مالکی نایەوێت سەدر تامی سەرکەوتن بکات
دۆخی سیاسیی عێراق چاوەڕوانی دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەو مالکی نایەوێت حکومەتی داهاتوو بچێتە ژێر عەباکەی سەدرەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەریەکە لە نوری مالکی سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا و موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر کێبڕکێیانە بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەتی عێراق لەپشکی شیعەکان لەکاتێکدا هێشتا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رانەگەیەنراوە.
مالکی لەهەوڵدایە بەرەیەکی فراوان لەبەرەکەی سەدر پێکبهێنێت بۆ پێکانی ئامانجەکەی، هاوکات موقتەدا سەدر جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەلایەوە گرنگە ئەنجوومەنی نوێنەران دوو بەرەی تێدابێت کە یەکەمیان پاڵپشتی لەحکومەت بکات و دووەمیش بەرەی ئۆپۆزسیۆن بێت بۆ چاودێریکردنی حکومەت.
لەساڵی ٢٠٠٥وە حەوت حکومەت لەعێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی لەنێوان سوننە، شیعەو کورد پێکھێنراون و پۆستی سەرۆکوەزیران بەر شیعەکان کەوتووە.
بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لەکۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە.
مالکی نایەوێت سەدر تامی سەرکەوتنەکەی بکات
نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ژمارەی كورسییەكانی ئەو بەرەیەی لەگەڵ چەند لایەنێكدا پێكیهێناوە، زیاترە لەژمارەی كورسییەكانی رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر.
دوای هەڵبژاردنەكەی 10ی مانگی رابردوو، نوری مالكی و هادی عامری و عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی و چەند كەسایەتییەكی دیكەی شیعەكان، بەرەیەكیان پێكهێنا بەمەبەستی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن و پێكهێنانی حكومەت. سەدر ٧٣ کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام مالکی دەیەوێت بەهاوپەیمانێتیەک کە لەسەروی ٩٠ کورسیەوە بێت پێش سەدر بکەوێت.
یەكشەممەی رابردوو نوری مالكی لەبارەی دوایین هەوڵەكانی ئەو بەرەیە بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین پەرلەمانتار لەخۆی رایگەیاند، رووبەرێكی تر هەیە لەدەرەوەی رووبەری بەرەكەیان كە پەرلەمانتارە سەربەخۆكانن، ئەوانیش چوونەتە پاڵیان و بەوەش ژمارەی كورسییەكانیان زیاتربوون.
وتیشی، «بەردەوامین لە پەیوەندیكردن بەسەركردەی لایەنە سیاسییەكانەوەو بەوەش دەتوانین بەسەر رەوتی سەدردا سەربكەوین».
سەرۆكی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكرد كە «مەرج نییە گەورەترین فراكسیۆن تەنها شیعەكان پێكیبهێنن، بەڵكو هێزە نیشتمانپەروەرەكانی كوردو سوننە و شیعە كە لەنێو خۆیاندا یەكڕیزن، كۆدەبنەوە و یەكدەگرن و لەو ئاسۆ نیشتمانییەدا ئێمە ئامادەگییەكی گەورەترمان هەیە».
پێشتر هیشام ركابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نوری مالكی راگەیاندبوو، زیاتر لە 73 پەرلەمانتاریان لەچێوەی بەرەكەیاندا كۆكردووەتەوەو هەوڵەكانیشیان بەردەوامن لەپێناو زیاتركردنی ژمارەكە. ئەوەش وەکو ئامەژەیەک بەوەی پێش سەدر دەکەون.
بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالكی سەرۆكایەتی دەكات، 37 كورسی بەدەستهێناوە، لەكاتێكدا رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر 73 كورسی هەیە، بەڵام مالكی و لایەنە شیعییەكانی تر پێكەوە بەرەیەكیان پێكهێناوە بەمەبەستی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.
بەپرسانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێن، بەرەكەیان كاردەكات بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتیی بەهێز كە توانای پێكهێنانی حكومەت و جێبەجێكردنی كارنامە نیشتمانییەكەی و پاراستنی حكومەتی لەگێچەڵپێكردن هەبێت. ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بەوەی کە دەتوانن پێش موقتەدا سەدر بکەون.
سەدر: دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەدوو بەرە پێکبێت
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکاتەوەو رایدەگەیەنێت، دەبێ ئەنجومەنی نوێنەران لەدوو بەرە پێکبێت. ئەوانیش دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بن.
لەتویتێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند «دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران لەدوو بەرە پێکبێت، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، ئێمە لاریمان نییە بۆ خزمەتی نیشتیمان لەهەر بەرەکیان بین».
وتیشی «هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا نییە، جگە لەبابەتی چاکسازی و جیاوازی لەنێوان ملکەچبوونی دەرەکی و نیشتمانیبوون».
لەهەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021، بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەوتی سەدر، 73 کورسی بەدەستهێنا.
لایەنە شیعەکانی نزیک لەئێران لە بەرەی دژە سەدرن لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگی کەمیان بەدەستهێناوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆمەتباردەکەن بەئەنجامدانی ساختەکاری لەدژی ئەوان.
كۆمیسیۆن: هیچ ساختەکارییەک نەکراوە
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پرۆسەی بەدەست هەژمارکردنەوەی بۆ 14 ھەزارو 621 وێستگە تەواوکردووەو دڵنیایی دەدات لەوەی هیچ گۆڕانکاریی و ساختەکارییەک نەبووەو ئەنجامەكان لەگەڵ راپۆرتی ئەلیکترۆنی ھاوتان.
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق لهمبارهیهوه رایگهیاند، بەدەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان رێکارێکی پێویستە، بەڵام بەو مەرجەی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە «خیانەتکارانی ئەلیکترۆنی» نەسپێردرێت.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئهمه رایگهیاند، لە 14 هەزار وێستگە دەنگەكان بەدەست هەژمارکراونەتەوەو ئەنجامەکانیان هەمان ئەو ئەنجامانەبووە، کەپێشتر کۆمسیۆن بڵاویكردهوه.
راشیگهیاند، هیچ ساختەکارییەک لەبەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن نەکراوە.
عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، بەئامادەبوونی چاودێرانی ناوخۆیی، نوێنەرانی حزبەکان و چاودێرانی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆمسیۆن تاوەکو ئێستا پرۆسەی بەدەست هەژمارکردنەوەی بۆ 14 ھەزار و 621 وێستگە کردووە، کە دەکاتە لەسەدا 25ی کۆی وێستەگەکان، بەڵام هیچ گۆڕانکاریی و ساختەکارییەک نەبووە و ئەنجامەكان ھاوتان.
ئەو لایەنانەی شیعەی عێراق، کە لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی دەنگی پێویستیان نەهێناوە، بۆ هەفتەی دووەم لەسەریەک لەخۆپیشاندان دژ بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەردەوامن.
لەبارەی بەدەست هەژمارکردنەوەی دەنگەکان چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، سەرلەبەری رێکارەکانی کۆمسیۆن بۆ هەژمارکردنەوەی دەنگەکان رەتدەکەنەوە و داوا لەدەستەی دادوەری دەکەن، چاو بەتەواوی تانەکاندا بخشێنێتەوە، کە لەسەر ئەنجامەکان پێشکەشکراون، هەروەها جەختدەکاتەوە، دەبێت دەنگی تەواوی وێستگەکانی دەنگدان بەدەست هەژماربکرێنەوە.
لەلایەکی دیکەوە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدری، کە رەوتەکەی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە هۆشداری لەدەستتێوەردانی وڵاتان لەئەنجامەکانی هەڵبژاردن داوەو رایگەیاند «هەواڵی ئەوەمان پێگەیشتووە، هەندێک وڵات دەستتێوەردان لەکاروباری ناوخۆی عێراق دەکەن و گوشاردەخەنە سەر لایەنەکان لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان».
لایەنگرانی حەشدی شەعبی مەترسی دەخەنە سەر ناوچەی سەوز
کاندیدە دەرنەچووەکان سکاڵایان لەسەر 1434 وێستگەی دەنگدان تۆمار کردووە و ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆمسیۆنیش تەنها 68 سکاڵای پەسەندکردووە.
ماوەی پێنج رۆژە وێستگە تانەلێدراوەکان بەدەست دەنگەکانی دەژمێردرێتەوە، تا ئێستاش وێستگەکانی 10 پاێزگا تەواو بووە، کە لە نێوانیاندا 28 وێستگەی هەولێرو 87 وێستگەی کەرکووک ئەنجامەکانی 100٪ هاوتای ئەنجامی ئەلیکترۆنی بوون.
بەرپرسانی کۆمسیۆن دەڵێن کە ئامێرەکە دەنگە راستەکان هەژمار دەکات و ئەگەر کەسێک دەنگی بەدوو کاندید دابێت، یان بەقەڵەم جاف خەتی لێدابێت هەموویان پوچەڵ دەکاتەوە.
گوشارەکانی سەر کۆمسیۆن تادێت چڕ دەبێتەوە، بەرەی ناڕازی شیعەکان لایەنگرانی خۆیان و حەشدی شەعبیان بردووەتە بەردەم دوو دەرگای ناوچەی سەوزو ماوەی 12 رۆژە مانگرتنیان راگەیاندووە، ئەمەش مەترسی ئەمنی بۆ سەر عێراق بەگشتی و بەغدا دروستکردووە.
لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا چەند گولـله هاوەنێک ئاراستەی ئەو ناوەندەکرا، لەناوچەی سەوز کە پڕۆسەی بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکانی تێدا ئەنجامدەدرێت، بەڵام لەدەرەوەی ناوچەی سەوز کەوتنە خوارەوە.
عەبدولخالق تەڵعەت، سەرپەرشتیاری لیژنەی ئەمنی پاراستنی ناوەندی تایبەت بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکان لەکۆمسیۆن دەڵێت «هێزێکی زۆر لەناوچەی سەوز بەتایبەتی لەو ناوەندەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی لێ دەژمێردرێنەوە بڵاوەی پێکراوە، ئێمە وەکو فەرماندەی هاوبەشی عێراق سەرپەرشتیاری ئەو هێزە دەکەین».
وتیشی «گوشاری زۆر لە سەر ناوچەکە هەیە، بەڵام تائێستا پڕۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت».
هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو، پەسەندکردنی ئەنجامەکانی تادوای تەواوبوونی سکاڵاکان و بەدوادچوونەکان چەند هەفتەیەکی پێدەچێت، ئەمەش لەکاتێکدایە دەیان حزبی بەشدارو کاندیدی دەرنەچووی شیعەکان لەبەغداو شارەکانی خوارووی عێراق رژاونەتە سەر شەقامەکان.