گروپێكی 50پزیشكی بێ بەرامبەر لە هەولێر چارەسەری نەخۆش دەكەن
دیاری فەرەیدون قادر، پسپۆری جەراحی لەبەریتانیا بۆ هاوڵاتی:

4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
پزیشكێكی كورد كەپسپۆری جەراحیە لەبەریتانیا گروپێك پزیشكی هێناوە بۆ هەرێمی كوردستان و بڕیارە چەندین نەشتەرگەری ئەنجامبدەن و دەڵێت:" وەك پزیشكێك دەمزانی كوردستان شوێنێكە پێویستی بەخزمەتكردنە بەتایبەت لەبواری تەندروستی".
دیاری فەرەیدون قادر، پسپۆری جەراحی لەبەریتانیا لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" وەك پزیشكێك دەمزانی كوردستان شوێنێكە پێویستی بەخزمەتكردنە بەتایبەت لەبواری تەندروستی، بۆیە میوانداریی ئەم گروپەم كردووە ".
ئەم پزیشكە ئەوەشی رونكردەوە كە كەسێك بیەوێت بچێت سەردانیان بكات بە چ رێگایەك دەتوانێت و وتی:" نەخۆشەكان لەڕێگەی خێرخوازەكانەوە سەردانمان دەكەن، یاخود لەڕێگەی كەمپەكانەوە یان دەزگای خێرخوازی بارزانیەوە لەوێوە نەخۆشەكان دەنێرن، بەڵام ئێمە وەك گروپەكە ژمارە مۆبایلمان هەیە هەر كەس ویستی سەردانی پزیشكەكان بكات دەتوانێت پەیوەندی بكات و سەردانیان بكات، ئێمە دەمانەوێت زۆرترین خەڵكی هەژار سودمەند بن لەئێمەو نەشتەرگەری پێویستان بۆ بكرێت یاخود دەرمانی پێویست وەربگرن".
ئەم گروپە زیاتر لە 50 پزیشكن كاری خێرخوازی دەكەن، هەر مانگەو گروپێكیان دێنە كوردستان و خزمەت دەكەن، بەپسپۆری جیاواز، ئەم گروپەی ئێستا هەفتەیەك لە هەولێرن، چوار پسپۆرن، پسپۆری ئێسقان و شكاوی، پسپۆری جوانكاری رووداوەكان، پسپۆری سوتاوی، پسپۆری شەویلگە لەشاری هەولێر رۆژانە نەخۆش دەبینن بەبێ بەرامبەرو نەشتەرگەری پێویستیان بۆ دەكرێت.
ئەم پزیشكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ڕۆژانە زیاتر لە 80 نەخۆش دەبینن چارەسەری پێویستیان بێ بەرامبەر بۆ دەكەن.
لەبارەی خەرجی ئەم گروپەوە دكتۆر دیار فەرەیدون جەختی لەوە كردەوە:" ئەم گروپە پزیشكە لەبەرنامەماندایە ساڵانە دوو ملیۆن دۆلار خەرج بكەین لەكوردستان لەبواری تەندروستیدا، ئەو پارەیە خێرخوازی گەورە گەورەیە لەوڵاتە جیهانیەكاندا وەك ئیمارات و بەریتانیا و ئەم پارانە بەكاردەهێنرێت بۆ نەخۆش.ئێمە زیاتر جەختمان لەسەر ئەوەیە بەگروپێكی كەم بتوانین زۆرترین نەخۆش ببینین بۆ ئەوەی زۆرترینی بەشە پارەكە بۆ نەخۆشەكان بێت نەك ستافێكی زۆر".

