وتەبێژی حكومەت: بەهێزبوونی زمانی كوردی كاریگەری لەسەر بەهێزبوونی حكومڕانی هەرێم دەبێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" شێوەزارەكانی خەڵكی كوردستان سەرمایەیەكی فەرهەنگی مرۆڤایەتین، وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی خۆمان بۆ هەر هەوڵێكی نیشتیمانی و زاستی دەردەبڕین چونكە بنەمان بۆ بەهێزبوونی زمانی كوردی ئەوەش كاریگەری لەسەر بەهێزبوونی حكومڕانی هەرێم دەبێت".

ئەمرۆ شەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2021. دیداریی شاعیریی نێوداریی كورد مامۆستا عوسمان محەمەد هەورامی، لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو، لەو دیدارەدا کە بەرپرسانی حکومەت بەشداریانکردبوو،  جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میانەی بەڕێوەچوونی دیدارەکەدا وتی، "شێوەزارەكانی خەڵكی كوردستان سەرمایەیەكی فەرهەنگی مرۆڤایەتین، وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانی خۆمان بۆ هەر هەوڵێكی نیشتیمانی و زاستی دەردەبڕین، پێویستە پەرە بە گەشەسەندنیان بدرێت، چونكە بنەمان بۆ بەهێزبوونی زمانی كوردی ئەوەش كاریگەری لەسەر بەهێزبوونی حكومڕانی هەرێم دەبێت".

وتەبێژی حكومەت باسی لەوەشكرد، "وەك حكومەتی هەرێم بە بیروباوەڕێكی تەواو بەپاڵشتی نوسەران و ڕۆشنبیران، دەتوانین پەرە بەزمانی باڵایی نەتەوەكەمان لە چوارچێوەی زمان و ئەكادیمیدا زیاتر گەشەی پێبدەین، هەورامانیش یەكێكە لە ناوچە دەوڵەمەندەكانی كوردستان، بە پاشخانێكی گەورەی ئەدەبی و فەرهەنگی، بەشاعیرانی مەولەوی، بێسارانی، شێخانی نەقشبەندی پشكی گەورەی لەزمان و فەرهەنگی كوردی بەردەكەوێت".

لە لایەکی دیکەوە، محەمەد حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێم لە وتەیەکیدا ڕایگەیاند:"دەستێك هەیە بۆ دابڕینی هەورامان لەنەتەوەی كورد و كورد بوون و كوردایەتی، ئەوەش سەر لێتێکدانە لە بەشێك لەڕۆشنبیرانی كورد".

وتیشی، "دوو ئاراستە بۆ بابەتی زمان و  فەرهەنگی هەورامان كاردەكات، ئاراستەیەكیان ئەوەیە، شێوەزاریی فەرهەنگ و كەلتوری گۆران، یەكێكە لە شێوەزارە ڕەسەنە دەوڵەمەندەكانی زمانی كوردی و نەتەوە، وەك وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەشێك لە نوسەران و ڕۆشنبیران، بەو ئاراستەیە كاردەكەن هەورامیەكان خۆیان بە كوردی ڕەسەن دەزانن، خۆیان جیاناكەنەوە لەنەتەوەی كورد، لەگەڵ ئەوەشدا ئاراستەیەكی دیكەشیان هەیە بۆ دابڕینی هەورامان لە نەتەوەی كورد و كورد بوون و كوردایەتی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو ئاراستەیە سەری لە بەشێكی كەم لەڕۆشنبیرانی كورد تێكداوە، یان ڕۆشنبیران هەستیان بەئەوە نەكردوە ئەو بابەتە دەستی لەپشتە، بۆیە هەورامیەكان خۆیان بەڕەسەنترین شێوازی كورد لەقەڵەم دەدەن".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار