پزیشكێك لە قەندیلەوە: بەبەڵگەوە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن توركیاوە دەسەلمێنم
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
پزیشكێكی گەریلاكانی كوردستان باس لەوە دەكات، كە بە بەڵگەوە دەیسەلمێنن دەوڵەتی توركیا چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی لەدژیان بەكارهێناوە و داوادەكات، شاندێكی پسپۆڕ بۆ سەلماندنی ڕاستییەكان سەردانیان بكەن و ئامادەی هەموو هاوكارییەك لەو ڕووەوە نیشاندەدات.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ٢٤ی مانگی ڕابردوو، بڵاویكردەوە، لە ٢٣ نیسانی ئەمساڵەوە، دەوڵەتی تورك ٣٢٣ جار چەكی كیمیایی لە هەرێمەکانی گەریلا بەکارهێناوە.
لەو بارەیەوە، باگەر بارام، پزیشك لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا بە ئاژانسی فرات نیوزی ڕاگەیاندووە، چەكی كیمیایی قەدەغەكرا و لە دژی گەریلا بەكاردەهێنرێت لەلایەن دەوڵەتی توركەوە، دەبێت هیچ كەس و لایەن و دەوڵەتێك ئەمە قبوڵ نەكات، بەڵام كاتێك پرسەكە پەیوەندی بە كورد و كوردستان و گەریلاوە هەیە، ناوەندە نێودەڵەتییەكان بێدەنگن.
دەشڵێت: لەڕاستییدا ئەو چەكەی ئێستا دەوڵەتی تورك بەكاری دەهێنێت، لەلایەن هەموو وڵاتانەوە قەدەغەكراوە، بەڵام هەندێك دەوڵەت هاوكاری و پشتیوانی دەوڵەتی توركن و هەندێكیشیان بێدەنگن.
ئەو پزیشكە باس لەو بەڵگانەدەكات، كە دەیسەلمێنێت چەكی كیمیایی بەكارهێنراوە و دەڵێت: هەندێك ڤیدیۆ تۆماركراوە، كە دەتوانین وەك بەڵگە بخرێتەڕوو پشتڕاستی دەكاتەوە، كە كیمیایی لە دژی گەریلا بەكارهێنراوە، دەوڵەتی تورك لە هەندێك كارگەدا دەتوانێت مادەی كیمیایی ئامادەبكات و ئەو مادانەی كە مەترسییان هەیە لە شاخ دروستی دەكات لە دژی گەریلا بەكاری دەهێنێت.
لە بارەی مەترسی ئەو گازەی دەوڵەتی تورك بەكاری دەهێنێت وتی: ئەو گازەی بەكاردەهێنرێت ئۆكسجین لەو ناوچانەدا ناهێڵێت كە تێیدا بەكاردەهێنرێت، ئەمەش نەك بۆ مرۆڤ بەڵكو بۆ زیندەوەران و ژینگەیش زیانی گەورەی هەیە، كاریگەری گازەكە لەسەر مرۆڤ، زیاتر كار لە هەناسە و پێست دەكات و بە زووی كاریگەرییەكانی بەدیاردەكەوێت.
“بەهۆی نەبوونی تەكنیك و ئامێری پێشكەوتووەوە نەمانتوانیوە جۆری ئەو گازە كیمیاییانە ئاشكرا بكەین كە بەكاردەهێنرێت، ئەگەر ئامێری پێشكەوتوو هەبێت دەتوانین ئاشكرای بكەین كە چەند جۆری گازی كیمیایی بەكاردەهێنرێت، بەڵام كاتێك تەرمی گەریلاكان دەبینین دەزانین كمیاییەكی زۆر و توند بەكاهێنراوە” دكتۆر باگەر بارام وای وت.
لە كۆتایی قسەكانیدا وتی: تەكنیك لە بەردەستماندا نییە لێكۆڵینەوە بكەین، بەڵام شاندەكان دەتوانن بێنە ئێرە لێكۆڵینەوە بكەین و ئێمەیش هاوكاریان دەبین، ئەوەی هەیە بە قسە نابێت، بۆیە پێویستە شاندێكی شارەزا بێت و بەچاوی خۆیان ببینین كە كیمیایی بەكارهێنراوە لەلایەن دەوڵەتی توركەوە.
هەر لەسەر ئەو پرسە، موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی پاراستنی گەل نەپەگە، كۆتایی مانگی ڕابردوو داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان كرد، بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن تورکیاوە، تیم بنێرنە ئەو ناوچانە و لێکۆڵینەوە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بکەن و ئەنجامەکانیشی بۆ ڕایگشتیی ئاشکرابکەن.

