پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەکات لێکۆڵینەوە لەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بکرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

دەستەی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا داوا دەکات لێژنەیەکی نێودەوڵەتی پێکبهێندرێت بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستان.

​ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4ی تشرینی دووه‌می 2021، هەریەک لە ئەندامانی دەستەی دۆستایەتی کورد فرانسوا ئەلفۆنسی (پارتی سەوز/ ئیفا، فەرەنسا)، ئەندریاس شیدەر (ئێس دی، نەمسا)، نیکۆلاج ویلیامسۆن (چەپ، دانیمارک) لە پەرلەمانی ئەوروپا داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتیان لەسەر ئەو چەکە کیمیاییانە کرد، کە دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان بەکاریان دەهێنێت.

ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا لە راگەیاندنێکی هاوبەشیاندا ڕایانگەیاند: “لە کوردستانی عێراق (باشوور) سەدان پەرلەمانتار، ڕۆژنامەنووس، ڕۆشنبیر، چالاکوانی مافی ژنان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان هۆشداری دەدەن، کە دەوڵەتی تورک لە کاتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیدا لەسەر خاکی عێراق چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت”.

ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا داوا لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW)  و نوسینگەی کاروباری چەکداماڵینی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن لێکۆڵینەوەیەک لەوبارەیەوە دەستپێبکەن و کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ لەو پێناوەدا دابمەزرێنن.

راشیانگەیاندووە، “تورکیا لە سوریا (رۆژئاوا) و عێراق (باشوور) لە ناوچە کوردییەکاندا سیاسەتی هێرشبەرانەى زیاتر کردووە و ماف و یاسا نێونەتەوەییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامە بۆ دانراو پێشێل دەکات”.

بە وتەی ئەندامانی دەستەی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا، ئەگەر دەستێوەردانێکی بەهێز و دەستبەجێ ئەنجام نەدرێت، تورکیا لە ئەنجامدانی ئەو کردەوە دژە  ئاشتی و دژە مرۆڤایەتیانەدا بوێری کردەوەی دیکەی هاوشێوەی دەبێت.

دەستەى دۆستایەتیی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا پشتیوانی لەو بانگەوازەش دەکات، کە دەیەوێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەستبەجێ دەستبەکار بن و شاندێکیش بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەى ناوچەکە و شوێنی بەکارهێنانی چەکە کیمیاوییەکان بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار