وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێم: تا ئێستا 200 ملیار دینارەكەی به‌غدا نه‌گه‌یشتووه

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند:" وه‌ك حكومه‌ت هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن به زوترین كات، مووچه‌ى سه‌رجه‌م داموده‌زگاكان دابه‌ش بكرێت". دەڵێت:" هێشتاش 200 ملیار دیناری به‌غدا نه‌گه‌یشتووه".
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2ی تشرینی دووه‌می 2021، جووتیار عادل، وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له لێدوانێكى ڕۆژنامه‌نووسیدا رایگەیاند:" گرفتی چۆنیه‌تیی كۆكردنه‌وه‌ی داهاتمان هه‌یه، ئومێده‌وارین له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا مووچه‌ی سه‌رجه‌م داموده‌زگاكان دابه‌ش بكرێ، هێشتاش 200 ملیار دیناری به‌غدا نه‌گه‌یشتووه".
باسى له‌وه‌ش كرد: "ئێمه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین به زووترین كات و له ماوه‌یه‌كی دیاریكروادا مووچه‌ی سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت دابین بكرێ".
له‌باره‌ى تەرخانکردنی هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکوومەتەوە بۆ زیانلێکەوتوانی لافاوەکەى هه‌ولێر له چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گوته‌بێژى حكوومه‌ت ڕوونى كرده‌وه: "دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت، لێژنەیەک پێک هێنراوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو زیانانەی وەبەر ئەو خێزانانە کەوتوون، دوای هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە پێویستە لەسەر حکوومەت، بەپێی توانا دابین دەکرێن".
جووتیار عادل له‌باره‌ى پێدانى ڤاكسین به كه‌سانى سه‌روو ته‌مه‌ن 12 ساڵ، ئاماژه‌ى به‌وه دا: "چاوەڕێی وەزارەتی تەندروستی دەکەین بۆ ئەوەی هەر ڕاسپاردەیەکی پێویست ئاراستەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بکات، دواتر لەو بارەیەوە بڕیاری گونجاو دەدەین، بەڵام داوا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین بچن ڤاکسین وەرگرن بۆ بتوانین ڕێ لەو پەتایە بگرین".
لەبارەی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بەردەوام دەبێتە هۆی هەڕەشەی تیرۆریستان، وێڕای سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو دوو شەهیدەی لە دوایین هێرشی تیرۆریستان‌دا شەهید بوون، گوتی: "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەئکیدی لەوە کردووە کە دەبێ ئەو بۆشاییە ئەمنییه بە هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق پڕ بکرێتەوە، بۆ ئەوەش چەندین جار داوامان لە حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانان کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا بەپێی پێویست ئەو لایەنانە نەهاتوونەتە پێش، بەتایبەتی حکوومەتی عێراق، بۆیە ئێمە داوا دەکەین بە زووترین کات ئەمە چارەسەر بکرێت و هێزی پێشمەرگە وەکوو تاکە هێزی متمانەپێکراو لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت".

