سەرۆکی جەهەپە هۆشداری دەداتە ئەردۆغان
"ئەو بڕیارانەی لەبارەی گیانی رۆڵەکانمانەوە دەیدەیت با هاوشێوەی بڕیارەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت نەبن"
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند :" "ئەو سەربازە پرۆفیشناڵانەی باسیان دەکات، سەربازی ئێمەن، رۆڵەی ئێمەن. ئەو بڕیارانەی لەبارەی گیانی رۆڵەکانمانەوە دەیدەن، هاوشێوەی ئەو بڕیارانە مەیدەن کە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەیدەن".
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە درەنگانی شەوی هەینی لە هەژماری خۆی لە تویتەر، ئاماژەی بە وتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کرد کە وتبووی "سەربازی پرۆفیشناڵ رەوانەی سوریا دەکەین" و لەوبارەیەوە نووسی: "ئەو سەربازە پرۆفیشناڵانەی باسیان دەکات، سەربازی ئێمەن، رۆڵەی ئێمەن. ئەو بڕیارانەی لەبارەی گیانی رۆڵەکانمانەوە دەیدەن، هاوشێوەی ئەو بڕیارانە مەیدەن کە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەیدەن".
کڵچدارئۆغڵو پێش تیپەڕکردنی مۆڵەتنامەی درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی سەربازانی سوپای تورکیا لە عێراق و سوریا رایگەیاندبوو، لە پەرلەمان دەنگ بە نەخێر دەدەن، لە بەرامبەردا ئەردۆغان وتی: "بەڵام سەربازی پرۆفیشناڵ دەڕۆن بۆ سوریا".
ئەمە یەکەمجار بوو کە جەهەپە، سەرەکیترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، بە نەخێر دەنگ بۆ درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی سەربازانی تورکیا لە عێراق و سوریا بدات هاوشانی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە. لە ساڵانی رابردوودا تەنیا هەدەپە لەنێو پەرلەمانی تورکیا بە نەخێر دەنگی دەدا بۆ ئەم بڕیارە.
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "بابەتێک هەیە زۆر ناڕەحەتم دەکات، دوو رۆژە دوودڵم بچمە نێو ئەو بابەتە یان نا. باسی ئەوەم کرد کە کوڕەکەم ئەرکی سەربازیی جێبەجێکردووە، کەسەکە (ئەردۆغان) و هاوبەشەکانی دەستیان بە وتنی ئەوە کردووە کە سەربازی پرۆفیشناڵ دەڕۆن بۆ سوریا. لەسەر ئەم بابەتە لە ژمارەیەک کەناڵی تەلەڤیزیۆنیدا شرۆڤەیان بە چەند شرۆڤەکارێك کرد و پرۆپاگەندەیان پێ کردن، ئەمە شێوازێكی تێگەیشتنی تۆقێنەرە".
پەرلەمانی تورکیا رۆژی سێشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2021 پڕۆژەبڕیاری تایبەت بە مانەوەی هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا خستە دەنگدانەوە و بە دەنگی ئاکپارتی، مەهەپە و ئیی پارتی پەسندکرا. جەهەپە و هەدەپە بە"نەخێر" دەنگیان بە پڕۆژەبڕیارەکەدا.

