پەرلەمان داوای پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران لەحكومەت دەكات

پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ: داهاتی حكومەتی هەرێم دەگاتە ترلیۆنێك و 240 ملیار دینار

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

دوو ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە هیچ بیانوویەك بۆ راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی قەرمانبەران نەماوەو حكومەت داهاتەكەی دەگاتە ترلیۆنێك و 240 ملیار دینار.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەئێستادا داهاتی هەرێم گەیشتۆتە ئەو ئاستەی حكومەت پابەندە داراییەكانی موچەخۆران دەستپێبكاتەوە لەموچەی پاشەكەوتكراوو شایستەی دارایی و هەموو پلەبەرزكردنەوەكان دەستپێبكاتەوە».
لەبارەی داهاتی حكومەتی هەرێمەوە، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەشێوەی خەمڵاندن داهاتی هەناردەی نەوتی خاوی حكومەتی هەرێم دەگاتە ترلیۆنێك و 400 ملیار دینار زیاتری مانگانە، بەڵام دوای دەركردنی خەرجییەكانی زیاتر لە 700 ملیار دیناری مانگانە دەمێنێتەوە.
عومەر گوڵپی وتیشی:» نزیكەی 150 ملیار دینار  لەگومرگەكان و 90 ملیار لەباجەوەو 100 ملیار دینار لەڕوسمات و كرێی خزمەتگوزاری و  200 ملیاریش لەبەغداوە  بۆ هەرێم رەوانە دەكرێت، كۆی گشتی داهاتی فعلی نەوتی ناو نانەوتی دەگاتە یەك ترلیۆن و 240 ملیار دینار ئەگەر موچەی فەرمانبەرانیش بدرێت هێشتا زیاتر لە 300 ملیار دیناری دەمێنێتەوەو دەتوانن پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبكەنەوە».

پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران كە بە « عەلاوەو تەرفیع،» ناودەبرێت لەساڵی 2014 و دوای راگەیاندنی قەیرانی دارایی لەلایەن حكومەتی هەرێمی ئەوكات راگیراوە كە ماوەی حەوت ساڵە بەردەوامە.

هاوكات، شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بەدڵنیاییەوە پلە بەرزكردنەوە مافێكی یاساییەو بەیاسا رێكخراوە، بەڵام بەداخەوە حكومەت پێشێلی ئەو مافەی كردووەو بۆ فەرمانبەرانی دابین نەكردووە».
ئەم پەرلەمانتارە وتیشی:» بودجەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران زۆر نییە، بەڵام بەبیانووی نابەجێ حكومەتی هەرێم رایگرتووە».

شێركۆ جەودەت ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:»ئێمە وەك پەرلەمانتاران بەردەوام هەوڵدەدەین و كۆڵنادەین، بەڵام پێویستە حكومەت وەڵام بداتەوە بۆ رایگرتووەو دەستپێناكاتەوە؟».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار