24 هەزار فەرمانبەری گرێبەست داوای بەهەمیشەیی كردنیان دەكەن
سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: رەزامەندی سەرۆكی حكومەتی دەوێت
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
نوێنەی فەرمانبەرانی گرێبەست ئاماژە بەوە دەدات حكومەت دوو ملیار دینار قازانج دەكات لە بەهەمیشەیی كردنیان و دەشڵێت ژمارەیان 24 هەزار كەسەو چاوەڕێی كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێم دەكەن.
لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 24 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەیە، زۆرترینی لەوەزارەتی شارەوانیە كەژمارەیان 14 هەزار فەرمانبەرەو دوای شارەوانی وەزارەتی تەندروستی دێت و كەمترین فەرمانبەری گرێبەستیش لەوەزارەتی ناوخۆیە.
لەماوەكانی رابردوودا لەسەر خواستی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران نووسراو ئاڕاستەی سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بەژمارە 10432 لە رۆژی 2/9/2021 بەمەبەستی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پرسی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست.
سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 13/9/2021 لەنووسراوێكدا كە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كردووە بەژمارە 10995 داوای تەواوی داتاو زانیارییەكانی تایبەت بەفەرمانبەرانی گرێبەستی كردووە، كە لەداواكارییەكەدا (ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست، خشتەی بەراوردكاری بڕی مووچە بەهەمیشەیی و بەگرێبەستی، رای وەزارەتی دارایی بۆ ئەم پرسە) تێدا جێگە كراوەتەوە.
وەزارەتی دارایی لەنووسراوەكەیدا دەڵێت: «بۆ ئەوان تەرخانكراوە كە ئێستا مووچەی گرێبەستی لێ وەردەگرن دەتوانرێت بكرێن بەهەمیشەیی و هیچ بارگرانیەكی دارایی دروست ناكات».
ستار سەعید، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دامەزراندنمان وەك فەرمانبەری هەمیشەیی باری شانی حكومەت لەڕووی داراییەوە سووك دەكات، چونكە دوو ملیارو هەشت سەد و پێنج ملیۆن دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە».
هەروەها فەرمانبەرانی گرێبەست دەڵێن: «ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە نەك بارگرانی بۆ حكومەت دروست ناكەین، بەڵكو لەڕووی دارایی و ئیداریشەوە ئەركی سەرشانی حكومەت ئاسانتر دەكەین».
فەرمانبەرانی گرێبەست داوا دەكەین كە پرسی بەهەمیشەییكردنیان بەشێك بێت لەبەرنامەی كاری ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمڕۆ چوارشەممە لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەسەر بدرێت».
لەكۆتاییدا هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی دیكە دەكەن، ئەگەر وەڵامنەدرێنەوە، لەوبارەیەوە دەڵێن: «لەكاتی بەدەمەوە نەهاتنی داوا رەواكانی فەرمانبەرانی گرێبەست بەدڵنیاییەوە رێگەی شەقام و گوشاری مەدەنی دەگرینەبەرو گردبوونەوەی سەرتاسەری لەتەواوی هەرێم و بەردەم ئەنجومەنی وەزیران دەكەین».
ستار سەعید، باسی لەوەشكرد كەژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەهەرێمی كوردستان 24 هەزار فەرمانبەرە، لەو ژمارەیە 14 هەزاریان لەسەر میلاكی وەزارەتی شارەوانین.
هەروەها جەختی لەوەشكردەوە فەرمانبەری گرێبەست هەیە كە لەنێوان چوار تا 15 ساڵە خزمەتیان هەیەو هێشتا نەكراوین بەفەرمانبەری هەمیشەیی، لەكاتێكدا هەموو ئەركەكانی فەرمانبەری ئاساییان لەسەر جێبەجێ دەكرێت.
موچەكانی فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێوان 300 بۆ 700 هەزار دینار دەبێت و پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان رێنمایی هەبووە هەر فەرمانبەرێكی گرێبەست خاوەنی سێ ساڵ خزمەت بێت، دوای ئەو ماوەیە دەبێتە فەرمانبەری هەمیشەیی.
نەسرین مەولود، ماوەی هەشت ساڵە فەرمانبەری گرێیەستە سەر بەوەزارەتی شارەوانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ماوەی زیاتر لەهەشت ساڵە وەك گرێبەست كاردەكەم، تائێستا حكومەت بڕیارێكی نەداوە بۆ هەمیشەییی كردنمان، لەكاتێكدا هەمان ئەركی فەرمانبەرەكانی دیكە بەڕێوە دەبەین».
« ئەمە ناهەقیەو پێویستە حكومەت بمانكاتە فەرمانبەری هەمیشەیی، چونكە هەموو فەرمانگەكان پێویستیان بەئێمەیە، بۆیە هەمیشەیی كرنمان مافی خۆمانە «، نەسرین مەولود وای وت.
دلێر جاسم یەكێكی دیكەیە لەفەرمانبەرانی گرێبەست و بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەڕوو كە حكومەت نایەوێت بڕیار لەسەر بەهەمیشەیكردنیان بدات، بۆ حكومەت هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێت».
دلێر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە بەردەوام دەبن لەسەر داواكردنی بەهەمیشەیی كردنیان وەك فەرمانبەرانی گرێبەست، وتیشی:» موچە لەحكومەت وەردەگرین، بۆیە كە بكرێینە هەمیشەیی زۆر سودی بۆ حكومەت تێدایە، نەك تەنیا بۆ ئێمەی موچەخۆران».