاتەی جەلال تاڵەبانی بووەتە سەرۆكی كۆماری عێراق، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرتووەو تائێستاش دوای كۆچی مام جەلال بەو شێوەیە بووە، بەڵام دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كە پارتی 33 كورسی بەدەستهێناوەو یەكێتی 16 كورسی بەدەستهێناوە، هەوڵێك لەنێو پارتی لەئارادایە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.

سەرچاوەیەكی باڵای پارتی كەتایبەت بۆ هاوڵاتی دوا ئەوەی راگەیاند كە پارتی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری كردووەو ناوەكەشی ئاشكرا دەكات.

سەرچاوەكەی ناو پارتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایكردووەتەوەو كاك وشیار زێباری دیاری كردووە».

هەروەها باسی لەوەشكرد كە پارتی دەیەوێت كاندیدی سەرۆك كۆمار ببات، بەڵام لەنێوان پارتی و یەكێتی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، وتیشی:» لەناو یەكێتی مەلا بەختیارو عەدنان موفتی كاندیدن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار».

هەروەها ئەو بەرپرسەی ناو پارتی وتیشی:»ئەگەر مەلا بەختیار لای یەكێتی مەقبول بێت ئەوا لەناو پارتیش كەسێكە مەقبولە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار».

هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە ئەگەر یەكێتی جەخت لەپۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوە، ئەوكات پۆستی پارێزگاری كەركوك دەبێت بۆ پارتی بێت، وتیشی:» رێبوار تاڵەبانی یەكێكە لەكاندیدەكانی پارێزگاری كەركوك، بەڵام لەوانەیە لای یەكێتی مەقبول نەبێت و پێی رازی نەبێت، یەكێتی گلەیی زۆریان لێی هەیەو لەناوچەوانی ئەوی دەزانن كە دوای 16ی ئۆكتۆبەر نەچووە ژێر داواكارییەكانی یەكێتی و دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بكات، یەكێتیش رێبوار تاڵەبانی لەسەر پارتی حساب دەكات».

سەرچاوەكەی ناو پارتی ئەوەشی خستەڕوو كە یەكێكی دیكە لەكاندیدەكانی پارێزگاری كەركوك فەرەیدون عەبدولقادر، كەسێكی مەقبولە لای یەكێتیش، وتیشی:» فەرەیدون عەبدولقادر بژاردە بەهێزەكە دەبێت و یەكێكە لەدامەزرێنەرانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و یەكێكە لەدامەزرێنەرانی یەكێتیش كەسێكە زۆر نزیك بووە لە مام جەلال و هەموو ژیانی لەكەركوك بووەو خەڵكی ناو پێكهاتەكانی كەركوك باش دەناسێت».

فەرەیدون عەبدولقادر لەساڵی 2004 لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان هاتۆتە دەرەوەو وەك كەسێكی بێلایەن خۆی دەناسێنێت.

بەرپرسەكەی پارتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە یەكێك لەو خاڵانەی كورد لەگەڵ لایەنی پێكهێنەری داهاتووی حكومەتی عێراق باسی دەكات ئەوەیە كە «وەرگرتنەوەی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ئەنجامبدرێت».

بەرپرسەكەی پارتی پێشیوابوو ئەگەر سەرۆك كۆمار بۆ پارتی بێت، ئەوكات پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك مەرجی دەبێت بۆ كاندیدەكەی یەكێتی كە «بەشدارینەكردبێت لە 16ی ئۆكتۆبەردا»، ئەوكات ئامادەیە پشتیوانی لێ بكات.

هاوڵاتی پەیوەندی کرد بەچەند ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە، یەکێک لەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کە نەیویست ناوی بهێنرێت لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارو پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە بەهاوڵاتی وت: »پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرانبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمدا لەنێوان پارتی و یەكێتیدا دابەشكراوە، بۆیە ئەگەر پارتی پۆستی سەرۆك كۆماری دەوێت، دەبێت پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی بێت».

هەروەها لەبارەی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، جەختی لەوەكردەوە كە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەی راگەیاندووە كە تاكە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار»بەرهەم ساڵح» دەبێت، وتیشی:» هەندێ ناوی دیكە باس دەكرێت بەڵام پێویستی بەگفتوگۆو دانوساندنە لەنێوان كورد خۆیدا».

دەربارەی پرسی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەوەی دووپاتكردەوە كە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی دەبێت، وتیشی: »خالید شوانی یەکێکە لەکاندیدە بەهێزەکانی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام ئاساییە یەكێتی و پارتی گفتوگۆ بكەن و رێكبكەون لەسەر كاندیدێك، بەڵام دواجار دەبێت پارێزگار یەكێتی بێت».

هاوكات، رەشاد گەڵاڵی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لەهەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پارتی حەق نییە باسی پۆستی سەرۆك كۆمار بكات، چونكە ئەو پۆستە بەرانبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، ئاساییە یەكێتی تەنازول لەپۆستی سەرۆك كۆمار بكات تا سەرۆكی هەرێم وەربگرێت».

رەشاد گەڵاڵی پێشیوابوو كە پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرانبەر پۆستی پارێزگاری كەركوكدا نییە بۆ پارتی، وتیشی:» یەكێتی پێشتر هەوڵیداوە كە پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت».

 «یەكێتی هیچ كات تەنازول لەپۆستی پارێزگاری كەركوك ناكات، چونكە دەزانین داواكاری پارتی بۆ ئەو پۆستە داوای توركیایە كە عەرەب و توركمانەكانی كەركوكیش لەگەڵیدان»، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی وای وت.

رەشاد گەڵاڵی جەختی لەوەشكردەوە كە «رێبوار تاڵەبانی و فەرەیدون عەبدولقادر بوونەتە پارتی و هەردووكیان راوێژكارن لەناو حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمدا».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار