ئەمڕۆ نەوتی سپی لە گەڕەكەكانی ناو شاری سلێمانی دابەشدەكرێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەمڕۆ دابەشكردنی نەوتی سپی دەگاتە ناو شاری سلێمانی و نرخی نەوتی بازرگانی لە بازاڕدا دادەبەزێت.
ئەمڕۆ دووشهممه 1ی تشرینی دووهمی 2021، محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەرى نەوت و کانزاکانى سلێمانى راىگەیاندووە، "لە رۆژى پێنجشەممەوە لە مەڵبەندى پێنجى سلێمانییەوە دابەشکردنى نەوت دەستپێدەکات، پاشان مەڵبەندەکانى شەش، تاوەکو مەڵبەندى 10، ئەمانە ئەو مەڵبەندانەن کە ساڵى رابردوو بەشەنەوتیان بەرنەکەوتووە".
پێشتر لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە دابەشکردنی نەوت کراوە و کە ناوچەکانی پێنجوێن، هەڵشۆ، شارباژێڕ، تەوێڵە و بیارە و چەند شوێنێکی دیکەی گرتەوە.
بەوتەى محەممەد حەسیب، دواى تەواوبوونى بەشە نەوتى ساڵى رابردوو، دەست بە دابەشکردنی بەشەنەوتی ئەمساڵ دەکەنەوە کە سەرجەم شار و شارۆچکە و گوندانە دەگرێتەوە کە لە دواى ناوچە سارد و شاخاوییەکان ریزبەندییان بۆ کراوە.
رۆژانە حکومەتى عێراق لە نێوان 20 تاوەکو 30 هەزار لیتر تەونى سپى بۆ سلێمانى دەنێرێت، هەرچەندە هێشتا روون نییە تاوەکو کەى بەردەوامدەبێت، بەڵام بەپێى رێککەوتنى هەولێر و بەغدا، پلان ئەوەیە کە تاوەکو تەواوبوونى بەشەنەوتى پار و ئەمساڵ، ناردنى نەوتەکە بەردەوام بێت.

