مەسرور بارزانی: دەبێت عەتا سەراوی باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "کەسێک بەناوی عەتاوی سەراوی کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە لە چاوپێکەوتنێکدا "بە شێوازێکی ناڕێک و ئاست نزم، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و قسەی هەڵبەستراوی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبێ لە بەردەم دادگادا، باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات."، عەتا سەراوی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە چاوپێكەوتنێكیدا رایگەیاندبوو، "بە فەرمانی مەسرور بارزانی ژەهرخواردكراوم و كە بە كەسێكی تر جێبەجێیكردووە".
لە چاوپێکەوتنێکدا عەتا سەراوی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، ئەمرۆ چوارشەممە وتیشی، " تاجرەکان دەرمانی ژەهراوی دەهێنن، پارتی و یەکێتین، جۆری ئەو ژەهرەی لە ڕابردوو درا بە من زەربیخ بوو". ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەوەی بەرپرسی ژەهرخواردنکردنی ئێمە بووە ئاشکرابێت بەخۆم رۆحی دەکێشم".
هاوکات، ئێوارەی ئەمرۆ نوسینگەی مەسرور بارزانی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر قسەکانی سەراوی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەند ئەو کابرایە، خۆی ماوەیەک لە مەوبەر بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە لە لایەن هاوسەرۆکێکی پێشووی یەکێتی، هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە، کەچی دەیەوێت بەو تۆمەتانە، بابەتی ژەهردەرخوارددانی سەرکردەکانی حیزبەکەی، لە بیر خەڵک بباتەوە"
دەقی ڕوونکردنەوەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کەسێک بەناوی عەتاوی سەراوی کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە، لە چاوپێکەوتنێکدا بە شێوازێکی ناڕێک و ئاست نزم ، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و قسەی هەڵبەستراوی ئاراستەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، هەرچەند ئەو کابرایە، خۆی ماوەیەک لە مەوبەر بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە لە لایەن هاوسەرۆکێکی پێشووی یەکێتی، هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە، کەچی دەیەوێت بەو تۆمەتانە، بابەتی ژەهردەرخوارددانی سەرکردەکانی حیزبەکەی، لە بیر خەڵک بباتەوە، بۆیە لە بەرامبەر تۆمەتە بێ بنەماکانی، ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر و دەبێ لە بەردەم دادگادا، باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
3 ی نۆڤێمبەری 2021

