خوێندنی كوردی لە كەركوك دەستیپێكردەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک ڕایگهیاند:" لەیەكەم ڕۆژی كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكاندا ئێمەش وەکو خوێندنی کوردی بەڵێن دەدەین وەکو مامۆستیانی بە ئەمەکی خوێندنی کوردی لەو شارە کە درێژەپێدەری هاوڕێکانمان دەبین، لەوانەی کە لە پێش ئێمە خزمەتیان کردووە و ئێستاش لەگەڵمان بەردەوامن لە خزمەتکردن. خوێندنی کوردی بەجێناهێڵین و سەریدەخەین و دەیکەینە سیمووبلێک لە شاری کەرکووک، زمانی شیرینی دایک سەردەخەین".
شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک دوای ئەوەی بەشداری لە رێوڕەسمی یەکەم زەنگی دەستپێکی دەوامی بۆ ساڵی نوێی خوێندن 2021-2022 لە یەکێک لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە شارەکە کرد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "میلاکاتمان جێگیرە لەبەر ئەوەی لە دەوروبەری 700 تاوەکو 800 مامۆستای وانەبێژ لەسەر حکومەتی عێراق بە گرێبەست دامەزران بۆ خوێندنی کوردی، بۆ کەمیی میلاک ئەگەر هەبێت وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی پیشانداوە بە وانەبێژ چارەسەری کەمیی میلاک بکرێت و فەرمانمان بۆ هاتووە ناوی وانەبێژان دەنووسین".
شێرزاد رەشید لە روی پێداویستییەکانەوە، "بە بەردەوام ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێداویستییەکانمان دابین دەکات، لە روی پاکژی قوتابخانەکانەوە خۆ ئامادەکردن و مامۆستایان زۆر بە جۆش و خرۆشەوە هاتوونەتە پێشەوە. ئەنجامەکانی پار ساڵمان گەواهییە کە خوێندنی کوردی تاوەکو دێت کێشەکانی روو لە کەمی دەکات".
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەشڵێت: "پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردەش بۆ ئێمە درێژەپێدەری ئەو ئەنجامانە و ئەو سەرکەوتنانەیە کە بەدەستی دەهێنین، چونکە لە کۆتاییدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان خۆی دامەزرێنەر و ئەندازیاری ئەو پرۆسەیەیە لە شاری کەرکوک و خۆشی دەبێت خاوەنداریێتی بکات و پەرەی پێبدات و پێشی بخات".
لە میانی رێوڕەسمەکەش شێرزاد رەشید سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بەرامبەر ئەوەی "لە ساڵی 2003وە هەتا ئێستا قوتابخانە کوردییەکانی دامەزراند، لە پێنج قوتابخانەوە ئێستا خاوەنی 535 قوتابخانە و 37 باخچەی منداڵانین و نزیکەی 100 هەزار قوتابی و خوێندکار لە خوێندنی کوردی دەخوێنن".
شێرزاد رەشید وتی: "هەرکاتێک تەوژمێک بۆ ئەوشارە هاتبێت خوێندنی کوردی لەناویدا ماوەتەوە، خوێندنی کوردی وەکو سیمبوولێکی نەتەوایەتی کوردایەتی ئەوشارەی پاراستووە، مامۆستایانی بە ئەمەکی خوێندنی کوردی پۆلەکانی خوێندنیان بەجێنەهێشت. جێی شانازی بوو کاتێک کوردستان رووی لە قەیرانکرد لە هەر شارێک بایکۆت روویدابێت لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک رووینەدا. مامۆستایانی ئێمە ئامادەنەبوون قوتابی و خوێندکاری خۆیان بەجێبهێڵن، چونکە بڕوای تەواویان هەبوو هەرکاتێک ئەگەر قوتابییەکانی خۆیان بەجێبهێڵن ئەوکاتە خوێندنەکانی دیکە عەرەبی و تورکمانی دەبنە جێگرەوە بۆ خوێندنی کوردی".
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک وتیشی: "ئێمەش وەکو خوێندنی کوردی بەڵێن دەدەین وەکو مامۆستیانی بە ئەمەکی خوێندنی کوردی لەو شارە کە درێژەپێدەری هاوڕێکانمان دەبین، لەوانەی کە لە پێش ئێمە خزمەتیان کردووە و ئێستاش لەگەڵمان بەردەوامن لە خزمەتکردن. خوێندنی کوردی بەجێناهێڵین و سەریدەخەین و دەیکەینە سیمووبلێک لە شاری کەرکووک، زمانی شیرینی دایک سەردەخەین، ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک بە زمانی کوردی خۆمان دەخوێنین و پاڵپشتی تەواو دەکرێین لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردەوە".

