ئەمریکا: چین پێگە ئەتۆمیەكانی فراواندەكات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگه‌یاند:" چین زۆر بە خێرایی سەرقاڵی فراوانکردنی پێگە ئەتۆمییەکەیەتی، دەتوانێت تاوەکو ساڵی 2030 ببێتە خاوەنی 1000 کڵاوەی ئەتۆمی، هاوکات دەتوانێت ئەو کڵاوە ئەتۆمییانە لە رێگەی وشکانی، دەریایی و ئاسمان تاقیبکاتەوە.

​ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4ی تشرینی دووه‌می 2021، پێنتاگۆن لە راپۆرتێکی ساڵانەیدا ئاماژەی بە توانا سەربازییەکانی چین داوە، دەڵێت، پەلەکردن بۆ فراوانکردنی پێگەی ئەتۆمیی چین وادەکات وڵاتەکە تاوەکو 2027 ببێتە خاوەنی 700 کڵاوەی ئەتۆمی، تاوەکو ساڵی 2030یش دەتوانێت 300 کڵاوەی دیکە زیادبکات.

لە راپۆرتی پێشتریدا، کە خرایە بەردەم کۆنگرێس و لە یەکی ئەیلوولی 2020 بڵاوکرایەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند چین ئێستا 200 کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، راشیگەیاند لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا ئەو ژمارەیە دوو هێندەی لیدێت.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات چین دەستیکردووە بە فراوانکردنی پلاتفۆرمە دەریایی، وشکانی و ئاسمانییەکانی بۆ هاوێشتنی چەکە ئەتۆمیەکانی، هاوکات سەرقاڵی بونیادنانی پێداویستییەکانی ئەو پلاتفۆرمانەیە.

راپۆرتەکە ئەوەش دەڵێت کە چین دەستیکردووە بە دروستکردنی لانیکەم سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی مووشەکی کیشوەربڕ.

توانا ئەتۆمییەکانی چین هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستی هیچ کام لەوانەی ئەمریکا و رووسیا، کە بە هەردووکیان پشکی شێریان لە کۆی چەکە ئەتۆمییەکان بەردەکەوێت کە بەجیهاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەمریکا بەتەنیا 3750 کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار