بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەهەرێم نرخی كاڵاو شمەك بەرزدەكاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

ماوەی زیاتر لەمانگێكە نرخی شمەك و كاڵاكان بەتایبەت بەرهەمە خۆراكییەكان بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی هۆكارەكەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و هۆیەكانی گواستنەوە دەگەڕێننەوە.

مەحمود خدر، پیاوێكی 46 ساڵانە خێزانێكی هەشت كەسی هەیە، باس لەوە دەكات نرخی هەموو پێداویستیەكان زۆر بەرزبووەتەوەو وتی:» بووەتە بارگرانییەكی زۆر بۆمان، بەشێوەیەك ناتوانین وەك پێویست بەرهەمە خۆراكییەكان بكڕین».

ئەم پیاوە كاری كرێكاریەو لەكاتی سەردانی بۆ ماركێت لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» وامان لێهاتووە تەنیا دەبێت رۆژانە ئەو بەرهەم و پێویستیانە بكڕین كە زۆر پێویستن و ناچارین، تا بتوانین بژێویی ماڵ و منداڵمان دەربكەین».

سامان بەكر، خاوەنی ماركێتی لاز لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» نرخی هەموو شتومەك بەتایبەت وشكە زۆر گران بووە، بەشێوەیەك هەر كلیۆیەك لەبەرهەمە وشكەكان هەزار بۆ سێ هەزار دیناری چووەتەسەر».

ئەم خاوەن ماركێتە باسی لەوەشكرد كە لەماوەی رابردوو فەردەیەك ئارد بە 32 هەزار بوو، ئێستا بووەتە 39 هەزار، یاخود برنج بەگشتی پێنج هەزار دیناری چووەتەسەر بۆ هەر 25 كیلۆیەك.

سەربەست عوسمان، بازرگانی هاوردەكردنی بەرهەمە خۆراكییەكانە لەناو شاری سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەموو ئەو بەرهەمانەی كە ئێمە دەیانهێنینە هەرێمەوە بەڕێژەی لەسەدا 20 بۆ 30 نرخیان بەرزبووەتەوە».

ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە:» بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارو نرخی نەوتی خاو دووبارە كاریگەریی لەسەر زیادبوونی نرخەكان هەبووە».

ئەو بازرگانە پێشیوابوو كە بەرهەمە رۆژانەییەكان و خواردەمەنییەكان نرخیان زۆر بەرزبووەتەوە.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات كەنرخی گواستنەوەو بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بەدینار نرخی كاڵاو شمەكی بەرزكردووەتەوە.

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەموو كاڵایەك بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە هەر لەو كاتەوە بەڕێژەی لەسەدا 18% بۆ لەسەدا 20%  نرخی بەرزبووەوە».

هەروەها ناوبراو وتیشی:» ئێستاش بەهۆی ئەوەی نرخی خۆراك لەجیهاندا بەڕێژەی لەسەدا 32% بەرزبووەتەوەو نرخی گواستنەوەش بەهۆی گرانی سووتەمەنیەوە زیادی كردووە، بۆیە بەكۆی گشتی نرخی هەموو خۆراكەكان بەرزبووەتەوە».

سۆران عەبدولغەفور ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:»وشەكەساڵیش زۆر كاریگەری هەبووە و وایكردووە بەرهەمە وشكەكان بەتایبەت كەمببنەوەو نرخەكانیان گرانبێت».

هاوكات، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان كەمی خۆراك و بەرهەمەكانیان نیە.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی نموونەی هەندیك كاڵاو شمەكی هێنایەوە كەنرخەكانی زۆر بەرزبووەتەوەو كرێی گواستنەوەش لەگەڵیدا بەرزبووەوە بەڕێژەیەكی زۆر بەرچاو.

* ئارد فەردەیەك لە 32 هەزار دینار بووەتە 39 هەزار

* نۆكی مەكسیكی هەر تۆنێك 400 دۆلاری زیاد كردووە

* زەیت و رۆن هەر تۆنێك 500 دۆلار زیادی كردووە واتە زەیتێك بەهەزارو 250 دینار بوو، ئێستا نرخەكەی دوو هەزار دینارە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار