بایدن بۆ ئێران: هەر هەنگاوێك دژی بەرژەوەندیەكانمان بێت وەڵامی توندمان بۆی دەبێت
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند:" هەر هەنگاوێک دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بنرێت، ئیدی ئەگەر هێرش بێت لەڕێگەی درۆنەوە یان هەر جۆرە هێرشێکی دیکە، حکومەت و سوپای وڵاتەکەی وەڵام دەدەنەوە".
ئەمڕۆ دووشهممه 1ی تشرینی دووهمی 2021، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا رایگەیاند:" هەر هەنگاوێک دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بنرێت، ئیدی ئەگەر هێرش بێت لەڕێگەی درۆنەوە یان هەر جۆرە هێرشێکی دیکە، حکومەت و سوپای وڵاتەکەی وەڵام دەدەنەوە".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەوروپای واشنتن بابەتی ئێران بووە.
ئەم وتەیەی جۆ بایدن لە کاتێکدایە، لە ئایاری 2018دا دۆناڵد ترەمپ وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە و دوای ئەوەش قۆناغ بە قۆناغ سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.
هەنگاوەکەی ئەمریکا وایکرد، ئێرانیش پابەندبوونەوەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە کەمبکاتەوە.
لە ماوەی رابردوودا شەش گەڕی دانوستاندن لە نێوان ئێران، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا و چین بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە بەڕێوەچوون، ئەمریکاش لەڕێگەی هاوپەیمانەکانییەوە ئاگاداری نێوەڕۆکی دانوستاندنەکان بووە.
لە حوزەیرانی رابردوودا ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆککۆماری نوێی ئێران هەڵبژێردرا و مانگی ئابیش دەستبەکاربوو؛ لەو کاتەوە دانوستاندنەکان دەستیان پێنەکردوەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەم مانگەش گەڕێکی نوێی دانوستاندن بەڕێوەبچێت.
دەقی قسەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا
"لەگەڵ سەرۆکوەزیران جۆنسن، مێرکل و ماکرۆن، پێکەوە جەختمان لەو بۆچوونە هاوبەشە کردەوە کە دیپلۆماسی باشترین رێگەیە بۆئەوەی رێگە لە ئێران بگیرێت چەکی ئەتۆمی دەستبکەوێت. باسی ئەوەمان کرد کە چۆن بە باشترین شێوە هانی ئێران بدەین تاوەکو دانوستانی جیدی بە نیەتێکی پاکەوە دەست پێبکەنەوە".

