بەرپرسێكی یەكێتی: هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی بەم نزیكانە كۆدەبنەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتی 

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لەهەولێر ئەوە ئاشكرا دەكات كە بەم نزیكانە كۆبوونەوەی لوتكە لەنێوان هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی ئەنجامدەدرێت، دەشڵێت:» ئێستا لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەوە روونبووەتەوە كە پاشەكشەی یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە بووە».

رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی لەهەولێر لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی  وت:» تەسەور دەكەین لەماوەیەكی نزیكدا كە رەنگە لەماوەی 72 كاتژمێری داهاتوودا بێت هەردوو هاوسەرۆك كاك بافڵ تاڵەبانی و كاك لاهور شێخ جەنگی كۆبوونەوە ئەنجامبدەن، ئەگەر شتی دیكە روونەدات ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامدەدرێت».

ناوبراو وتیشی:» دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كە یەكێتی هەم بەدەنگ و هەم بەكورسی پاشەكشەی كردووە، ئەوەتا كاك شاڵاو عەلی عەسكەری و كاك فەرید ئەسەسەردیش باسی ئەوەیان كردووە ئەگەر یەكێتی كێشەی ناوخۆیی نەبوایە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەم شێوەیە نەدەبوو كورسییەكان و ژمارەی دەنگەكانی یەكێتیش زۆر زیاتر دەبوو».

رەشاد گەڵاڵی ئەوەشی دووپاتكردەوە یەكێتی كەهاوپەیمانێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەبووە، ئەگەر كێشە ناوخۆییەكانی نەبوایە 25 بۆ 26 كورسی بەدەستدەهێناو 150 هەزار دەنگیش زیاتری بەدەستدەهێنا، وتیشی:» ئێستا لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی تەسەورێك دروست بووە كە پاشەكشەی یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە بووە، بۆیە كۆبوونەوەی هەردوو هاوسەرۆك خاڵێكی ئیجابیە بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان».

بەرپرسەكەی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە جارێ نازانرێت كۆبوونەوەی هەردوو هاوسەرۆك دەرئەنجامەكەی چی دەبێت، بەڵام ئەوە بۆ یەكێتی و هەموو لایەك روونبووەتەوە كە كێشە ناوخۆییەكان زیانی گەورەی بەیەكێتی گەیاندووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار