بایدن 555 ملیار دۆلار بۆ گۆرانی كەشوهەوا تەرخاندەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند:" بڕی 555 ملیار دۆلاری بۆ روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوای گۆی زەوی تەرخانکردووە".
لەگەڵ دەستپێکردنی 26مین کۆنفڕانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کەشوهەوا لە گلاسکۆی سکۆتلاندی بەریتانیا کە کۆبوونەوەی دوو رۆژەی سەرکردەکانی جیهانی لە خۆگرت، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیدا وڵاتەکەی تاوەکو کۆتایی ئەم دەیە دەردانی گازە کاربۆنییە ژەهراوییەکان بۆ نیوەی قەبارەی ئێستا کەمبکاتەوە.
جینا ماکارسی، راوێژکاری بایدن بۆ کاروباری ژینگە رایگەیاند: "سەرۆک بایدن پابەندە بەوەی کە تاوەکو ساڵی 2030 بەڵێنەکەی بباتەسەر".
وتیشی ئەمریکا لە رێگەی پرۆژەبودجەی تایبەت بە بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات کە بڕی 555 ملیار دۆلاری بۆ کاروباری ژینگەیی تەرخانکردووە، دەتوانێت لە وادەی خۆیدا بە ئامانجە ژینگەییەکانی بگات".
بە وتەی ماکارسی ئەو بڕە پارەیە گەورەترین وەبەرهێنانە لە مێژووی ئەمریکادا، کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا تەرخاندەکرێت و رێگەیان پێدەدات تاوەکو ساڵی 2030 بڕی یەک گیگا تۆن واتە یەک ملیار تۆن لە دەردانی گازە کاربۆنییەکان کەمبکاتەوە.

