ئێران چاودێریی چالاکییەکانی ئەمریکاو سعودیە دەکات لەکوردستان

ئاژانسێکی ئێرانی: ئەمریکا فڕۆکەخانەیەکی سەربازی لەکوردستان کردۆتەوە تەنها ٤٠ کیلۆمەتر لەئێرانەوە دوورە.

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

میدیا فەرمیەکانی ئێران نیگەرانی دەردەبڕن لەکردنەوەی فڕۆکەخانەی سەربازی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان و هەروەها دیاریکردنی کونسوڵی نوێی ئەمریکا لەهەولێر کە شارەزای کاروباری ئێرانە. هەروەها نیگەرانی دەردەبڕن لەسەردانی شاندە سیاسی و بازرگانیەکانی سعودیە بۆ هەرێمی کوردستان و بە هەوڵی زیادکردنی هەژموونی ئەو وڵاتە ناوی دەبەن.

چەند میدیایەکی فەرمی باس لەوەدەکەن کەچالاکی و جموجۆڵەکانی ئەمریکاو سعودیە لەهەرێمی کوردستان روو لەزیادبونە، ئەوەش  «پەیوەندی دۆستانەی» نێوان ئێران و هەرێم وێراندەکات.

ئاژانسی فەرمی «تسنیم» لەبابەتێکی دورودرێژدا بەناونیشانی «تێڕوانینێک لەسەر جموجۆڵەکانی ئەمریکاو سعودیە لەهەرێمی کوردستانی عێراق» باس لەوەدەکات کە ئێران پشت و پەنای کورد بووە لەکارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە.

هەروەها باس لەوەدەکات کە لەکارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە میدیای ئێران رۆڵی بەرچاوی هەبووە لەناساندنی دۆسیەکەو هەروەها ئەو وڵاتە چارەسەری بریندارەکانی کردوە لەکاتیکدا میدیای رۆژئاوا بیدەنگی هەڵبژاردوە لەسەر ئەو پرسە لەوکاتەدا. هەروەها رۆژئاواش تۆمەتبار دەکات بەپێدانی چەکی کیمیایی بە سەدام حسێن سەرۆکی پێشووی عێراق.

تەسنیم دەڵێت ئێران هەمیشە بەئیجابیەوە لەکوردی عێراقی روانیوەو دوو کونسوڵی خۆی لەهەولیرو سلێمانی کردۆتەوە، کە رۆڵیان هەبوە لە بەرەوپیشبردنی پەیوەندیەکانی نیوان هەردولا.

هەروەها باسی ئەوەدەکات کاتێک داعش نزیکی هەولێر بۆتەوە، ئێران هاوکاری کوردی کردوە لەو مەترسیانە پاراستویەتی، هەروەها دەڵێت مەسعود بارزانی خۆی ئەمەی راگەیاندوە. دەشڵێت ئێران و زۆربەی بەرپرسانی کورد شانازی بەو پەیوەندیانە دەکەن کە لەمێژەوە لەنیوان هەردولا هەیە، بەڵام ئەمریکاو سعودیە « هەوڵی وێرانکردنی دەدەن».

لەبەشیکی تری راپۆرتەکەدا تەسنیم باس لەکردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەکات لەهەولێر لەگەڵ کردنەوەی فرۆکەخانەیەکی سەربازی ئەمریکا لەهەریر، کە دەڵێت ئەو فرۆکەخانەیە تەنها ٤٠ کیلۆمەتر لەئێرانەوە دوورە. ئەمەش بە «سیخوڕیکرن» دژ بە ئێران ناودەبات.

لەبەشێکی تری راپۆرتەکەدا تەسنیم دیاریکردنی کەسێکی شارەزا لە کاروباری ئێران بەکونسوڵی هەولیر بەفشاری ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەزانیت.

تەسنیم لەبەشێکی تری راپۆرتەکەدا دەڵێت دوای ئەمریکا سعودیە کوردستان بەکاردێنێت وەکو ئامرازێکی بازرگانی بۆ فراوانکردنی هەژمونی خۆی لەناوچەکە.

هەروەها دەڵێت عەرەبستانی سعودی هەولێری بەکارهێناوە وەکو سەنتەرێک بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی لەئاوەدانکردنەوەی موسڵدا.

هەروەها ئاژانسی فارس نیوزی فەرمی کەنزیکە لەسوپای پاسدارانی ئێران، دەستبەکاربوونی ستیڤن فاگن لەهەولێر بە نانەوەی «پشێوی» ناودەبات لەسنووری ڕۆژئاوای ئێران. هەروەها دەڵێت کە ئەمەریکا پلانی ئەوەی هەیە نەیارە کوردەکانی ئێران چالاک بکاتەوە کە دژی ئێرانن، ئەمەش دوای ئەوە دێت مستەفا هیجری سکرتیری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران چاوی بە ڤاگن کەوت.

لەگەڵ ئابڵۆقەی ئابوری ئەمریکا بۆ سەر ئێران و چڕکردنەوەی هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ کەمکردنەوەی هەژمونی ئێران لە ناوچەکە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە لەچەند بەرەیەکی جیاوازەوە هەوڵی لاوازکردنی ئێران دەدات وەک هێزێکی کاریگەر لەناوچەکە؛ هەرێمی کوردستانیش بێبەری نیە لەپلانەکەی ئەمریکا بۆ لێدان لەئێران، لە ئێستادا ستیڤن فاگن وەک کونسوڵی گشتی ئەمریکا دەستنیشانکراوە لەهەولێر و باکگراوندی ئەم کونسوڵە وەک پسپۆڕێکی کاروباری ئێران بۆتە جێی پرسیارو ئەمەش لایەنە ئێرانیەکانی نیگەران کردوە.

