ئه‌ردۆغان: لەو کاتەی پێویست بە ئۆپەراسیۆن بکات بێگومان ئۆپەراسیۆن دەکرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

سه‌رۆک كۆماری توركیا رایگەیاند:" لەو کاتەی پێویست بە ئۆپەراسیۆن بکات، بێگومان ئۆپەراسیۆن دەکرێت. لەوەدا ھەنگاو بەرەو پاش نانێین".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ی تشرینی دووه‌می 2021، رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک كۆماری توركیا له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ ئیتاڵیا، كه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی G20 سه‌ردانی رۆمای پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌ی كردبوو، له‌نێو فڕۆكه‌دا وه‌ڵامی پرسیاری میدیاكارانی دایه‌وه‌.

ڕۆژنامەوانێك  لە ئەردۆغانی پرسی: "ئەمریکا تاوەکو ئەمڕۆ بە ئاشکرا پاڵپشتیی پەکەکە / یەپەگە دەکات. راهێنانیان پێدەکات و بەردەوامیشە، سەرەڕای ھۆشدارییەکانی تورکیا کارەکانیان تاوەکو مانۆڕی سەربازی چوو. چاوەڕوانی چین لە ماوەی داھاتوودا، ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا هەیە؟".

ئەردۆغان لە وەڵامدا وتی: "لەو کاتەی پێویست بە ئۆپەراسیۆن بکات، بێگومان ئۆپەراسیۆن دەکرێت. لەوەدا ھەنگاو بەرەو پاش نانێین. جارێ ئێمە بەھیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ناکەین. ئەگەر رێکخراوێکی تیرۆریستی وەکو پەکەکە/پەیەدە-یەپەگە لە بەرامبەرماندابێت، چی پێویست بێت ئێمە ئەوە دەکەین. لەمە پاشگەز نابینەوە".

ئەردۆغان وتیشی: "ئێمە ھەموو کات ئەمەمان گوتووە و دەیڵێینەوە. ئەگەر لێرە بەدواوە ئێمە ھاوپەیمانیی ناتۆ بین، ئەوە نابێت ھاوبەشەکەمان کە ھاوپەیمانمانە لە ناتۆ، ھەوڵی کاری لەو شێوەیە بدەن. بەھەمانشێوە، ئەمڕۆ گەیشتینە رێککەوتنێک بۆ پێکەوە کارکردن لەسەر ئەم پرسە، کە بە یەکێک لە پێشینەی کارە سەرەکییەکانی تورکیا دەبێت لە ماوەی داھاتوودا. لەسەر ئەم پرسەش ھەڵوێستێکی نەرێنیان نەبوو".

ئه‌ردۆغان جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌‌ له‌ په‌راوێزی لووتكه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ی وڵاتان كۆبووەتەوە و هیوای خواست كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌نجامی باشیان هه‌بێت.

 لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەردۆغان و بایدن وتی: "له‌ كه‌شێكی ئارام و بونیادنه‌رانه‌دا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز بایدن كۆبووینه‌وه‌. به‌ڕێزان مه‌ولوود چاوشئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و ئیبراهیم كاڵن، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و هاكان فیدان سەرۆکی دەزگای میت له‌گه‌ڵم بوون. به‌رپرسانی ئه‌منی و هه‌واڵگریش له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بوون. كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ كه‌شێكی زۆرباشدا به‌ڕێوه‌ چوو. بڕیارماندا درێژە بە‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانمان به‌ چڕی بدەین و هه‌ماهه‌نگییه‌كانیشمان له‌باره‌ی ئه‌فغانستان. سووریا، لیبیا و رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست زیاتر بکەین".

سەبارەت بە بابەتی پڕۆگرامی فرۆکەی ئێف-35 کە بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس 400ی رووسی، تورکیای لێ بێبەشکراوە. ئەردۆغان وتی: "ئێمە یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلارمان داوە. لەمبارەیەوە گفتوگۆمان لەسەر دابینکردنی فرۆکەی ئێف-16 کرد. سەبارەت بەم بابەتە ھەڵوێستێکی نەرێنیم لێ نەبینی. بە پێچەوانەوە، ھەرچۆن وەزیرانی بەرگریمان لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ لەگەڵ یەک دەکەن، وەزیرانی دەرەوەشمان لەگەڵ پەیوەندیدارەکانیان کۆدەبنەوە و خوا یار بێت ئەم بابەتە ھەستیارە بۆ ھەردوو وڵات دەگەیێننە ئەنجام".

رەجەب تەیب ئەردۆغان وتیشی: "دەگوترا ئەم کۆبوونەوەی ئێمە کۆبوونەوەیەکی 20 خولەکی دەبێت. کۆبوونەوەکەی ئێمە یەک کاژێر و 20خولەکی خایاند. لەوە تێبگەن، کە چۆن راگەیاندنەكان سەرقاڵی ئێمەن".

ئه‌ردۆغان تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ لووتكه‌ی G20 به‌ سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو بوو و گوتی: "به‌ درێژایی دوو رۆژ كۆبوونه‌وه‌ی گرنگ له‌ باره‌ی 'مرۆڤ، هه‌ساره‌ و خۆشگوزه‌رانی' کران، چاوخشێندرایه‌وه‌ به‌و كارانه‌ی له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا کران و تاوتوێی پێشهاته‌كانی ئابووری نێوده‌وڵه‌تی كرا".

ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وا له‌و بابه‌تانه‌ بوون كه‌ له‌ میانی لووتكه‌كه‌دا خرانه‌ روو و وتی: "جه‌ختمان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی پاریس كرده‌وه‌ و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌مان ده‌ربڕی بۆ جێبه‌جێكردنی رێککەوتنەکە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار