سەرجەم فراكسیۆنەكان لەگەڵ ئەنجامدانی هــەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانن لەكاتی خۆیدا
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە لەسەر دەستپێكردنەوەی داڕشتنەوەی دەستور ئەنجام بدات تالیژنەیەكی بۆ پێكبهێندرێت، سەرجەم فراكسیۆنەكانیش دەڵێن:» لەگەڵ ئەوەداین هەرێم دەستورێكی تایبەت بەخۆی هەبێت و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا بكرێت».
رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو تێیدا 29 لیست و قەوارە بەشدارییان كردو 16 لیست و حزبی سیاسی بوونە خاوەنی كورسی لەپەرلەمانی كوردستان، بەپێی یاسا چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت بەو پێیە بێت، دەبێت لە 30ی ئەیلولی 2022 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.
ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان پرسی رەشنووسی پرۆژەیاسای دەستوور و خوێندنەوەی تێبینی حزبەكان و یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان تاووتوێ دەكرێت.
بەر لەوەی رەشنووسی پرۆژەیاسای دەستووری هەرێمی كوردستان بخرێتە ناو خشتەی كاری پەرلەمانی كوردستانەوەو دەنگی لەسەر بدرێت، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان تێبینی و بۆچوونی سەرجەم حزب و فراكسیۆنەكانی لەبارەی دەستوورەكە وەردەگرێت.
لەساڵی 2009 دەستووری هەرێمی كوردستان نووسرایەوە و پەرلەمان پەسندی كرد، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی سیاسییەوە رەشنووسەكە نەخرایە گشتپرسی و تەنیا وەكو مەرەكەبی سەر كاغەز مایەوە.
لەخولی چوارەمدا جارێكی دیكە دەستوور لەكۆی زیاتر لە 120 ماددە، 73 ماددەی نووسرایەوە و ئاڵۆزیی سیاسی كۆتایی پێهێنا.
ئەندامێكی یەكێتی: نووسینەوەی دەستور رێككەوتنی لایەنە سیاسیەكانی پێویستە
عەباس فەتاح، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»لەئێستاد هیچ لیژنەیەك دانەنراوە و رێكنەكەوتون لەسەر ئەوەی لیژنە كۆنەكە نوێ بكەنەوە یان لیژنەیەكی تازە بەگۆڕانكارییەوە دروست بكرێتەوە».
ئەوەشی روونكردەوە:» لەئێستادا ئەوەش روون نیە لەو ماددانەوە دەستپێدەكرێتەوە كە پەسەندكراون یاخود لەسەرەتاوە دەستی پێدەكرێتەوە».
عەباس فەتاح جەختی لەوەشكردەوە هێشتا كات ماوە بۆ هەڵیژاردنی پەرلەمانی كوردستان و وتی:»دەتوانرێت بەمانگێك لیژنەیەك دروست بكرێت و یاسایەك دەربكرێت».
ئەم ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دووپاتكردەوە:» دەكرێت لایەنەكان رێكبكەون لەسەر هەندێك بڕگەو ماددەی سیاسی كەدەبێت هەبێت وەك سیستمی سیاسی لەهەرێمی كوردستان و سەرچاوەی یاسادانان ئەوكات دەتوانرێت بەسێ مانگ دەستور بنووسرێتەوە و هیچ كێشەیەك بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دروستناكات».
لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنیشەوە وتی:»تائێستا هیچ باسێك لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە نەكراوە».
پارتی گەشەپێدانی توركمانی: پێویستە دەستور بنووسرێتەوە ئەوكات هەڵبژاردن بكرێت
محەمەد سەعدەدین، ئەندامی پارتی گەشەپێدانی توركمانی لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:»لەئێستا هەموو حزب و لایەنەكانی ناو پەرلەمان بیروڕای خۆیان سەبارەت بەدەستور ناردووەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان».
وتیشی:» پاڵپشتی ئەوە دەكەین دەستور لەناو پەرلەماندا بەزووترین كات تێپەڕێنرێت، چونكە هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەر كردنی زۆربەی كێشەكان و ریكخستنی كاروبارەكانی خۆی پێویستی بەدەستورە، بۆیە پاڵپشتی تەواوەتی دەكەین».
محەمەد سەعدەدین ئەوەشی روونكردەوە:»پێویستە دەستور بنووسرێت و ئامادەبكرێت ئەنجا بابەتی هەڵبژاردن بخرێتەڕوو، چونكە كە دەستورەكە هەبوو هەڵبژاردن لەچوارچێوەی ئەو ماددانەدا دەكرێت كە لە دەستورەكەدا جێگیر كراوە».
كۆمەڵی دادگەری: كاتی گونجاو بۆ نووسینەوەی دەستور لەبەردەستدایە
روپاك ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» دەبێت هەڵبژادرن لەكاتی خۆیدا بكرێت و كاتی گونجاویش بۆ نووسینەوەی دەستور لەبەردەستدایە، دەتوانین لەو كاتەدا پرۆژە دەستورەكە بنووسینەوە».
هەروەها پێشیوابوو نووسینەوەی دەستور كاتێكی زۆری پێویست نیە و دەكرێت لایەنەكان رێككبكەون و لەكاتێكی دیاریكراودا ئامادە بكرێت.
فراكسیۆنی یەكگرتوو: هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان نییە
ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان، بە هاوڵاتی وت:» ئەگەر لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە ئیرادەیەك هەبێت دەتوانرێت دەستورەكەش ئامادەبكرێت و لەگەڵ هەڵبژاردندا بكرێتە راپرسییەوە، بەڵام بەمەرجێك سازانی سیاسی لەسەر هەبێت».
جەختی لەوەشكردەوە:» هیچ پاساوێك نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان و خەڵك بۆ چوار ساڵ دەنگی بەم پەرلەمانە داوەو هیچ وڵاتێك بۆ پرسی كۆرۆنا و هیچ پرسێكی دیكە هەڵبژاردنەكانی خۆی دوانەخستووە».
فراكسیۆنی گۆڕان: پێویستە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت
دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» هیچ پاساوێك نیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت، پێویستە لەكاتی خۆیدا بكرێت و لەبەرژەوەندی میللەتدا نیە دوابخرێت، چونكە دواخستنی دەبێتە دروستبوونی دەسەڵاتێكی تاكڕەو».
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان هێمای بۆ ئەوەش كرد كە پڕۆژەی دەستور پڕۆژەیەك نیە بۆ حزبێك بنووسرێتەوە، پێویستە بە كۆدەنگی بكرێت و كاتەكەی گونجاو بێت و هەرێمی كوردستان دەستورێكی هەبێت.
دابان محەمەد باسی لەوەشكرد كە ئەوەی ئێستا دەبینرێت» لایەنێك زەخت دەكات بۆ ئەوەی دەستورێك بۆ هەرێم پەسەندبكرێت، ئەوە دیارە پەیوەندی بەكاری ناو حزبەكەوە هەیەو هیچ باش نیە پەلە پەل لەدەستوردا بكرێت ئەم پەلەكردنەی ئێستا گومانی گەورە دروستدەكات».
فراكسیۆنی پارتی: بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەكاندا نین
زانا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» ئێستا لەقۆناغی سەرەتای ئامادەكردنی دەستورین، پێمان باشە لیژنەكە نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی تێدابێت، بەو لایەنانەشەوە كە كورسی پەرلەمانیشیان نیە».
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» ئێمە لەگەڵ پرۆسەی دیموكراسین لەهەرێمی كوردستان، بۆیە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن وەك سیستمێكی دیموكراسی و مافی هاووڵاتیان پیادەبكرێت و لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت».