وەزارەتی دارایی: بەهەمیشەی کردنی فەرمانبەران مانگانە زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراندن و بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ساڵانە 33 ملیار و 661 ملیۆن دینار بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە.
بەپێی نووسراوی ژمارە 4367ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە رۆژی 27-9-2021 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجەوە ئامادەکراوە و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە کۆی ئەو پارەیەی مانگانە بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست لەهەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت مانگانە بریتییە لە 10 ملیار و 320 ملیۆن و 725 هەزار دینار، لەکاتێکدا ئەگەر بکرێن بەهەمیشەیی ئەوا مووچە و دەرماڵەی شایستەی مانگانەیان بریتییە لە بڕی 7 ملیار و 525 ملیۆن و 623 هەزارو 350 دینار، بەو پێیە ئەگەر ئەو فەرمانبەرانە دابمەزرێندرێن، مانگانە 2 ملیار و 805 ملیۆن و 101 هەزار و 650 دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆچوونی خۆشی لەبارەی فەرمانبەرانی گرێبەستەوە بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: "سەبارەت بە رای وەزارەتمان بەو تەرخانکراوەی کە ئێستا مووچەی گرێبەستی لێوەردەگرن دەتوانرێت بکرێن بەهەمیشەیی و هیچ بارگرانییەکی دارایی نەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتمان".