ستیڤن فاگن کە پێشتر بەڕێوەبەری نوسینگەی کاروباری ئێران بوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێستا لەجێگای کێن گرۆسی کونسوڵی پێشوو دانراوە لەکونسوڵگەری ئەمریکا لەهەولێر. لەڕاپۆرتێکی مەڵپەڕی ‹ئەل مۆنیتۆر›دا هاتوە کەپێدەچێت دانانی کونسوڵە نوێیەکە بەشێک بێت لەپلانەکانی مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لەناوچەکە. ئەمە لە وتەکانی مایک پۆمپیۆدا ڕەنگدانەوەی هەیە کە لە نامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دارایی ئەمریکا کە بۆ یەکێتی ئەوروپایان ناردبوو دەڵێت «دەمانەوێت فشاری ئابوری سەخت بخەینە سەر ئێران بە شێوەیەک کە پێشتر ئەزمونیان نەکردبێت تا وا لەئێران دەکەین گۆڕانکاری دیارو بەرچاوو درێژخایەن بکەن لە سیاسەتکردنیاندا.»

لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دووشەممە کونسوڵە نوێکەی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان لەبەردەم ئاڵای ئەمریکا و عێراق و کوردستاندا خۆشحاڵی خۆی بە دەستبەکاربونی ڕاگەیاند و وتی «بەجۆشەوە چاوەڕوانم بۆ لەنزیکەوە ئاشنابون بە خەڵکی کوردستان و کلتورو مێژووە فرە دەوڵەمەندەکەی، ئەمریکا و هەرێمی کوردستان پابەندبونێکی درێژخایەنیان پێکەوە هەیەو هەوڵەکانی من بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی ئەمریکا و خەڵکی کوردستان دەبێت.»

ئابڵۆقە ئابوریەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەمانگی پێنجی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد دوای ئەوەی ئەمریکا لەڕێککەوتننامەی ئەتۆمی کشایەوە بە هۆکاری ئەوەی ئێران پابەند نەبوە بەڕێکەوتنەکە، ئابڵوقەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران مافی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی سنوردارکردوەو هاوکات بەڕێنەدانی ئێران بە مامەڵەکردن بە دراوی دۆلاری ئەمریکیەوە وایکردوە ئێران نەتوانێت مامەڵەی بازرگانی نێودەوڵەتی بکات و پارەی کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان بدات کە لەو وڵاتە کاردەکەن، تا ئێستاش زۆرێک لەکۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان ئێرانیان جێهێشتوە و دراوی تمەنی ئێرانی تا دێت لەدابەزیندایە.

لەڕاپۆرتەکەی ئەلمۆنیتۆردا هاتوە کە وەک بەڕێوەبەری نوسینگەی کاروباری ئێران (کە ئۆفیسی لەچەندین وڵاتی جیهاندا هەیە)، کونسوڵە نوێیەکە بەرپرس بوە لەپەرەپێدان و رێکخستن و جێبەجێکردنی ئەجێندای ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران. بەپێی ڕاپۆرتەکە «کارکردنی ستیڤن فایگن لە کوردستانی عێراق گرنگی هەیە بەهۆی هەبونی بارەگای هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکان لەوێ کەدژی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەجەنگن.»

هاوکات فایگن پەیوەندی بە هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی ئێرانەوە کردوەو مانگی پێشوو لەگەڵ مستەفا هیجری سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئێران کۆبوەوە، هیجری لە ١١/٦ لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بانگهێشتی ئەمریکا کراو لەوێ هەفتەیەک مایەوە. کۆبونەوەکە بە یەکەم کۆبونەوەی بەڕێوەبەری نوسینگەی کاروباری ئێران و سەرۆکێکی پارتی دیموکراتی ئێران لەقەڵەمدراو دوابەدوای کۆبونەوەکەش پێشمەرگەکانی پارتی دیموکرات هێرشێکی بەرفراوانیان ئەنجامدا لەهەشتی تەمموزدا لەڕۆژئاوای ئێران و بەوتەی خۆیان نۆ سەربازی پاسداری ئێرانیان کوشتوە.

ئەم هەوڵەی ئەمریکا بۆ نزیکبونەوە لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و دانانی کونسوڵێکی ئێرانناس لە هەرێمی کوردستان حکومەتی ئێرانی دڵگران کردوە.

هاوکات هەفتەی ڕابردوو شاندێکی عەرەبستانی سعودی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی حکومەت کۆبونەوە. بەپێی بڵاوکراوەیەکی مەڵپەڕی ئەنجومەنی وەزیران شاندە سعودیەکە لەسەرۆکی ژوری بازرگانی شانشینی سعودیەو باڵیۆزی سعودیە لەعێراق و کونسوڵی گشتیی سعودیە لەهەرێمی کوردستان پێکهاتبون.

بەپێی بڵاوکراوەکە هەردوو لایەن باسیان لەپەرەپێدانی پەیوەندی ئابوری و بازرگانی کردوەو جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە «دەکرێت هەرێمی کوردستان وەک هەنگاوی یەکەم و وەک ناوەندێک بۆ دەستپێکردنی چالاکیی بازرگانی و ئابوری و کارو وەبەرهێنان لە هەموو عێراق بەکاربهێندرێت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار